عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕاگەیاندنی وشکەساڵی لەلایەن ئەلیاسەوە 
1
ئەوە بوو ئەلیاسی[a] تیشبی کە دانیشتووێکی گلعاد بوو بە ئەحاڤی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەو خودایەی کە دەیپەرستم، لەم چەند ساڵەی داهاتوو نە شەونم دەبێت و نە باران، هەتا لە دەمی منەوە نەگوترێت!»
2
پاشان فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات:
3
«لێرە بڕۆ و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکە، لەلای شیوی کەریس خۆت بشارەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە.
4
لە جۆگەکە دەخۆیتەوە و فەرمانیشم بە قەلەڕەشەکان داوە لەوێ خواردنت بۆ دابین بکەن.»
5
ئەویش کاری بە فەرمایشتی یەزدانی کرد، چوو لە شیوی کەریس مایەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە.
6
قەلەڕەشەکانیش بەیانییان و ئێواران نان و گۆشتیان بۆ دەهێنا، لە جۆگەکەش ئاوی دەخواردەوە.
بێوەژنی سەرەفەند 
7
پاش ماوەیەک جۆگەکە وشکی کرد، چونکە باران لە خاکەکە نەبوو.
8
ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
9
«هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.»
10
ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.»
11
کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.»
12
ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.»
13
ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە،
14
چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“»
15
ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو.
16
کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی.
17
دوای ماوەیەک کوڕی ژنە خاوەن ماڵەکە نەخۆش کەوت، نەخۆشییەکەی بە جۆرێک سەخت بوو کە هەناسەی لێ بڕا.
18
ئینجا بە ئەلیاسی گوت: «ئەی پیاوی خودا، چیت لەسەر من هەیە؟ ئایا هاتووی بۆ لای من هەتا تاوانەکەم بەبیر بهێنیتەوە و کوڕەکەم بمرێنیت؟»
19
ئەلیاسیش پێی گوت: «کوڕەکەتم بدێ.» لە باوەشییەوە بردی و سەری خستە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمایەوە، لەسەر جێگاکەی خۆی پاڵی خست.
20
هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، ئایا خراپەت بەسەر ئەم بێوەژنەش هێنا کە من لەلای ئەو ئاوارەم، بەوەی کوڕەکەی ئەوت کوشت؟»
21
ئینجا سێ جار لەسەر کوڕەکە درێژ بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، با گیانی ئەم کوڕە بگەڕێتەوە ناوی!»
22
یەزدانیش گوێی لە هاوارەکەی ئەلیاس گرت، گیانی کوڕەکە گەڕایەوە ناوی و زیندووبووەوە.
23
ئینجا ئەلیاس کوڕەکەی برد و لە ژوورەکەی سەرەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە و دایە دەست دایکی. ئەلیاس گوتی: «ببینە، کوڕەکەت زیندووە!»
24
ژنەکەش بە ئەلیاسی گوت: «ئێستا زانیم کە تۆ پیاوی خودایت و ئەوەی دەیڵێیت فەرمایشتی یەزدانە و ڕاستییە.»
  1. a. 17‏:1 ئەلیاس: لە زمانی عیبری بە واتای (یەزدان خودامە) دێت.‏