عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاککردنەوەی کەسێکی بە زگماک نابینا 
1
کاتێک کە عیسا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو.
2
قوتابییەکانی لێیان پرسی و گوتیان: «ڕابی، کێ گوناهی کردووە، ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، وا بە زگماک نابینایە؟»
3
عیسا وەڵامی دایەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکیشی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا دەربکەوێت.
4
هەتا ڕۆژە لەسەرمانە کاری ئەوە بکەین کە ناردوومی، چونکە شەو دادێت و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات.
5
ئەوەندەی لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم.»
6
ئەمەی فەرموو و تفی لەسەر زەوی کرد، بە تفەکە قوڕی گرتەوە و چاوی پیاوەکەی پێ سواخ دا.
7
پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ،» (سیلوام واتا نێردراو). جا ڕۆیشت، خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە ماڵەوە.
8
ئینجا دراوسێ و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نییە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟»
9
هەندێک گوتیان: «خۆیەتی.»
هەندێکی دیکە گوتیان: «نەخێر، بەڵام لەو دەچێت.»
بەڵام ئەو پیداگریی دەکرد و دەیگوت: «من ئەوم.»
10
ئینجا لێیان پرسی: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟»
11
وەڵامی دایەوە: «پیاوێک پێی دەگوترێ عیسا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخ دا، پێی فەرمووم: ”بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ.“ منیش ڕۆیشتم، خۆمم شوشت و پاشان چاوەکانم بینییان.»
12
لێیان پرسی: «ئەو لەکوێیە؟»
گوتی: «نازانم.»
13
جا ئەوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان.
14
ئەو ڕۆژەی عیسا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەممە بوو.
15
لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بووەتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم و ئێستا دەبینم.»
16
هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە لە خوداوە نییە، چونکە شەممە ناپارێزێت.[a] »
بەڵام هەندێکی دیکە گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی بەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان.
17
دیسان لە نابیناکەیان پرسی: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێی، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟»
گوتی: «پێغەمبەرە.»
18
ڕابەرانی جولەکەکان باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، هەتا ئەوەی دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد.
19
لێیان پرسین: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟»
20
دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو.
21
بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، یان نازانین کێ چاوی چاک کردووەتەوە. لە خۆی بپرسن، ئەو گەورەیە و باسی خۆی دەکات.»
22
دایک و باوکی لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەمەیان گوت، چونکە تەگبیریان کردبوو هەرکەسێک دانبنێت کە عیسا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریدەکەن.
23
لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن.»
24
دیسان فەریسییەکان ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد و پێیان گوت: «سوێند بە خودا بخۆ کە ڕاستییەکە بڵێیت! دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە.»
25
کابرا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر ئەو گوناهبارە، نازانم، بەڵام یەک شت دەزانم، نابینا بووم و ئێستا دەبینم.»
26
لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟»
27
وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم. بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟»
28
جنێویان پێیدا و گوتیان: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موساین.
29
دەزانین خودا قسەی لەگەڵ موسا کرد، بەڵام نازانین ئەمە لەکوێوە هاتووە.»
30
کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش نازانن ئەو لەکوێوە هاتووە.
31
ئێمە دەزانین خودا گوێ لە گوناهباران ناگرێت، بەڵام ئەگەر یەکێک لەخواترس بێت و خواستی خودا پەیڕەو بکات، ئەوا گوێی لێ دەگرێت.
32
هەرگیز نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای چاک کردبێتەوە.
33
ئەگەر ئەم کەسە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ بکات.»
34
پێیان گوت: «تۆ بە تەواوی لە گوناه لەدایک بوویت. تۆ فێرمان دەکەیت؟» جا دەریانکردە دەرەوە[b] .
35
عیسا بیستی دەریانکردووە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە کوڕی مرۆڤ دەکەیت؟»
36
کابرا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەو کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟»
37
عیسا پێی فەرموو: «تۆ ئەوت بینیوە، ئەو هەمان ئەو کەسەیە کە ئێستا قسەت لەگەڵ دەکات.»
38
ئەویش گوتی: «گەورەم، باوەڕ دەکەم.» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.
39
عیسا فەرمووی: «بۆ حوکمدان هاتوومەتە ئەم جیهانە، تاکو ئەوانەی نابینان ببینن و ئەوانەی دەبینن کوێر بن.»
40
هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو، لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟»
41
عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر ئێوە کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێستا ئێوە دەڵێن: ”دەبینین،“ لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە.»
  1. a. 9‏:16 بەگوێرەی ڕاسپاردەی تەوراتی موسا نابێت لە ڕۆژی شەممە هیچ کارێک بکرێت، جولەکە زۆر بە توندی پەیڕەویان دەکرد. بڕوانە دەرچوون 20‏:8‏-11.‏‏
  2. b. 9‏:34 دەرکردن لە کەنیشت و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو جولەکەیەک.‏