عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ژنەکانی سلێمان 
1
سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان،
2
لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو.
3
حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە.
4
ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو.
5
ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی[a] خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت.
6
سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت.
7
لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی[b] بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا.
8
هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان.
9
یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت.
10
هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو.
11
یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت،
12
بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم،
13
لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.»
دوژمنەکانی سلێمان 
14
ئینجا یەزدان دوژمنێکی لە سلێمان هەستاندەوە کە هەدەدی ئەدۆمی بوو، لە بنەماڵەی شاهانەی ئەدۆم بوو.
15
کاتێک داود لە ئەدۆم بوو، یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپا چوو بۆ ئەوەی کوژراوەکان بنێژێت و هەرچی نێر لە ئەدۆم ماوە بیانکوژێت.
16
یۆئاب و هەموو ئیسرائیل شەش مانگ لەوێدا مانەوە هەتا هەموو نێرێکیان لە ئەدۆم لەناوبرد.
17
بەڵام هەدەد کە هێشتا مێردمنداڵێکی بچووک بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی ئەدۆمی لە خزمەتکارانی باوکی بۆ میسر هەڵاتن.
18
ئینجا لە میدیانەوە هەستان و چوونە پاران، چەند پیاوێکیان لە پارانەوە لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە میسر بۆ لای فیرعەونی پاشای میسر، ئەویش خانووی دایە هەدەد و فەرمانی دا خواردنی بدرێتێ و زەویشی پێدا.
19
هەدەد لەبەرچاوی فیرعەون پەسەند بوو، خوشکی تەحپەنێسی شاژنی دایێ ببێتە ژنی.
20
خوشکەکەی تەحپەنێس کوڕێکی لێی بوو بە ناوی گەنوڤەت، تەحپەنێس لەنێو ماڵی فیرعەون پەروەردەی کرد، لەنێو کوڕەکانی فیرعەون.
21
هەدەد لە میسر بوو کاتێک بیستی کە داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری ناوەتەوە و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپاش مردووە، ئینجا هەدەد بە فیرعەونی گوت: «ڕێم بدە با بچمەوە خاکەکەم.»
22
فیرعەونیش پێی گوت: «لەلای من لە چیت کەمە هەتا داوای چوونەوە بکەیت بۆ خاکەکەت؟»
هەدەدیش گوتی: «لە هیچ، تەنها ڕێم بدە.»
23
خودا دوژمنێکی دیکەی لە سلێمان هەستاندەوە کە ڕەزۆنی کوڕی ئەلیاداع بوو، ئەوەی لەلای گەورەکەیەوە هەڵاتبوو، کە هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا بوو.
24
لە کاتی کوشتارەکەی داود لە دژی هێزی چۆڤا، پیاوی لە خۆی کۆکردەوە و بووە سەردەستەیەکی چەتە، چوونە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە دیمەشق فەرمانڕەوایەتییان کرد.
25
جا ڕەزۆن لە سەردەمی سلێمان بووە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەو خراپەیەی کە هەدەد دەیکرد، ڕەزۆن بووە فەرمانڕەوای خاکی ئارام و ڕقی لە ئیسرائیل بووەوە.
یاخیبوونی یارۆڤعام لە دژی سلێمان 
26
هەروەها یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە خەڵکی چەرێدا بوو لە ئەفرایم، یەکێک بوو لە کاربەدەستەکانی سلێمان، لە پاشا یاخی بوو. دایکیشی بێوەژنێک بوو بە ناوی چەروعا.
27
یاخیبوونەکەشی لە دژی پاشا بەم شێوەیە بوو: ئەوە بوو کە سلێمان تەلانەکەی دروستکرد و کەلێنەکانی شاری داودی باوکی چاککردەوە،
28
بینی کە ئەم پیاوە پاڵەوان و بەهێزە، گەنجێکی کارامە و چالاکە، ئیتر یارۆڤعامی کرد بە سەرپەرشتیاری هەموو کاری بێگاری هۆزەکانی یوسف.
29
ئەوە بوو کە یارۆڤعام لە ئۆرشەلیم دەهاتە دەرەوە، ئاحییای شیلۆنیی پێغەمبەر لە ڕێگادا تووشی بوو، کەوایەکی نوێی لەبەر بوو. بە تەنها هەردووکیان لە دەشتودەر بوون،
30
ئاحییاش کەوا نوێیەکەی کە لەبەریدا بوو دایکەند و کردی بە دوازدە پارچەوە.
31
بە یارۆڤعامی گوت: «دە پارچە بۆ خۆت ببە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان پارچەپارچە دەکەم و دە هۆز بە تۆ دەدەم.
32
یەک هۆزیش بۆ ئەو دەبێت لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم ئەو شارەی کە هەڵمبژاردووە.
33
ئەو کارە دەکەم، چونکە ئەوان وازیان لێ هێنام و کڕنۆشیان بۆ عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائی و کەمۆشی خودای مۆئابی و مۆلەخی خودای عەمۆنییەکان برد. بە ڕێگای مندا نەڕۆیشتن هەتا وەک داودی باوکی سلێمان ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەن و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنن.
34
«”بەڵام هەموو پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان ناستێنمەوە، بەڵکو بە درێژایی ژیانی دەیکەمە پاشا، لەبەر داودی بەندەم ئەوەی کە هەڵمبژارد، ئەوەی فەرمان و فەرزەکانی منی بەجێهێنا.
35
پاشایەتی لە دەست کوڕەکەی دەستێنمەوە و دە هۆزی دەدەم بە تۆ.
36
یەک هۆزیش دەدەمە کوڕەکەی، تاوەکو هەمیشە بۆ داودی بەندەم وەک چرایەک بێت لەبەردەممدا لە ئۆرشەلیم، ئەو شارەی بۆ خۆمم هەڵبژارد هەتا ناوم لەوێدا دابنێم.
37
تۆش دەبەم و فەرمانڕەوایەتی دەکەیت بەسەر هەموو ئەوەی دڵت ئارەزووی بکات و بەسەر ئیسرائیلدا دەبیت بە پاشا.
38
ئەگەر بێت و گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بیت کە فەرمانت پێدەدەم و بە ڕێگاکانمدا بڕۆیت و ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەیت و فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، وەک چۆن داودی بەندەم کردی، ئەوا لەگەڵتدا دەبم و بنەماڵەیەکی چەسپاوت بۆ بنیاد دەنێم وەک چۆن بۆ داودم بنیاد نا و ئیسرائیلت دەدەمێ.
39
نەوەی داودیش زەلیل دەکەم لەبەر ئەمە، بەڵام نەک بۆ هەتاهەتایە.“»
40
سلێمان هەوڵی کوشتنی یارۆڤعامی دا، بەڵام یارۆڤعام هەستا و هەڵات بۆ میسر بۆ لای شیشەقی پاشای میسر و هەتا کاتی مردنی سلێمان لە میسردا مایەوە.
مردنی سلێمان 
41
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان و هەموو ئەوەی کردی و داناییەکەی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی سلێمان تۆمار کراون.
42
سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
43
پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  1. a. 11‏:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم پوختەی مێژوو 28‏:3‏.‏
  2. b. 11‏:7 مەبەست لەو شوێنەیە کە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی ئەو دوو بتە بووە. بڕوانە سەفەنیا 1‏:5‏‏.‏