عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سندوقی خودا لە ئەشدۆد و عەقرۆن
 - 1
 - فەلەستییەکانیش سندوقی خودایان برد و لە بەردی یارمەتییەوە هێنایان بۆ ئەشدۆد[a] .
 - 2
 - ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن[b] دایاننا.
 - 3
 - جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە.
 - 4
 - بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە.
 - 5
 - لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ نانێن بەسەر سەکۆی بەر دەروازەکەدا.
 - 6
 - یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی[c] جەستەی کردن.
 - 7
 - کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.»
 - 8
 - جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان بۆ لای خۆیان کۆکردەوە و گوتیان: «چی لە سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بکەین؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «با سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بگوازرێتەوە بۆ گەت.» ئینجا سندوقی خودای ئیسرائیلیان بۆ گەت گواستەوە. - 9
 - بەڵام پاش ئەوەی گواستیانەوە، یەزدان دژایەتی شارەکەی کرد و زۆر بە توندی ئەوانی تۆقاند، لە خەڵکی شارەکەی دا، لە بچووکەوە هەتا گەورە، تووشی ئاوسان هاتن.
 - 10
 - ئینجا سندوقی خودایان بۆ عەقرۆن نارد.
جا کە سندوقی خودا چووە ناو عەقرۆنەوە، عەقرۆنییەکان هاواریان کرد و گوتیان: «سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلیان بۆ ناو ئێمە گواستەوە هەتا خۆمان و گەلەکەمان بکوژن.» - 11
 - جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «سندوقی خودای ئیسرائیل بنێرن و با بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، با خۆمان و گەلەکەمان نەمرین.» لەبەر ئەوەی ترسی مردن لەناو هەموو شارەکەدا هەبوو و دەستی خودا لەوێ زۆر قورس بوو.
 - 12
 - ئەوانەش کە نەمردن تووشی ئاوسان بوون، هاواری شارەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە.
 
- a. 5:1 شارێکی فەلەستییەکان بوو.
 - b. 5:2 واتا پەیکەری داگۆن.
 - c. 5:6 ئەم نەخۆشییە کە لە ڕێگای جرجەوە بووە، دەشێت تاعوونە ڕەشە بێت کە لووی لیمفاوی لەبن باڵ و بن ڕان دروستدەکات.
 

