عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئێمە ڕۆڵەی خوداین 
1
تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمە ئەوەین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە.
2
خۆشەویستان، ئێستا ڕۆڵەی خوداین و هێشتا دەرنەکەوتووە دەبینە چی. بەڵام دەزانین کاتێک ئەو دەردەکەوێت ئێمە وەک ئەو دەبین، چونکە وەک خۆی دەیبینین.
3
هەرکەسێک ئەم هیوایەی بەو هەبێت، خۆی پاک دەکاتەوە، هەروەک چۆن ئەو پاکە.
4
هەرکەسێک گوناه بکات سەرپێچی دەکات، چونکە گوناه سەرپێچییە.
5
دەزانن ئەو دەرکەوت تاکو گوناهەکان لاببات. ئەو خۆی بێ گوناهە.
6
هەرکەسێک بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح بژیێت، لە گوناهکردن بەردەوام نابێت. هەرکەسێک بە بەردەوامی گوناه بکات، نە ئەوی بینیوە و نە ئەویشی ناسیوە.
7
ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با کەس چەواشەتان نەکات. ئەوەی ڕاستودروستی پەیڕەو بکات ڕاستودروستە، وەک چۆن ئەویش ڕاستودروستە.
8
ئەوەی گوناه بکات لە ئیبلیسە، چونکە ئیبلیس هەر لە سەرەتاوە گوناهی کردووە. کوڕی خودا بۆ ئەمە دەرکەوت، تاکو کارەکانی ئیبلیس تێکبدات.
9
هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناهکردن، چونکە تۆوی خودای تێدا دەچەسپێت. ناتوانێت بەردەوام‏ بێت لە گوناهکردن، لەبەر ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە.
10
ڕۆڵەی خودا و ڕۆڵەی ئیبلیس بەمە دەردەکەون: هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو نەکات لە خوداوە نییە، هەروەک ئەوەی خوشکی یان برای خۆی خۆشنەوێت،
11
چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.
خۆشویستنی یەکتر 
12
وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست.
13
خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە.
14
دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە.
15
هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.
16
بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین.
17
ئەوەی ماڵی دنیای هەبێت و خوشکی یان براکەی خۆی بە نەداری بینی و دڵی لێی ڕەقکرد، چۆن خۆشەویستی خودای تێدا دەمێنێتەوە؟
18
ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با تەنها بە وشە و زمان خۆشەویستی دەرنەبڕین، بەڵکو بە کردار و ڕاستی.
19
بەمە دەزانین کە سەر بە ڕاستیین، هەروەها چۆن دڵمان ئاسوودە دەبێت لە ئامادەبوونی ئەو:
20
کاتێک دڵمان سەرکۆنەمان دەکات، خودا لە دڵمان گەورەترە و هەموو شتێک دەزانێت.
21
خۆشەویستان، ئەگەر دڵمان سەرکۆنەمان نەکات، ئەوا لەبەردەم خودا دڵنیا دەبین،
22
هەرچییەکی لێ داوا بکەین لێی وەردەگرین، چونکە ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنین و ئەوە دەکەین کە بەدڵیەتی.
23
ئەمەش ڕاسپاردەکەیەتی: باوەڕمان بە ناوی عیسای مەسیحی کوڕەکەی هەبێت و یەکتریمان خۆشبوێ، وەک ڕایسپاردووین.
24
ئەگەر کەسێک ڕاسپاردەکانی خودا بەجێبگەیەنێت، ئەوا بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژیێت، هەروەها خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت. بەمەدا دەزانین خودا بە یەکبوون لەگەڵمان دەژیێت: بەو ڕۆحەی کە پێیداوین.