عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پەیامی ئاحییا لە دژی یارۆڤعام 
1
لەو کاتەدا ئەبیای کوڕی یارۆڤعام نەخۆش کەوت.
2
یارۆڤعام بە ژنەکەی گوت: «هەستە و شێوەی خۆت بگۆڕە هەتا نەزانن کە تۆ ژنی یارۆڤعامیت و بڕۆ بۆ شیلۆ، ئەوەتا لەوێ ئاحییا پێغەمبەری لێیە، ئەو دەربارەی من گوتی کە دەبمە پاشای ئەم گەلە.
3
لەگەڵ دەستت دە نان و هەندێک کێک و گۆزەیەک هەنگوین ببە و بڕۆ لای، ئەو پێت ڕادەگەیەنێت کوڕەکە چی لێدێت.»
4
ژنەکەی یارۆڤعامیش بەو جۆرەی کرد و هەستا و چوو بۆ شیلۆ، چوو بۆ ماڵی ئاحییا.
ئاحییاش نەیدەتوانی ببینێت، چونکە بەهۆی پیرییەوە چاوەکانی کز ببوون.
5
یەزدانیش بە ئاحییای فەرموو: «ئەوەتا ژنەکەی یارۆڤعام دێتە لات تاکو شتێکت لەبارەی کوڕەکەیەوە لێ بپرسێت، چونکە نەخۆشە. تۆش لە وەڵامدا ئەمە و ئەوەی پێ بڵێ. کە دێتە ژوورەوە، خۆی بە کەسێکی دیکە نیشان دەدات.»
6
ئەوە بوو کە ئاحییا گوێی لە دەنگی پێی بوو لە دەرگاکەوە دەهاتە ژوورەوە، گوتی: «ژنەکەی یارۆڤعام، وەرە ژوورەوە. بۆچی وا شێوەی خۆتت گۆڕیوە؟ من نێردراوی هەواڵێکی ناخۆشم بۆ تۆ.
7
بڕۆ و بە یارۆڤعام بڵێ: یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”لەنێو گەل پایەبەرزم کردیت و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم.
8
پاشایەتییەکەم لە بنەماڵەی داود سەندەوە و دامە تۆ، تۆش وەک داودی بەندەم نەبوویت، ئەوەی کاری بە ڕاسپاردەکانم کرد و ئەوەی بە هەموو دڵییەوە دوام کەوت، بۆ ئەوەی تەنها ئەوەی لەبەرچاومدا ڕاستە بیکات.
9
بەڵام تۆ لە هەموو ئەوانەی پێش خۆت زیاتر خراپەت کرد و چوویت خودای دیکەت لەگەڵ بتە داڕێژراوەکان بۆ خۆت دروستکرد، تاکو پەستم بکەیت، هەروەها منیشت پشتگوێ خست.
10
«”لەبەر ئەوە، بنەماڵەی یارۆڤعام تووشی کارەسات دەکەم. هەموو نێرینەیەکی بنەماڵەی یارۆڤعام لە ئیسرائیل بنبڕ دەکەم، جا کۆیلە بێت یان ئازاد. پاشماوەی بنەماڵەی یارۆڤعام دەسووتێنم، هەروەک چۆن تەپاڵە هەتا تەواو دەبێت دەسووتێنرێت.
11
هەرکەسێکی یارۆڤعام لەناو شار بمرێت سەگ دەیخوات و هەرکەسێکیش لە دەشتودەر بمرێت باڵندەی ئاسمان دەیخوات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە!“
12
«تۆش هەستە و بگەڕێوە ماڵەکەت، کە پێ دەخەیتە ناو شارەکە کوڕەکەت دەمرێت.
13
هەموو ئیسرائیلیش شیوەنی بۆ دەگێڕن و دەینێژن، چونکە تەنها ئەم لە نەوەی یارۆڤعام دەچێتە ناو گۆڕ، لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو بنەماڵەی یارۆڤعام تەنها لە ئەودا چاکەی بینی.
14
«یەزدان خۆی پاشایەک بۆ ئیسرائیل دادەنێت کە ماڵی یارۆڤعام بنبڕ دەکات. ئەمە ڕۆژەکەیە! بەڵێ، ئەمە ڕۆژەکەیە.
15
یەزدان لە ئیسرائیلیش دەدات، وەک قامیشێک کە چۆن لەناو ئاو دەلەرێتەوە. ئیسرائیل لەم زەوییە چاکە ڕیشەکێش دەکات کە داویەتییە باوباپیرانیان و بۆ ئەوبەری ڕووباری فورات پەرتەوازەیان دەکات، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێراکانیان[a] دروستکرد و یەزدانیان پەست کرد.
16
خودا ئیسرائیل ڕادەست دەکات بەهۆی گوناهەکانی یارۆڤعام و گوناهەکانی ئیسرائیل کە ئەو هۆکاری ئەنجامدانیان بوو.»
17
ئینجا ژنەکەی یارۆڤعام هەستا و ڕۆیشت، چوو بۆ تیرزە. کاتێک گەیشتە بەردەرگای ماڵ کوڕەکە مرد.
18
ناشتیان و هەموو ئیسرائیل شیوەنی بۆ گێڕا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی بەندەی خۆی، ئاحییای پێغەمبەرەوە فەرمووی.
19
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعامیش کە چۆن جەنگاوە و چۆن پاشایەتی کردووە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
20
یارۆڤعام بیست و دوو ساڵ پاشایەتی کرد، ئینجا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. ئیتر نادابی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە یەهودا 
21
ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، کە نەعمای عەمۆنی دایکی بوو، لە تەمەنی چل و یەک ساڵی لە یەهودا بوو بە پاشا. حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی یەزدان لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵیبژارد تاکو ناوی خۆی تێدا دابنێت.
22
گەلی یەهوداش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، ئینجا بەو گوناهانەی کە کردیان لە باوباپیرانیان زیاتر ئیرەیی یەزدانیان وروژاند.
23
هەروەها ئەوانیش نزرگەی سەر بەرزایی و بەردی تەرخانکراو[b] و ستوونە ئەشێراکانیان لەسەر هەر گردێکی بەرز و لەژێر هەر دارێکی سەوز بۆ خۆیان دامەزراند.
24
تەنانەت پیاوی لەشفرۆشیش لە نزرگەکانی خاکەکە هەبوو، هەموو نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەیان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وەدەرینان.
25
لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم.
26
گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، هەموو قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد، کە سلێمان دروستی کردبوون.
27
لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە.
28
هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.
29
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ڕەحەڤەعام و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
30
بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
31
ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەلای ئەوان لە شاری داود بە خاک سپێردرا، نەعمای عەمۆنی دایکی بوو. ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  1. a. 14‏:15 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏‏.‏
  2. b. 14‏:23 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16‏:21‏-22.‏