عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شێوە گۆڕانی عیسا 
1
دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن.
2
پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان.
3
لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
4
ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز دەکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
5
کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»
6
کاتێک قوتابییەکان گوێیان لەو دەنگە بوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان.
7
بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!»
8
ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.
9
کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان و فەرمووی: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»
10
قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»
11
عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە.
12
بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.»
13
ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
دەرکردنی ڕۆحی پیس لە کوڕێکدا 
14
کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و
15
گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە.
16
هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
17
جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ ئەو کوڕە بهێننە ئێرە بۆ لام.»
18
عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
19
پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
20
ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و هیچ شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. {
21
بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.}»
دووەم باسی مردنی عیسا 
22
کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و
23
دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» قوتابییەکانیش بەمە زۆر دڵگران بوون.
باجی پەرستگا 
24
کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکەی پەرستگا[a] هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاکەتان باجی پەرستگا نادات؟»
25
گوتی: «بەڵێ.»
کاتێک پەترۆس هاتە ماڵەوە، عیسا پێشی کەوت و فەرمووی: «ڕات چییە شیمۆن؟ پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان یان لە خەڵکی بیانی؟»
26
پەترۆس گوتی: «لە بیانی.»
عیساش پێی فەرموو: «کەواتە هاوڵاتییان ئازادن.
27
بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاچەکە و قولاپ هەڵبدە، یەکەم ماسی کە دەیگریت، دەمی بکەرەوە، دراوێکی ستاتیر[b] دەبینیتەوە، بیبە و لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ.»
  1. a. 17‏:24 باجی تایبەت بووە بە پەرستگا، ساڵانە کۆدەکرایەوە. بڕوانە دەرچوون 30‏:13‏‏.‏
  2. b. 17‏:27 ستاتیر جۆرە دراوێک بووە کە دەیکردە چوار درهەم.‏