عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پێشبینی میخایو سەبارەت بە ئەحاڤ
 - 1
 - یەهۆشافات دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، لەگەڵ ئەحاڤ ژنوژنخوازی کرد.
 - 2
 - دوای چەند ساڵێک چوو بۆ لای ئەحاڤ لە سامیرە. ئەحاڤیش مەڕ و مانگای زۆری بۆ ئەو و بۆ ئەو خەڵکەش کە لەگەڵیدا بوون سەربڕی و هانی دا پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدات.
 - 3
 - ئەحاڤ پاشای ئیسرائیل پرسیاری لە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد؟»
یەهۆشافاتیش وەڵامی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت، لەگەڵتداین بۆ جەنگ.» - 4
 - بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.»
 - 5
 - ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»
ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» - 6
 - بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟»
 - 7
 - پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.»
یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.» - 8
 - لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!»
 - 9
 - لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو و هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو لەسەر جۆخینەکەی[a] لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد.
 - 10
 - سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“»
 - 11
 - هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
 - 12
 - ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.»
 - 13
 - بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی خودا پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.»
 - 14
 - کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»
ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، دەدرێتە دەستتان.» - 15
 - پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟»
 - 16
 - ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی: ”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“»
 - 17
 - پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟»
 - 18
 - میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون.
 - 19
 - یەزدان فەرمووی: ”کێ ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“
«یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە. - 20
 - ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی: ”من فریوی دەدەم.“
«یەزدانیش لێی پرسی: ”بە چی؟“ - 21
 - «ئەویش گوتی: ”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“
«یەزدانیش پێی فەرموو: ”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“ - 22
 - «ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی خستووەتە ناو دەمی پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.»
 - 23
 - ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟»
 - 24
 - میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.»
 - 25
 - ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببەن و بیگەڕێننەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا،
 - 26
 - پێیان بڵێن: ”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“»
 - 27
 - میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!»
 - کوشتنی ئەحاڤ لە ڕامۆتی گلعاد
 - 28
 - ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد.
 - 29
 - پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە.
 - 30
 - پاشای ئارام فەرمانی بە فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.»
 - 31
 - کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» گەڕانەوە بۆ ئەوەی شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام یەهۆشافات هاواری کرد و یەزدانیش یارمەتی دا و ئەوانی لێ دوورخستەوە.
 - 32
 - کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا.
 - 33
 - پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و پاشای ئیسرائیلی لە درزی نێو بەشەکانی زرێیەکەیەوە پێکا، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.»
 - 34
 - لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، هەتا ئێوارە پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، کاتی خۆر ئاوابوون مرد.
 
- a. 18:9 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.
 

