عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف. 
1
ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
2
ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
3
ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
4
دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
5
بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،
لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
6
خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان[a] ،
مۆئاب و هاجەرییەکان،
7
جوبەیل[b] و عەمۆن و عەمالێق[c] ،
فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
8
هەروەها ئاشوریش[d] چووەتە پاڵیان،
بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت[e] .[f]
9
هەروەک چیت لە میدیان[g] کرد ئاوایان لێ بکە،
هەروەک چیت لە سیسرا[h] و یاڤین[i] کرد لە ڕووباری قیشۆن[j] ،
10
کە لە کانی دۆر[k] فەوتان،
بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
11
گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ[l] لێ بکە،
هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع[m] ،
12
ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا
دەکەینە موڵکی خۆمان.»
13
ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14
وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15
ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16
ئەی یەزدان، ڕوویان بە شەرمەزاریی داپۆشە،
تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
17
هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن،
ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18
با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!
  1. a. 83‏:6 نەوەی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن لە هاجەری کەنیزەکەی. بە ژیانی کۆچەری و چادرنشینی بەناوبانگ بوونە، هەروەها لە بەکارهێنانی تیروکەوان.‏
  2. b. 83‏:7 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏
  3. c. 83‏:7 مەبەست لە جبیل بەشی باکوورە لە چیاکانی ئەدۆم، عەمونیش ناوی گەلێکە لە ناوچەیەکی شاخاوی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون نیشتەجێ بوون، عەمالێقیش بە کۆنترین دانیشتووانی باشووری سوریا دادەنرێن، نەوەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ کوڕی ئیسحاقن.‏
  4. d. 83‏:8 مەبەست لە ئاشورییەکانە کە لە ناوچەی میسۆپۆتامیا ژیاون و ئیمپراتۆریەتێکی بەهێزیان هەبووە. نەوەی دووەم کوڕی شێمی کوڕی نوحن. بڕوانە پەیدابوون 10‏:22‏‏.‏
  5. e. 83‏:8 مەبەست لوتی برازای ئیبراهیمە.‏
  6. f. 83‏:8 لە دەقی عیبری لێرە وشەی \+tl سەلاە‏\+tl* هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  7. g. 83‏:9 شارێکی کۆنە دەکەوتە چۆڵەوانی یەهوداوە.‏
  8. h. 83‏:9 سیسرا سەرکردەی سوپاکەی یابینی پاشای کەنعانییەکان بوو لە خاچۆر. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ڕابەران بەشەکانی 4، 5.‏
  9. i. 83‏:9 پاشای کەنعانییەکان بوو لە خاچۆر. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ڕابەران بەشی 4.‏
  10. j. 83‏:9 قیشۆن، ڕووبارێکە بە دەشتی ئیبن عامر دەڕوات لە فەلەستین.‏
  11. k. 83‏:10 شارێکە دەکەوێتە دووری نۆ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناسیرە، هەتا ئێستاش ئەمە ناویەتی.‏
  12. l. 83‏:11 عۆرێب و زئێب، ناوی دوو سەرکردەی میدیانییەکانن بە دەستی ئەفرایمییەکان کوژران، دوای ئەوەی لەبەر گدعۆن هەڵاتن. بڕوانە ڕابەران 7‏:25‏‏.‏
  13. m. 83‏:11 زەڤەح و زەلموناع، دوو پاشای میدیانییەکان بوون گدعۆن کوشتنی. بڕوانە ڕابەران 8‏:5‏‏.‏