عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - تازەکردنەوەی پەیمانەکە
 - 1
 - ئەمانە بەندەکانی ئەو پەیمانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا بیبەستێت، لە خاکی مۆئاب بێجگە لەو پەیمانەی لە حۆرێڤ لەگەڵی بەستن.
 - 2
 - ئینجا موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن:
«ئێوە بینیتان یەزدان لە خاکی میسر لەبەرچاوتان چی بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی کرد، - 3
 - ئەو تاقیکردنەوە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و نیشانە و پەرجووە مەزنەکانی.
 - 4
 - بەڵام یەزدان هەتا ئەمڕۆش دڵێکی[a] پێنەداون بۆ ئەوەی تێبگەن و چاوێک بۆ ئەوەی ببینن و گوێیەک بۆ ئەوەی ببیستن.
 - 5
 - بەڵام یەزدان دەفەرموێت: ”چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا ئێوەم بەڕێوە برد، جلەکانتان لەبەرتان کۆن نەبوون و پێڵاوەکانتان[b] لە پێتان کۆن نەبوون،
 - 6
 - نە نانتان خوارد و نە شەرابتان خواردەوە و نە مەی، هەتا ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“
 - 7
 - «کاتێکیش هاتنە ئەم شوێنە سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان هاتن بۆ جەنگ لە دژی ئێمە، بەڵام ئەوانمان شکاند و
 - 8
 - دەستمان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و بە میرات دامانە ڕەئوبێن و گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە[c] .
 - 9
 - «بەندەکانی ئەم پەیمانە بپارێزن و کاری پێ بکەن، هەتا لە هەموو ئەوەی دەیکەن سەرکەوتوو بن.
 - 10
 - ئێوە ئەمڕۆ هەمووتان بە سەرۆک هۆز و پیر و کوێخا و هەموو پیاوەکانی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان وەستاون،
 - 11
 - هەروەها ژن و منداڵ و ئەو نامۆیانەی کە لەناو ئۆردگاکانتانە، لەوەی کە دارتان بۆ دەبڕێتەوە و ئاوتان بۆ لە بیر هەڵدەکێشێت،
 - 12
 - بۆ ئەوەی بچنە ناو پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان و سوێندەکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئەمڕۆ لەگەڵتانی دەبەستێت،
 - 13
 - هەتا ئەمڕۆ بە گەلی خۆی داتانبنێت، ئەویش ببێتە خوداتان وەک پێی فەرموون و وەک سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد.
 - 14
 - ئەم پەیمان و سوێندەش تەنها لەگەڵ ئێوەی نابەستم،
 - 15
 - بەڵکو لەگەڵ ئەوەی کە لێرە ئەمڕۆ لەگەڵماندا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان وەستاوە و ئەوەش کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵماندا نییە.
 - 16
 - «ئێوە زانیتان چۆن لە خاکی میسر نیشتەجێ بووین و چۆن هەتا ئێرە بەناو ئەو گەلانەدا تێپەڕین.
 - 17
 - وێنە قێزەون و بتەکانی ئەوانتان بینی کە لە دار و بەرد و زێڕ و زیون.
 - 18
 - نەوەک لەنێوتاندا پیاوێک یان ئافرەتێک یان هۆزێک یان خێڵێک هەبێت کە ئەمڕۆ دڵی لەسەر یەزدانی پەروەردگارمان لاچووبێت، بۆ ئەوەی بچێت و خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە بپەرستێت، نەوەک لەنێوتان ڕەگێک هەبێت ژەهراوی و زەقنەبووت بگرێت.
 - 19
 - «کاتێک ئەم جۆرە کەسە گوێی لە سوێندی ئەم پەیمانە دەبێت، لە دڵیدا داوای بەرەکەت بۆ خۆی دەکات و دەڵێت: ”من سەلامەت دەبم، تەنانەت بە کەللەڕەقی خۆشم هەڵسوکەوت بکەم،“ ئەمە زەوی تەڕ و وشک لەناودەبات.
 - 20
 - یەزدان هەرگیز ڕازی نابێت لێی خۆشبێت، بەڵکو ئەو کاتە تووڕەیی و دڵگەرمی یەزدان بەسەر ئەو پیاوە هەڵدەچێت، هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون دێنە سەری، یەزدان ناوی لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە.
 - 21
 - یەزدان لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل ئەو بۆ لێقەومان جیا دەکاتەوە، بەپێی هەموو نەفرەتەکانی پەیمانەکە کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون.
 - 22
 - «جا دوا نەوە لە منداڵەکانتان کە لەدوای ئێوە دێن و هەروەها ئەو بیانییانەی لە خاکێکی دوورەوە دێن، ئەو گورزوەشاندن و نەخۆشییانە دەبینن کە یەزدان تووشی کردوون.
 - 23
 - هەموو زەوییەکە بە گۆگرد و خوێ دەسووتێنێت، نە دەچێنرێت و نە دەڕوێت و نە هیچ گیایەکی لێ دەردەکەوێت، وەک سەرەوژێرکردنی سەدۆم و عەمۆرا و ئەدما و چەبۆئیم کە یەزدان بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆی سەرەوژێری کردن.
 - 24
 - جا هەموو نەتەوەکان دەڵێن: ”بۆچی یەزدان وای بەم خاکە کرد، جۆشانی ئەم تووڕەییە بەتینە بۆچی؟“
 - 25
 - «وەڵامەکەیان ئەمەیە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، کە لەگەڵی بەستن کاتێک لە خاکی میسر دەریهێنان.
 - 26
 - چوون خوداوەندی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ برد، کە نە ناسیبوویان و نە خوداش پێیدابوون.
 - 27
 - لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئەم خاکەدا جۆشا، هەتا هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکی فێرکردنەدا نووسراون بەسەریدا هێنای.
 - 28
 - یەزدان لە خاکەکەیاندا بە تووڕەیی و زەبر و ڕقێکی زۆرەوە ڕیشەکێشی کردن و وەک ئەمڕۆ فڕێیدانە خاکێکی دیکە.“
 - 29
 - «نهێنییەکان بۆ یەزدانی پەروەردگارمانە و ئەو شتانەی کە خودا بۆی ئاشکرا کردین بۆ ئێمە و نەوەکانمانە هەتاهەتایە، هەتا کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەین.
 
- a. 29:4 بەپێی کەلتوری عیبرانییەکان دڵ لێپرسراوە لە بیرکردنەوە.
 - b. 29:5 عیبری: \+tl نەعەل\+tl*.
 - c. 29:8 هۆزی مەنەشە دابەش ببوون بۆ سەر دوو بەش، هەریەکەیان کەوتبووە لایەکی ڕووباری ئوردونەوە.
 

