عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - ئینجا داود گوتی: «ئێرە ماڵی یەزدانی پەروەردگارە، هەر ئێرەش قوربانگای قوربانی سووتاندنی ئیسرائیلە.»
 - ئامادەکاری بۆ پەرستگاکە
 - 2
 - ئیتر داود فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەو نامۆیانەی لە خاکی ئیسرائیل بوون، هەندێکی لێ کردنە نەقاڕ بۆ تاشینی بەردی چوارگۆشەیی بۆ بنیادنانی ماڵی خودا.
 - 3
 - داود ئاسنێکی زۆری بۆ بزمار و ئەڵقەڕیزی دەرگاکان ئامادە کرد، بڕۆنزێکی زۆری لەکێش نەهاتووشی ئامادە کرد.
 - 4
 - هەروەها داری ئورزیشی ئامادە کرد کە لە ژمارە نەدەهات، چونکە سەیدائییەکان و سورییەکان دار ئورزێکی زۆریان بۆ داود هێنا.
 - 5
 - داود گوتی: «سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە، ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت، لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.» جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد.
 - 6
 - پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
 - 7
 - داود بە سلێمانی گوت: «کوڕی خۆم، من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم.
 - 8
 - بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە، لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت، چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی.
 - 9
 - بەڵام کوڕێکت دەبێت، دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە، لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە. ناوی سلێمان[a] دەبێت، لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم.
 - 10
 - ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت، من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من، تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“
 - 11
 - «کوڕی خۆم، ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی.
 - 12
 - کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت.
 - 13
 - ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت. ئیتر بەهێزبە و ئازابە، مەترسە و ورە بەرمەدە.
 - 14
 - «من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان، سەد هەزار تالنت[b] زێڕ و ملیۆنێک تالنت[c] زیو، بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش، دار و بەردیشم ئامادە کردووە. تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت.
 - 15
 - کرێکارێکی زۆرت لەلایە، لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک
 - 16
 - لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن، وەستاکان لە ژمارە نایەن. ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.»
 - 17
 - پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن:
 - 18
 - «ئایا یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان نییە؟ ئایا لە هەموو لایەکەوە نەیحەساندوونەتەوە؟ دانیشتووی خاکەکەی داوەتە دەستم و خاکەکەی ژێردەستەی یەزدان و گەلەکەی کردووە.
 - 19
 - ئێستاش بە هەموو دڵ و گیانتانەوە ڕووتان لە یەزدانی پەروەردگارتان بکەن. هەستن و پیرۆزگای یەزدانی پەروەردگار بنیاد بنێن، بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان و قاپوقاچاغی پیرۆزگای خودا بهێنرێتە ناو ئەو پەرستگایەی کە بۆ ناوی یەزدان بنیاد دەنرێت.»
 
- a. 22:9 ناوەکە لە زمانی عیبریدا \+tl شەلۆمۆ\+tl*یە کە لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ئاشتی)ی عیبری نزیکە.
 - b. 22:14 سەد هەزار تالنت: نزیکەی 3450 تەن.
 - c. 22:14 ملیۆن تالنت: نزیکەی 34500 تەن.
 

