عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ژیان لە پێناوی خودا 
1
وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناهکردن دەوەستێ،
2
تاکو ئەو کاتەی بە جەستە لە ژیاندا ماوە بۆ هەوەسی مرۆڤانە نەژی، بەڵکو بۆ خواستی خودا.
3
ئیتر ئەو کاتەی لە ئەنجامدانی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستیی قێزەون.
4
لەمە سەرسام دەبن کە لەگەڵیان ڕاناکەن بۆ لافاوی هەمان بەدڕەوشتی و جنێوتان پێدەدەن.
5
بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات،
6
چونکە بەم هۆیەوە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین.
7
کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن.
8
لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بەهێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت.
9
بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن.
10
هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا.
11
ئەگەر کەسێک وتار دەدات، با بە جۆرێک بدوێت وەک کەسێک کە پەیامی خودا ڕابگەیەنێت. ئەگەر کەسێک خزمەت دەکات، با بەو هێزەوە بیکات کە خودا دابینی کردووە، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە خودا لە هەموو شتێکدا شکۆدار بێت. هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.
وەک قوتابی مەسیح ئازار بچێژن 
12
خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە،
13
بەڵکو دڵخۆش بن وەکو ئەوەی کە بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کردبێت، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن.
14
ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان.
15
با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ،
16
بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە،
17
چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟
18
﴿ئەگەر کەسی ڕاستودروست بە زەحمەت ڕزگاری ببێت،
ئەی چارەنووسی خراپەکار و گوناهبار چۆن دەبێت؟﴾[a]
19
بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.
  1. a. 4‏:18 پەندەکان 11‏:31‏‏