عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ڕۆژێک یۆناتانی کوڕی شاول بەو لاوەی گوت کە تفاقەکەی بۆ هەڵدەگرت: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی فەلەستییەکان، ئەوانەی لەوبەرن.» بەڵام بە باوکی نەگوت.
2
شاولیش لە قەراغی گیڤعادا لەژێر ئەو دار هەنارەی لە میگرۆنە دانیشتبوو، ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی مابوونەوە نزیکەی شەش سەد پیاو بوون،
3
لەنێوانیان ئاحییای کاهین بوو کە ئێفۆدی لەبەردا بوو. ئاحییا کوڕی ئەحیتوڤی برای ئیخاڤۆدی کوڕی فینەحاسی کوڕی عێلیی کاهینی یەزدان بوو لە شیلۆ. کەس نەیدەزانی کە یۆناتان ڕۆیشتووە.
4
لەنێوان ئەو دەربەندەی کە یۆناتان ویستی لێی بپەڕێتەوە بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان هەڵدێرێک لەم بەر و هەڵدێرێک لەو بەر هەبوو، ناوی یەکێکیان بۆچێچ و ناوی ئەوی دیکەیان سەنە بوو.
5
یەکێکیان ڕووی لە باکوور بوو بەرامبەر بە میخماس چەقی بوو و ئەوەی دیکەیان ڕووی لە باشوور بوو بەرامبەر بە گەڤەع.
6
ئینجا یۆناتان بە لاوەکەی گوت کە هەڵگری تفاقەکانی بوو: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی ئەو خەتەنەنەکراوانە، بەڵکو یەزدان کارێکی وامان بۆ بکات، چونکە هیچ شتێک ناتوانێت لەبەردەم یەزدان ببێتە بەربەست بۆ ڕزگارکردن، چ زۆر بین یان کەم.»
7
هەڵگری تفاقەکانیشی گوتی: «هەرچی لەسەر دڵتە ئەوە بکە و پێش بکەوە. ئەوەتا، منیش بە تەواوی لەگەڵتدام.»
8
یۆناتانیش گوتی: «ئەوەتا ئێمە دەپەڕینەوە بۆ لای ئەو پیاوانە و خۆمانیان نیشان دەدەین،
9
ئەگەر پێیان گوتین: ”ڕابوەستن هەتا دەگەینە لاتان،“ لە شوێنی خۆماندا ڕادەوەستین و سەرناکەوین بۆ لایان.
10
بەڵام ئەگەر گوتیان: ”سەربکەون بۆ لامان،“ ئەوا سەردەکەوین، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەستمانەوە، ئەمەش نیشانەیە بۆمان.»
11
ئینجا هەردووکیان خۆیان بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان دەرخست و فەلەستییەکانیش گوتیان: «تەماشا بکەن، عیبرانییەکان لەو کونانە دێنە دەرەوە کە خۆیان تێیدا شاردبووەوە.»
12
ئینجا پیاوانی سەربازگەکە هاواریان لە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی کرد و گوتیان: «سەربکەون بۆ لامان، شتێکتان فێر دەکەین.»
یۆناتانیش بە هەڵگری تفاقەکەی گوت: «بەدوامدا سەربکەوە، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەست گەلی ئیسرائیل.»
13
یۆناتان بە دەست و پێیەکانی سەرکەوت و هەڵگری تفاقەکانیشی بەدوایەوە بوو. فەلەستییەکانیش لەبەردەم یۆناتان کەوتن و هەڵگری تفاقەکانیشی لەدوایەوە دەیکوشتن،
14
یەکەم گورز کە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی وەشاندییان، لە ڕووبەری کەمتر لە یەک دۆنم زەویدا نزیکەی بیست پیاویان کوشت.
تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان 
15
ترسێکی زۆر باڵی کێشا بەسەر تەواوی سوپادا، واتا هەر هەموو ئەوانەی لە ئۆردوگا و کێڵگە و سەربازگەکە بوون، هەروەها تێکدەرەکانیش، زەویش لەرزی. ترسێکی ئێجگار زۆر بوو لە خوداوە.
16
ئێشکگرەکانی شاول لە گیڤعای بنیامینەوە بینییان کە سوپاکە توایەوە و بە هەموو لایەکدا پەرتەوازە بوون.
17
ئینجا شاول بەو لەشکرەی گوت کە لەگەڵی بوون: «تکایە سەرژمێری بکەن و ببینن کێ لە ئێمە ڕۆیشتووە.» ئەوانیش سەرژمێرییان کرد و بینییان وا یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی لەوێ نەبوون.
18
شاول بە ئاحییای گوت: «سندوقی خودا بهێنە ئێرە.» لەو ڕۆژانەدا سندوقی خودا لەلای نەوەی ئیسرائیل بوو.
19
هێشتا شاول قسەی لەگەڵ کاهینەکە دەکرد، هەراوهۆریا لەناو ئۆردوگای فەلەستییەکان هەتا دەهات زیاتر دەبوو، بۆیە شاول بە کاهینەکەی گوت: «دەست بکێشەوە.»
20
ئینجا شاول و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون یەکیانگرت و چوون بۆ جەنگەکە. بینییان فەلەستییەکان لە پەشۆکاوییەکی زۆر گەورەدان و شمشێری هەریەکەیان لە دژی هاوڕێکەیەتی.
21
هەروەها عیبرانییەکانی ئەو دەوروبەرەش کە پێشتر لەگەڵ فەلەستییەکاندا بوون و لەگەڵیاندا بۆ ئۆردوگاکە سەرکەوتبوون، ئەوانیش چوونە پاڵ ئەو ئیسرائیلییانەی لەگەڵ شاول و یۆناتاندا بوون.
22
کاتێک پیاوانی ئیسرائیل، ئەوانەی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا خۆیان شاردبووەوە، بیستیانەوە کە فەلەستییەکان هەڵاتوونە، ئەوانیش لە نزیکەوە بەرەو جەنگەکە دوایان کەوتن.
23
جا یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی ڕزگار کرد و جەنگەکە گوازرایەوە بۆ بێت‌ئاڤن.
یۆناتان هەنگوین دەخوات 
24
پیاوانی ئیسرائیل لەو ڕۆژە پەرێشان بوون، چونکە شاول گەلی سوێند دا و گوتی: «نەفرەت لەو پیاوە بێت، ئەوەی بەر لە ئێوارە نان بخوات و پێش ئەوەی تۆڵە لە دوژمنەکانم بکەمەوە.» بۆیە هەموو سوپاکە تامی نانیان نەکرد.
25
ئینجا هەموو سوپاکە هاتنە دارستانێک و هەنگوین بەسەر ڕووی زەوییەکەوە بوو.
26
کاتێک سوپاکە هاتنە ناو دارستانەکەوە بینییان ئەوەتا هەنگوین دەتکێت، بەڵام کەس دەستی بۆ دەمی نەبرد، چونکە گەل لە سوێندەکە ترسان.
27
بەڵام یۆناتان نەیبیستبوو کە باوکی سوپای سوێند دابوو، جا نووکی داردەستەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژ کرد و خستییە ناو شانە هەنگوینەکە و بۆ دەمی برد، ئیتر چاوەکانی گەشانەوە.
28
ئینجا یەکێک لە سەربازەکان پێی گوت: «باوکت بە توندی سوپای سوێند دا و گوتی: ”نەفرەت لەو پیاوە بێت کە ئەمڕۆ نان دەخوات!“ لەبەر ئەوە جەنگاوەران لە پەلوپۆ کەوتبوون.»
29
یۆناتانیش گوتی: «باوکم گیروگرفتی لە خاکەکەدا ناوەتەوە، تکایە تەماشا بکەن چاوەکانم چۆن گەشاونەتەوە، چونکە کەمێک لەم هەنگوینەم تام کرد.
30
ئەی ئەگەر ئەمڕۆ جەنگاوەرەکان لە دەستکەوتی دوژمنەکانیان بخواردایە کە دەستیان کەوتووە، ئایا ئەو گورزەی لە فەلەستییەکان وەشێنرا گەورەتر نەدەبوو؟»
31
لەو ڕۆژەدا لە میخماسەوە هەتا ئەیالۆن گورزیان لە فەلەستییەکان وەشاند، جەنگاوەرەکان لە پەلوپۆ کەوتبوون.
32
پاشان سوپاکە هەڵیانکوتایە سەر دەستکەوتەکە[a] و مەڕ و مانگا و گوێرەکەیان برد و لەسەر زەوی سەریان بڕین و جەنگاوەرەکان بە خوێنەوە خواردیان.
33
بە شاولیان گوت: «وا سوپاکە گوناه لە دژی یەزدان دەکەن کە گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن.»
ئەویش گوتی: «ناپاکیتان کرد، دەستبەجێ بەردێکی گەورە بۆ ئێرە گلۆر بکەنەوە.»
34
ئینجا گوتی: «بەناو سوپادا بڵاو ببنەوە و پێیان بڵێن: ”با هەریەکە گا و بەرانەکەی خۆی بۆم بهێنێتە پێش و لێرە سەری ببڕن، ئینجا بیخۆن و گوناه لە دژی یەزدان مەکەن کە گۆشتەکە بە خوێنەوە بخۆن.“»
ئیتر هەموو سوپا لەو شەوەدا هەریەکە و گایەکەی هێنایە پێش و لەوێدا سەری بڕی.
35
ئینجا شاول قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا، ئەوە یەکەم قوربانگا بوو کە بۆ یەزدانی بنیاد نا.
36
پاشان شاول گوتی: «با بە شەو بەدوای فەلەستییەکاندا بچینە خوارەوە و هەتا بەرەبەیان تاڵانیان بکەین و قڕیان بکەین.»
ئەوانیش گوتیان: «چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە.»
بەڵام کاهینەکە گوتی: «با لێرە لە خودا بپرسین.»
37
ئینجا شاول پرسیاری لە خودا کرد: «ئایا بەدوای فەلەستییەکاندا دابەزم؟ ئایا دەیاندەیتە دەست گەلی ئیسرائیل؟» بەڵام لەو ڕۆژەدا وەڵامی نەدایەوە.
38
جا شاول گوتی: «ئەی هەموو ڕابەرانی سوپا، وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە، بزانن و ببینن ئەمڕۆ ئەو گوناهە چۆن ڕوویداوە،
39
چونکە بە یەزدانی زیندوو کە ڕزگارکەری ئیسرائیلە، تەنانەت ئەگەر لە یۆناتانی کوڕیشم بێ، دەبێت بمرێت.» بەڵام لە هەموو سوپاکە کەس وەڵامی نەدایەوە.
40
ئینجا بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئێوە لەلایەک بن و من و یۆناتانی کوڕیشم لەلایەک دەبین.»
جەنگاوەرەکانیش بە شاولیان گوت: «چی بە باش دەزانیت بیکە.»
41
شاول گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمڕۆ وەڵامی خزمەتکارەکەت نادەیتەوە؟ ئەگەر هەڵەی من یان یۆناتانی کوڕمە، ئەوا ئوریممان پێبدە. بەڵام ئەگەر هەڵەی گەلی ئیسرائیلە ئەوا تومیممان پێبدە[b] .» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان و شاول، بەڵام سوپاکە بێتاوان دەرچوون.
42
ئینجا شاول گوتی: «لەنێوان من و یۆناتانی کوڕم تیروپشک هەڵبدەن.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان.
43
ئینجا شاول بە یۆناتانی گوت: «پێم بڵێ چیت کردووە.»
یۆناتانیش پێی ڕاگەیاند: «بە نووکی داردەستەکەم کە بەدەستمەوە بوو کەمێک هەنگوینم تامکرد. ئایا ئێستا دەبێت بمرم؟»
44
شاولیش گوتی: «یۆناتان! ئەگەر تۆ نەمریت، با خودا توندترین سزام بدات.»
45
بەڵام جەنگاوەران بە شاولیان گوت: «ئایا یۆناتان، ئەوەی ئەم ڕزگارییە گەورەیەی لە ئیسرائیلدا هێنایە دی دەبێ بمرێت؟ حاشا! بە یەزدانی زیندوو، نابێت تاڵە مووێکی سەری بکەوێتە سەر زەوی، چونکە ئەمڕۆ ئەو لەگەڵ خودا ئەمەی کردووە.» جا گەل یۆناتانیان دەرباز کرد و نەمرد.
46
ئینجا شاول وازی لە ڕاونانی فەلەستییەکان هێنا و فەلەستییەکانیش بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە.
47
دوای ئەوەی شاول جڵەوی پاشایەتی ئیسرائیلی گرتە دەست، لە دژی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری جەنگا، مۆئاب و عەمۆن و ئەدۆم و پاشاکانی چۆڤا و فەلەستییەکان. ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، سەردەکەوت.
48
هەروەها دلێرانە جەنگا و گورزی لە عەمالێقییەکان وەشاند و ئیسرائیلی لە دەستی تاڵانکەرانی دەرباز کرد.
کەسوکاری شاول 
49
کوڕەکانی شاولیش، یۆناتان و یەشڤی و مەلکی‌شوەع بوون. ناوی دوو کچەکەشی، ناوی گەورەکەیان مێرەڤ و بچووکەکەشیان ناوی میخەل بوو.
50
ژنەکەشی ناوی ئەحینۆعەمی کچی ئەحیمەعەچ بوو. فەرماندەی گشتی سوپاکەشی ناوی ئەبنێری کوڕی نێری مامی شاول بوو،
51
قیشی باوکی شاول و نێری باوکی ئەبنێریش کوڕی ئەبیێل بوون.
52
بە درێژایی ماوەی حوکمڕانی شاول جەنگێکی سەخت لە دژی فەلەستییەکان هەبوو، جا شاول هەر پیاوێکی دلێر و ئازای دەبینی دەیهێنایە پاڵ خۆی.
  1. a. 14‏:32 واتا دەستکەوتی جەنگ یان تاڵانی.‏
  2. b. 14‏:41 تیروپشکەکە ئەو ئۆریم و تومیمە بوو کە بە بەرسینەی کاهینەوە بوو، لە شێوەی دوو بەردی ڕەنگ جیاواز بوون، یەکێکیان سپی و ئەوی دیکەیان ڕەش، لە ئێفۆدەکەوە وەریانگرتووە و بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و دیارکردنی خواستی خودا. بڕوانە دەرچوون 28‏:30‏‏.‏