عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێک سەبارەت بە بابل 
1
سروشێک[a] سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی:
2
لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن،
دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە،
دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە
بۆ ناو دەرگای میران.
3
من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد،
هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم،
ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم.
4
گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت،
وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر!
گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت،
وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە!
یەزدانی سوپاسالار
سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ!
5
لە خاکێکی دوورەوە دێن،
لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن،
یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی،
بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی.
6
واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان[b] نزیک بووەتەوە،
وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت.
7
لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن،
هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە.
8
ڕادەچڵەکێن،
ئازار و ژان دەیانگرێت،
وەک منداڵبوو دەتلێنەوە.
پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی،
ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە.
9
ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت،
سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە،
بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و
گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە.
10
ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی
ڕووناکییان دەرناخەن،
خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت،
مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
11
سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی،
بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان،
کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و
سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
12
مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و
ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر.
13
لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و
زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت،
لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و
لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.
14
وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و
وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە،
هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و
هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت.
15
ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و
ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت.
16
منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و
ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن.
17
ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم،
ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و
کەیفیان بە زێڕ نایەت.
18
کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن،
بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە،
دڵیان بە منداڵان ناسووتێت.
19
بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و
جوانی شانازی بابلییەکان
وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت،
کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت.
20
هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و
نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت،
عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات،
شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن.
21
بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن،
چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛
کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت،
تەگە لەوێ سەما دەکەن.
22
کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت،
چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی.
کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن،
ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.
  1. a. 13‏:1 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏
  2. b. 13‏:6 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏