عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نموونەی مەڕە ونبووەکە
 - 1
 - هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن.
 - 2
 - جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»
 - 3
 - عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە:
 - 4
 - «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟
 - 5
 - کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و
 - 6
 - دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“
 - 7
 - پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست[a]  کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.
 - نموونەی درهەمە ونبووەکە
 - 8
 - «یان چ ئافرەتێک دە درهەمی[b] هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟
 - 9
 - کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“
 - 10
 - پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.»
 - نموونەی کوڕە ونبووەکە
 - 11
 - ئینجا فەرمووی: «کابرایەک دوو کوڕی هەبوو.
 - 12
 - بچووکەکەیان بە باوکی گوت: ”باوکە، چیم بەردەکەوێ لە بەشە میراتی خۆم، بمدەرێ.“ ئەویش ماڵەکەی بۆ دابەشکردن.
 - 13
 - «دوای چەند ڕۆژێک، کوڕە بچووکەکە هەموو شتەکانی کۆکردەوە و بەرەو وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، لەوێ ماڵەکەی لەسەر ڕابواردن دانا.
 - 14
 - لەدوای ئەوەی هەمووی خەرجکرد، قاتوقڕی گەورە کەوتە ناوچەکە، لەبەر ئەوە تووشی نەبوونی هات.
 - 15
 - ئیتر هانای بۆ هاوڵاتییەکی ناوچەکە برد، ئەویش ناردییە کێڵگەکانی بۆ لەوەڕاندنی بەراز.
 - 16
 - حەزی دەکرد بەو خڕنووکە سکی خۆی تێر بکات کە بەرازەکان دەیانخوارد بەڵام کەس هیچی پێنەدەدا.
 - 17
 - «ئینجا بە هۆش خۆی هاتەوە و گوتی: ”ئاخۆ چەند کرێکاری باوکم نانیان لەبەر دەمێنێتەوە، منیش لێرە وا لە برسان دەمرم.
 - 18
 - هەڵدەستم دەچمەوە لای باوکم، پێی دەڵێم: باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد.
 - 19
 - ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم، بمکە بە کرێکارێکی خۆت.“
 - 20
 - جا هەستا و گەڕایەوە لای باوکی.
«هێشتا دوور بوو باوکی ئەوی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایکرد و باوەشی پێداکرد و ماچی کرد. - 21
 - «کوڕەش پێی گوت: ”باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد، ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.“
 - 22
 - «بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: ”خێرا باشترین جلوبەرگ بهێنن و لەبەری بکەن، ئەنگوستیلەیەک بکەنە پەنجەی و پێڵاویش بۆ پێی.
 - 23
 - گوێرەکە قەڵەوەکەش بهێنن و سەری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین،
 - 24
 - چونکە ئەم کوڕەم مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“ جا دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد.
 - 25
 - «کوڕە گەورەکە لە کێڵگە بوو، کە هاتەوە و لە ماڵ نزیک بووەوە، گوێی لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بوو.
 - 26
 - یەکێک لە خزمەتکارانی بانگکرد و پرسیاری کرد، ”ئەمە چییە؟“
 - 27
 - پێی گوت: ”براکەت گەڕاوەتەوە، باوکیشت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی، چونکە بە ساغ و سەلامەتی گەڕاوەتەوە.“
 - 28
 - «کوڕە گەورەکە تووڕە بوو و نەیویست بچێتە ژوورەوە. ئیتر باوکی هاتە دەرەوە و تکای لێکرد.
 - 29
 - بەڵام ئەو وەڵامی باوکی دایەوە: ”ئەوەتا ئەو هەموو ساڵە کۆیلایەتیت بۆ دەکەم و هەرگیز لە فەرمانت دەرنەچووم، تەنانەت کاریلەیەکت نەدامێ تاکو لەگەڵ هاوڕێیەکانم پێی دڵخۆش بم.
 - 30
 - بەڵام کاتێک ئەم کوڕەت هاتەوە، ئەوەی ماڵەکەتی لەگەڵ لەشفرۆشان لووش دا، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆی سەربڕی.“
 - 31
 - «ئەویش پێی گوت: ”کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵ منی، هەرچیم هەیە هی تۆیە.
 - 32
 - بەڵام پێویستە دڵخۆش و شاد بین، چونکە ئەم برایەت مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“»
 
- a. 15:7 مەبەست لەو کەسانەیە کە لەبەرچاوی خۆیان ڕاستودروستن.
 - b. 15:8 یۆنانی: \+tl درەخمە\+tl*، کرێی یەک ڕۆژی کرێکارێک.
 

