عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەندەی یەزدان
 - 1
 - ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن،
ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن:
یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم،
لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم. - 2
 - دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ،
لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە،
منی کردە تیرێکی تیژکراو،
لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە. - 3
 - بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت،
ئیسرائیل، ئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆم دەردەخەم.» - 4
 - منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم،
لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت،
بەڵام دادم لەلای یەزدانە و
پاداشتم لای خودامە.» - 5
 - ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا،
بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی،
تاوەکو یاقوب بۆ لای ئەو بگەڕێنمەوە و
ئیسرائیلیش بخەمەوە پاڵ ئەو،
جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و
خوداشم دەبێتە هێزم، - 6
 - ئەو دەفەرموێت:
«ئەمە شتێکی کەمە بۆ تۆ کە بەندەی من بیت
بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و
بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست،
بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان
تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت[a] .» - 7
 - یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت:
بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە،
بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان:
«پاشایان دەبینن و هەڵدەستن،
میرانیش کڕنۆش دەبەن،
لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و
لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.» - گەڕانەوەی ئیسرائیل
 - 8
 - یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم،
جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل،
بۆ بوژاندنەوەی زەوی،
بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان، - 9
 - بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“
بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“
«لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن،
لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن. - 10
 - نە برسی دەبن و نە تینوو،
نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر،
چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و
بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات. - 11
 - هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و
ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە. - 12
 - ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و
ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و
ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.» - 13
 - ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە،
ئەی زەوی، شادمان بە!
چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و
بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە. - 14
 - بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم!
پەروەردگار لەبیری کردم.» - 15
 - «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات،
یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟
تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات،
بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم. - 16
 - ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە،
هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن. - 17
 - کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە،
ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە. - 18
 - چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە!
هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.»
یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت،
وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە. - 19
 - «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و
خاکەکەشت ڕووخێنرا،
بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان،
لووشدەرانت دوور دەکەونەوە. - 20
 - ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت
کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن:
”ئەم جێیە تەنگە بۆمان،
جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“ - 21
 - لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
”کێ ئەمانەی بۆ من بوو
کە من سک سووتاو و نەزۆکم،
دوورخراوە و دەربەدەرم؟
ئەی کێ بەخێوی کردن؟
ئەوەتا من بە تەنها مابوومەوە،
ئەمانە لەکوێ بوون؟“» - 22
 - یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە،
بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە،
جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و
کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن. - 23
 - پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن،
شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ،
ڕوویان لە زەوی دەبێت،
کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە،
ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.» - 24
 - ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟
ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟ - 25
 - بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت،
دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت.
من دژایەتی دژەکانت دەکەم و
من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم. - 26
 - وا دەکەم ستەمکارانت گۆشتی خۆیان بخۆن و
وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش بن.
جا هەموو مرۆڤ دەزانێت
من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم،
ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.» 
- a. 49:6 بڕوانە لۆقا 2:29-32.
 

