عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خودا و بتەکان 
1
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت.
2
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و
لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن،
هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.
3
نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە:
درەختی بڕاوەی دارستانن،
دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،
4
بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و
بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن
بۆ ئەوەی نەلەقن.
5
وەک داوەڵی[a] لە بێستانی خەیاردان،
بتەکانیان قسە ناکەن،
بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن،
چونکە هەنگاو نانێن،
لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین،
هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.»
6
ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە،
تۆ مەزنیت،
لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.
7
کێ لێت ناترسێت،
ئەی پاشای نەتەوەکان؟
چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە.
لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و
لە هەموو شانشینەکانیان،
کەس هاوتای تۆ نییە.
8
تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون،
شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.
9
زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و
زێڕ لە ئوفازەوە.
دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە،
بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە،
هەمووی دەستکردی وەستایانن.
10
بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە،
ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە،
زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و
نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.
11
«ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»
12
بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
13
کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.
14
هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی[b] شەرمەزارە،
چونکە داڕێژراوی درۆن و
ڕۆحیان تێدا نییە.
15
ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
16
بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە،
یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.
هاتنی وێرانی 
17
لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە،
ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!
18
لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە
دەردەکەمە دەرەوە،
تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»
19
وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم!
برینەکەم بێ چارەیە!
بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و
دەبێ بەرگەی بگرم.»
20
چادرەکەم تێکدراوە،
هەموو گوریسەکانی پساون.
کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون،
ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و
پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.
21
شوانەکان دەبەنگ بوون و
داوای یەزدانیان نەکرد،
لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و
هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.
22
گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت،
هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە،
تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن،
بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.
نزاکردنی یەرمیا 
23
ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە،
کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.
24
ئەی یەزدان، تەمبێم بکە،
بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت،
نەوەک لەناوم ببەیت.
25
تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە
کە دانت پێدا نانێن و
بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن،
چونکە یاقوبیان خوارد،
بە تەواوی خواردیان و
نشینگەکەیان وێران کرد.
  1. a. 10‏:5 لە دار و پەڕۆ لە شێوەی مرۆڤ دروستدەکرێت بۆ ڕەوینەوەی پەلەوەر، بۆ ئەوەی زیان بە کێڵگە نەگەیەنن.‏
  2. b. 10‏:14 تاشینی پەیکەر، بە مەبەستی پەرستن وەک بت.‏