عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان،
 - 2
 - بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا:
با نیعمەت[a] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت. - مەترسی فێرکردنی جیاواز
 - 3
 - کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز[b] نەدەن و
 - 4
 - گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی کە لە باوەڕەوەیە.
 - 5
 - ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە[c] بریتییە لە خۆشەویستی لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی.
 - 6
 - هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون،
 - 7
 - دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە تێناگەن لەوەی کە دەیڵێن و دەیچەسپێنن.
 - 8
 - بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت،
 - 9
 - هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان،
 - 10
 - داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت،
 - 11
 - بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.
 - سوپاسکردن بۆ بەزەیی خودا
 - 12
 - سوپاسی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم.
 - 13
 - هەرچەندە جاران کفرکەر و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام عیسا بەزەیی پێمدا هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی دەمکرد.
 - 14
 - سەرڕێژ بووم لە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت.
 - 15
 - ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە.
 - 16
 - بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی.
 - 17
 - با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.
 - 18
 - کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە بە باشی بجەنگیت،
 - 19
 - دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە، کە هەندێک کەس ڕەتیان کردەوە، جا کەشتی باوەڕیان تێکشکا[d] ،
 - 20
 - لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.
 
- a. 1:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
 - b. 1:3 فێرکردنێک بە مەبەستی چەواشەکردنی باوەڕداران و بڵاوکردنەوەی بەڕەڵایی.
 - c. 1:5 بڕوانە ئایەتی 3.
 - d. 1:19 مەبەست تێکشکانی باوەڕە لە دڵی باوەڕدار.
 

