عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام
 - 1
 - ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت.
 - 2
 - بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو.
 - 3
 - کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.
 - 4
 - یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.» - 5
 - پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»
گوتیان: «دەیناسین.» - 6
 - ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»
گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچیەتی کە مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.» - 7
 - گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»
 - 8
 - ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»
 - 9
 - هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو.
 - 10
 - کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، چووە پێشەوە و بەردی سەر بیرەکەی تل دا و مەڕەکانی ئاو دا.
 - 11
 - یاقوب ڕاحێلی ماچ کرد و دەنگی بەرز کردەوە و گریا.
 - 12
 - ئیتر یاقوب بە ڕاحێلی گوت کە ئەو خزمی باوکیەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.
 - 13
 - هەرکە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. ئینجا یاقوب باسی هەموو ئەو شتانەی بۆ لابان کرد کە ڕوویان دابوو.
 - 14
 - لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»
لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، - هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل
 - 15
 - لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر دەبێت بەخۆڕایی کارم بۆ بکەیت؟ پێم بڵێ دەبێت کرێیەکەت چی بێت؟»
 - 16
 - لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو.
 - 17
 - چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو.
 - 18
 - یاقوب کە ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکت.»
 - 19
 - لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.»
 - 20
 - ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو.
 - 21
 - ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەکەم تەواو کرد، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»
 - 22
 - لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد.
 - 23
 - بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش سەرجێیی لەگەڵی کرد.
 - 24
 - هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.
 - 25
 - کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»
 - 26
 - لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە کە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین.
 - 27
 - هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کارکردن دەدەینێ.»
 - 28
 - یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی.
 - 29
 - هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی.
 - 30
 - یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش سەرجێیی کرد، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد.
 - منداڵەکانی یاقوب
 - 31
 - کاتێک یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، توانای منداڵبوونی پێ بەخشی، بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو.
 - 32
 - لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن[a] ، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»
 - 33
 - دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو و گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم، بۆیە ئەمەشی پێدام.» ناوی لێنا شیمۆن[b] .
 - 34
 - جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی[c] .
 - 35
 - دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا[d] . ئیتر لە سککردن وەستا.
 
- a. 29:32 ڕەئوبێن لە دەربڕینی «ئەوەتا، کوڕێک!» لە زمانی عیبری نزیکە.
 - b. 29:33 شیمۆن بە واتای ئەوەی گوێ دەگرێت دێت.
 - c. 29:34 وشەی لێڤی لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (پەیوەست)ی عیبری نزیکە.
 - d. 29:35 وشەی یەهودا لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.
 

