عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پیتاک بەخشین بۆ بنیادنانی پەرستگا
 - 1
 - پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «سلێمانی کوڕم، ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە، گەنجێکی پێنەگەیشتووە. کارەکەش گەورەیە، چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە.
 - 2
 - منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە، زێڕ بۆ زێڕنگەری، زیو بۆ زیوگەری، بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری، ئاسن بۆ ئاسنگەری، تەختە بۆ دارتاشی، بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە[a] و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ، هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی.
 - 3
 - لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە، لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم، ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم:
 - 4
 - سێ هەزار تالنت[b] زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت[c] زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و
 - 5
 - هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت، هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش. ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»
 - 6
 - ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان، لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی.
 - 7
 - بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت[d] زێڕ و دە هەزار درهەمی[e] زێڕ، دە هەزار تالنت[f] زیو، هەژدە هەزار تالنت[g] بڕۆنز و سەد هەزار تالنت[h] ئاسنیان بەخشی.
 - 8
 - ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو.
 - 9
 - گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی، داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.
 - نوێژی داود
 - 10
 - داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی:
«ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان،
خودای ئیسرائیل، باوکمانی
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. - 11
 - ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا،
مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ،
چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە.
ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و
تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری. - 12
 - دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن،
تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت.
هێز و توانا لە دەستی تۆدان
تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت. - 13
 - ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و
ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین. - 14
 - «بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە.
 - 15
 - ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین[i] . ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە.
 - 16
 - ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە.
 - 17
 - خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت.
 - 18
 - ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە.
 - 19
 - هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»
 - 20
 - پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.
 - دانپێدانانی پاشایەتی سلێمان
 - 21
 - پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست، هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل.
 - 22
 - جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە.
پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا، سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە. - 23
 - ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت، لە جێی داودی باوکی. سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون.
 - 24
 - هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.
 - 25
 - یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد، شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.
 - مردنی داود
 - 26
 - داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد،
 - 27
 - ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
 - 28
 - لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز، تێری خواردبوو. پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
 - 29
 - ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون، هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر،
 - 30
 - لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.
 
- a. 29:2 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو. بڕوانە دەرچوون 28:18.
 - b. 29:4 سێ هەزار تالنت: نزیکەی سەد تەن.
 - c. 29:4 حەوت هەزار تالنت: نزیکەی 240 تەن.
 - d. 29:7 پێنج هەزار تالنت: نزیکەی 170 تەن.
 - e. 29:7 دە هەزار درهەم: نزیکەی 84 کیلۆگرام، درهەم پارە و پولێکی فارسی بووە.
 - f. 29:7 نزیکەی 345 تەن.
 - g. 29:7 نزیکەی 610 تەن.
 - h. 29:7 نزیکەی 3450 تەن.
 - i. 29:15 ئاوارەین: بڕوانە پەیدابوون 23:4.
 

