عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بەگوێرەی ئاسکی بەرەبەیان. زەبوورێکی داود. 
1
خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟
2
ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە،
بە شەویش ئارامیم نییە.
3
لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت،
لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.
4
باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست،
پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن.
5
هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن،
پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون.
6
بەڵام من سەگم[a] نەک مرۆڤ،
مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک.
7
هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن،
توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن:
8
«پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات.
با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە.»
9
بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام،
کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم.
10
من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم،
لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی.
11
لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و
کەس نییە یارمەتیم بدات.
12
گای زۆر دەوریان داوم،
گایە بەهێزەکانی باشان[b] ئابڵوقەیان داوم.
13
وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ،
ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە.
14
وەک ئاو ڕژام،
هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە.
دڵم بووە بە مۆم،
لە ناخمدا تواوەتەوە.
15
هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە،
زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە،
منت خستە ناو خاکی مەرگ.
16
سەگ دەوریان داوم،
تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم،
دەست و پێیان کون کردووم.
17
هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم،
ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە.
18
جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن،
تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن.
19
بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە،
ئەی هێزی من، زوو بگە فریام.
20
ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە،
ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ.
21
لە دەمی شێر ڕزگارم بکە،
لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە.
22
ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم،
لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم.
23
ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن!
ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن!
ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن!
24
لەبەر ئەوەی بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات،
ڕووی لێ وەرناگێڕێت،
بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.
25
لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
نەزرەکانم[c] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26
هەژارەکان دەخۆن[d] و تێر دەبن،
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.
27
سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28
چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.
29
هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30
نەوەکان دەیپەرستن،
باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31
ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
چونکە ئەم کارەی[e] کردووە.
  1. a. 22‏:6 عیبری: کرمێک.‏
  2. b. 22‏:12 شوێنێک بووە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون و لەوەڕگایەکی بەناوبانگ بووە بۆ گا.‏
  3. c. 22‏:25 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک، کارەکە پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەوە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدرێت کە پێیەوە پابەند کراوە. بڕوانە سەرژمێری 2‏:21‏‏.‏
  4. d. 22‏:26 لەدوای بەجێهێنانی نەزر قوربانی هاوبەشی دەکرێت و هەژاران لەو قوربانییە دەخۆن.‏
  5. e. 22‏:31 مەبەستی لە کارەکانی خودایە لەناو ئەم دەقە.‏