عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ده‌ركه‌وتنی حه‌زره‌تی یه‌حیا 
1
سه‌ره‌تای موژده‌ی[a] عیسای مه‌سیحی كوڕی خودا.
2
وه‌ك له‌ سیپاره‌ی ئیشایا پێغه‌مبه‌ردا نووسراوه‌:
[ئه‌وه‌تا په‌یامبه‌ری خۆم له‌ پێشته‌وه‌ ده‌نێرم،
ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات،][b]
3
[بانگده‌رێك له‌ چۆڵه‌وانی هاوار ده‌كات:
"ڕێگای خوداوه‌ند ئاماده‌ بكه‌ن،
ڕێڕه‌وی ڕێك بخه‌ن."][c]
4
یه‌حیا له‌ چۆڵه‌وانی ده‌ركه‌وت و خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشا، جاڕی له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌كردنی ده‌دا بۆ گوناه به‌خشین.
5
سه‌راپای ناوچه‌ی یه‌هودیا و هه‌موو خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم بۆ لای ده‌هاتن و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ ڕووباری ئوردون له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا.
6
یه‌حیا مووی وشتری له‌به‌ر ده‌كرد و پشتێنێكی پێسته‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ ده‌به‌ست، كولله‌ و هه‌نگوینی كێوی ده‌خوارد.
7
جاڕی ده‌دا، ده‌یووت: (له‌ دوای من له‌ من به‌هێزتر دێت، شایانی ئه‌وه‌ نیم بچه‌مێمه‌وه‌ و ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌.
8
من له‌ئاوم هه‌ڵكێشان، به‌ڵام ئه‌و له‌ ڕوحی پیرۆزتان هه‌ڵده‌كێشێت.)
له‌ئاوهه‌ڵكێشانی عیسا 
9
له‌و ڕۆژانه‌دا عیسا له‌ ناسیره‌ی جه‌لیله‌وه‌[d] هات و له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌حیا له‌ ئوردون له‌ئاوهه‌ڵكێشرا.
10
هه‌ركه‌ له‌ ئاوه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستایه‌وه‌، بینی ئاسمان شه‌ق بوو، ڕوحه‌كه‌ش[e] وه‌ك كۆترێك بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌نیشته‌وه‌.
11
ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: (تۆ كوڕی خۆشه‌ویستمی، به‌ تۆوه‌ زۆر دڵشادم.)
12
یه‌كسه‌ر ڕوحه‌كه‌ به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ده‌ری كرد.
13
چل ڕۆژ له‌ چۆڵه‌وانیدا بوو، له‌لایه‌ن شه‌یتان تاقی ده‌كرایه‌وه‌، له‌ناو ده‌عبایاندا بوو، فریشته‌ش خزمه‌تیان ده‌كرد.
عیسا قوتابییه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت 
14
دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا گیرا، عیسا هاته‌ جه‌لیل و جاڕی ئینجیلی[f] خودای ده‌دا و
15
ده‌یووت: (كاته‌كه‌ هاتۆته‌ دی و پاشایه‌تی خودا نزیك بۆته‌وه‌. تۆبه‌ بكه‌ن، باوه‌ڕ به‌ ئینجیل بهێنن.)
16
كاتێ عیسا له‌ كه‌ناری ده‌ریای جه‌لیلدا ده‌ڕۆیشت، شیمۆن و ئه‌ندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێ ده‌دایه‌ ده‌ریایه‌كه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون.
17
عیسا پێی فه‌رموون: (وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچی مرۆڤ[g] .)
18
یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێ هێشت و دوای كه‌وتن.
19
ئینجا هه‌ندێك ڕۆیشت، یاقوبی كوڕی زه‌بدی و یۆحه‌نای برای بینی، له‌ناو به‌له‌مدا تۆڕه‌كه‌ی خۆیان چاك ده‌كرده‌وه‌.
20
یه‌كسه‌ر بانگی كردن، ئه‌وانیش زه‌بدی باوكیان له‌گه‌ڵ كرێكاران له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌ به‌جێ هێشت و دوای كه‌وتن.
ده‌ركردنی ڕوحی پیس 
21
ئینجا چوونه‌ كه‌فه‌رناحوم. له‌ كاتێكدا شه‌ممه‌ بوو چووه‌ كه‌نیشت و ده‌ستی به‌ فێركردن كرد.
22
له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێك فێری ده‌كردن، نه‌ك وه‌ك مالمه‌كان[h] .
23
له‌پڕ له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان یه‌كێكی لێبوو ڕوحی پیسی تێدابوو، هاواری كرد،
24
وتی: (عیسای ناسیره‌یی، چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ ناومان ببه‌یت؟ ده‌تناسم تۆ كێیت، پیرۆزه‌كه‌ی خودایت!)
25
عیسا لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: (بێ ده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!)
26
ڕوحه‌ پیسه‌كه‌ش خووگرتی كرد و هاوارێكی به‌رزی لێ هه‌ستا و لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌.
27
هه‌موو سه‌رسام بوون و كه‌وتنه‌ پرسیار له‌ یه‌كتری: (ئه‌مه‌ چییه‌؟ فێركردنێكی نوێیه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌! فه‌رمان به‌ ڕوحی پیسیش ده‌كات و به‌ قسه‌ی ده‌كه‌ن.)
28
یه‌كسه‌ر ناوبانگی به‌ هه‌موو ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری جه‌لیل بڵاو بۆوه‌.
چاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر 
29
ئه‌و كاته‌ی كه‌نیشته‌كه‌یان به‌جێ هێشت، له‌گه‌ڵ یاقوب و یۆحه‌نا چوونه‌ ماڵی شیمۆن و ئه‌ندراوس.
30
خه‌سووی شیمۆن له‌ناو جێ كه‌وتبوو، تای هه‌بوو، خێرا باسی ئه‌ویان بۆ عیسا كرد.
31
ئه‌ویش هات، ده‌ستی گرت و هه‌ڵیستانده‌وه‌. تایه‌كه‌ به‌ریدا و ده‌ستی به‌ خزمه‌تكردنیان كرد.
32
ئێواره‌ داهات و ڕۆژ ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆش و كه‌سێكیان بۆ هێنا ڕوحی پیسی تێدابێت.
33
هه‌موو شاره‌كه‌ له‌ به‌رده‌رگا كۆبوونه‌وه‌.
34
زۆر نه‌خۆشی به‌ جۆره‌ها ده‌رده‌وه‌ چاككرده‌وه‌، زۆر ڕوحی پیسیشی ده‌ركرد و نه‌یهێشت ڕوحه‌ پیسه‌كان بدوێن، چونكه‌ ناسییان.
موژده‌به‌خشین له‌ ناوچه‌ی جه‌لیل 
35
بۆ به‌یانی هێشتا تاریك بوو، هه‌ستا و چووه‌ شوێنێكی چۆڵه‌وانی و له‌وێ ده‌ستی به‌ نوێژكردن كرد.
36
شیمۆن و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون به‌ شوێنیدا گه‌ڕان
37
كه‌ دۆزییانه‌وه‌ پێیان وت: (هه‌موو به‌ دواتدا ده‌گه‌ڕێن.)
38
پێی فه‌رموون: (وه‌رن با بڕۆینه‌ دێیه‌كانی ده‌وروپشت، تاكو له‌وێش جاڕ بده‌م، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ هاتووم.)
39
ئینجا ڕۆیشت تاكو له‌ هه‌موو جه‌لیلدا له‌ كه‌نیشته‌كانیان جاڕبدات و ڕوحی پیس ده‌ربكات.
چاككردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی گولی 
40
ئینجا پیاوێكی گول هاته‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌، چۆكی دادا و پێی وت: (ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پاكم بكه‌یته‌وه‌.)
41
عیسا دڵی پێی سووتا و ده‌ستی درێژ كرد، ده‌ستی لێدا و پێی فه‌رموو: (ده‌مه‌وێت. پاك ببه‌وه‌!)
42
یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێ بۆوه‌ و پاك بۆوه‌.
43
عیسا به‌ توندیش ئاگاداری كرده‌وه‌ و یه‌كسه‌ر به‌ڕێی كرد،
44
پێی فه‌رموو: (ئاگادار به‌، هیچ شتێك به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌[i] بده‌ و به‌رانبه‌ر به‌ پاكبوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌وه‌ی موسا فه‌رمانی كردووه‌ بیده‌، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆیان.)
45
به‌ڵام ئه‌و ڕۆیشت، ده‌ستی كرد به‌ جاڕدان و بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، ئیتر عیسا نه‌یتوانی به‌ ئاشكرا بچێته‌ شار، به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنه‌ چۆڵه‌كان بوو و خه‌ڵكیش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ لای.
  1. a. یۆنانی: ئینجیل به‌ واتای موژده‌، به‌ تایبه‌تیش ڕاگه‌یاندنی هاتنی پاشا.
  2. b. مه‌لاخی 3: 1
  3. c. ئیشایا 40: 3
  4. d. شارۆچكه‌یه‌كه‌ له‌ باكووری ئیسرائیل.
  5. e. ڕوحی پیرۆز.
  6. f. ئینجیل: موژده‌.
  7. g. به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵك تاكو ببنه‌ قوتابی مه‌سیح.
  8. h. مالم: مامۆستای ته‌وراتی جوله‌كه‌.
  9. i. یه‌كێك له‌ پیاوی ئایینی جوله‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵده‌ستا به‌ ئه‌ركی قوربانی كردن بۆ خودا.