عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لە شاخی سینا 
1
دوای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل میسریان بەجێهێشت، ڕێک لە سەرەتای مانگی سێیەمدا گەیشتنە چۆڵەوانی سینا.
2
لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە چۆڵەوانی سینا و لەوێ لەبەردەم کێوەکە لایاندا.
3
موساش سەرکەوت بۆ لای خودا، یەزدان لە کێوەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «ئاوا بە بنەماڵەی یاقوب دەڵێیت و ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل ڕادەگەیەنیت:
4
”خۆتان ئەوەتان بینی کە بە میسرییەکانم کرد، ئێوەشم لەسەر باڵی هەڵۆکان هەڵگرت و ئێوەم بۆ لای خۆم هێنا.
5
ئێستاش ئەگەر ئێوە بە تەواوی گوێم لێ بگرن و پەیمانەکەم بپارێزن، ئەوا گەنجینەیەکی تایبەت دەبن بۆ من لەنێو هەموو گەلان. هەرچەندە هەموو زەوی هی منە،
6
بەڵام ئێوە بۆم دەبنە پاشایەتی کاهینان و نەتەوەیەکی پیرۆز.“ ئەمانە ئەو وشانەن کە بە نەوەی ئیسرائیلی دەڵێیت.»
7
موساش هات و هەموو پیرانی گەلی بانگکرد و هەموو ئەو وشانەی لەبەردەمیان دانا کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو.
8
هەموو گەلیش پێکەوە وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش قسەکانی گەلی بۆ یەزدان گێڕایەوە.
9
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند.
10
هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و
11
ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا.
12
بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، نە نزیک کێوەکە بکەونەوە، نە دەست لە بنارەکەی بدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت.
13
ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا[a] ، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.»
14
موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت.
15
بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»
16
ئەوە بوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێیەم، بووە هەورەتریشقە و بروسک و تەمێکی چڕ لەسەر کێوەکە، دەنگی کەڕەنا زۆر بەرزبووەوە، هەموو گەل ئەوانەی لە ئۆردوگاکە بوون کەوتنە لەرزین.
17
ئینجا موسا گەلی لە ئۆردوگاکەوە دەرهێنا بۆ دیداری خودا، جا لە بناری کێوەکە ڕاوەستان.
18
هەموو شاخی سیناش دووکەڵی دەکرد لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگرەوە هاتە خوارەوە بۆ سەری و دووکەڵیش وەک دووکەڵی کوورە بەرزبووەوە و هەموو کێوەکەش بە توندی لەرزی.
19
دەنگی کەڕەناش جار لەدوای جار بەرزتر دەبوو. موسا دەدوا و خوداش بە دەنگ وەڵامی دەدایەوە.
20
یەزدان هاتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا و موسای بۆ سەر کێوەکە بانگکرد. موساش سەرکەوت.
21
یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە و گەل ئاگادار بکەرەوە، نەوەک پێشێلی بکەن بۆ بینینی یەزدان و زۆریان لەناوبچن.
22
هەروەها ئەو کاهینانەش کە لە یەزدان نزیک دەبنەوە، با خۆیان تەرخان بکەن، نەوەک یەزدان بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»
23
موساش بە یەزدانی گوت: «گەل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سەربکەوێت، چونکە تۆ ئاگادارت کردینەوە و فەرمووت: ”سنوور بۆ کێو دابنێ و تەرخانی بکە.“»
24
یەزدانیش پێی فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، پاشان لەگەڵ هارون سەربکەوە، بەڵام با کاهینەکان و گەل هەوڵی سەرکەوتن نەدەن بۆ لای یەزدان، نەوەک بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»
25
ئیتر موسا بۆ لای گەل چووە خوارەوە و پێی گوتن.
  1. a. 19‏:13 کەڕەنا لە شاخی بەران دروستکراوە، شێوازی لێدانی بە دەنگێکی بەهێز و بەردەوامە بە واتای نیشانەی نزیکبوونەوەیە لە کێوەکە.‏