عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داود لە عەدولام و میچپا 
1
پاشان داود لە گەت ڕۆیشت و بۆ ئەشکەوتی عەدولام دەرباز بوو. کاتێک براکانی و هەموو ماڵی باوکی ئەمەیان بیست، چوونە ئەوێ بۆ لای.
2
جا هەرچی پیاوی لێقەوماو و قەرزار و ناڕازی لە ژیان هەبوو لێی کۆبوونەوە، ئەویش بوو بە سەرۆکیان، نزیکەی چوار سەد پیاوی لەگەڵ بوو.
3
داود لەوێوە چوو بۆ میچپای مۆئاب و بە پاشای مۆئابی گوت: «تکایە با دایک و باوکم بۆ لای ئێوە بێن، هەتا بزانم خودا چیم بۆ دەکات.»
4
هەردووکیانی برد بۆ لای پاشای مۆئاب و ئەوانیش لەلای مانەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی داود لە قەڵاکە بوو.
5
بەڵام گادی پێغەمبەر بە داودی گوت: «لەناو قەڵاکە مەمێنەرەوە، بڕۆ ناو خاکی یەهودا.» داودیش ڕۆیشت و چوو بۆ دارستانی حەرەت.
کوشتنی کاهینەکانی شاری نۆڤ 
6
ئینجا شاول گوێی لێبوو کە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان ئاشکرا بوون. جا شاول لە گیڤعا لەژێر دار گەزێک لە ڕامە دانیشتبوو و ڕمەکەی بەدەستەوە بوو، سەرجەم خزمەتکارەکانی لە دەوری وەستابوون.
7
شاول پێی گوتن: «ئەی بنیامینییەکان، ئێستا گوێ بگرن! ئایا کوڕەکەی یەسا کێڵگە و ڕەزەمێو بە هەمووتان دەدات؟ ئایا هەمووتان دەکاتە فەرماندەی هەزاران و سەدان؟
8
هەموو پیلانتان لە دژم گێڕاوە، کەستان پەیمانی نێوان کوڕەکەی من و کوڕەکەی یەساتان بۆ ئاشکرا نەکردم. کەستان دڵی پێم ناسووتێت، کەستان بەگوێمدا نەیچرپاند کە کوڕەکەم خزمەتکارەکەی خۆمی لێ هەستاندوومەتەوە هەتا وەک ئەمڕۆ بۆسەم بۆ دابنێتەوە.»
9
بەڵام دۆئێگی ئەدۆمی کە لەگەڵ خزمەتکارەکانی شاولدا وەستابوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕەکەی یەسام بینی بۆ نۆڤ دەهات، بۆ لای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ.
10
ئەحیمەلەخیش پرسیاری لە یەزدان بۆ کرد، ئازووقەی پێدا و شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستیشی دایێ.»
11
پاشا ناردی بەدوای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤی کاهین و هەموو ماڵی باوکی، ئەو کاهینانەی لە نۆڤ بوون، بانگی کردن و هەموویان هاتن بۆ لای پاشا.
12
شاول گوتی: «کوڕی ئەحیتوڤ، ئێستا گوێ بگرە.»
ئەویش گوتی: «بەڵێ، گەورەم.»
13
شاول پێی گوت: «بۆچی خۆت و کوڕەکەی یەسا پیلانتان لە دژم گێڕا، بەوەی نان و شمشێرت پێداوە و پرسیارت لە خودا بۆ کردووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە دژم هەستێت و بۆسەم بۆ بنێتەوە؟»
14
ئەحیمەلەخیش وەڵامی پاشای دایەوە: «جا لە هەموو خزمەتکارەکانت کێ وەک داود دڵسۆزە، زاوای پاشا و فەرماندەی پاسەوانانی خۆت، لە ماڵەکەتدا ڕێزدارە؟
15
ئایا ئەمە یەکەم جار بووە بۆی لە خودا بپرسم؟ نەخێر! با پاشا هیچ نەخاتە پاڵ خزمەتکارەکەی و پاڵ هەموو ماڵی باوکم، چونکە خزمەتکارەکەت کەم یان زۆر، هیچ لەبارەی ئەمەوە نازانێت.»
16
بەڵام پاشا گوتی: «ئەحیمەلەخ، بە دڵنیاییەوە سزای خۆت و هەموو ماڵی باوکت مردنە.»
17
ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون: «بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە، چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.»
بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن.
18
ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت: «تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.» دۆئێگی ئەدۆمیش[a] چوو و لە کاهینەکانی دا، لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت،
19
نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر، پیاو و ئافرەت، منداڵ و شیرەخۆرە، گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.
20
بەڵام تاکە کوڕێکی ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ کە ناوی ئەبیاتار بوو دەرباز بوو و ڕایکرد بۆ لای داود.
21
جا ئەبیاتار بە داودی ڕاگەیاند کە شاول کاهینەکانی یەزدانی کوشتووە.
22
داودیش بە ئەبیاتاری گوت: «لەو ڕۆژەوەی کە دۆئێگی ئەدۆمی لەوێ بوو زانیم بێگومان بە شاول ڕادەگەیەنێت. من بوومە هۆی کوشتنی هەموو ماڵی باوکت.
23
لەگەڵ مندا بمێنەرەوە و مەترسە، چونکە ئەوەی دەیەوێ من بکوژێت دەیەوێ تۆش بکوژێت، بەڵام لەلای من پارێزراو دەبیت.»
  1. a. 22‏:18 خەڵکی ئەدۆم سەر بە نەوەی ئیسرائیل نەبوون.‏