عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
 - 2
 - یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات چەند برایەکی هەبوو، عەزەریا، یەحیێل، زەکەریا، عەزەریاهو، میکائیل و شەفەتیا، هەموو ئەمانە کوڕی یەهۆشافاتی پاشای ئیسرائیل[a] بوون.
 - 3
 - باوکیان لە زێڕ و زیو و شتی گرانبەها زۆری پێدابوون، لەگەڵ شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا، بەڵام پاشایەتییەکەی بە یەهۆرام دا، چونکە نۆبەرە بوو.
 - پاشایەتی یەهۆرام
 - 4
 - کاتێک یەهۆرام جڵەوی پاشایەتییەکەی باوکی گرتە دەست و بەهێز بوو، هەموو براکانی و هەندێک لە میرەکانی ئیسرائیلی بە شمشێر کوشت.
 - 5
 - یەهۆرام تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و
 - 6
 - هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
 - 7
 - لەگەڵ ئەوەش یەزدان نەیویست بنەماڵەی داود لەناوببات، لەبەر ئەو پەیمانەی لەگەڵ داود بەستبووی، هەروەک پێی فەرموو بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.
 - 8
 - لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا.
 - 9
 - ئیتر یەهۆرام لەگەڵ سەرکردەکانی و هەموو گالیسکەکانی پەڕییەوە. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون.
 - 10
 - هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە.
هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو، چونکە یەهۆرام وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنابوو. - 11
 - هەروەها ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی لە چیاکانی یەهودا دروستکرد و وای لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد داوێنپیسی بکەن و یەهودای گومڕا کرد.
 - 12
 - یەهۆرام نامەیەکی لەلایەن ئەلیاس پێغەمبەرەوە وەرگرت کە تێیدا نووسرابوو:
«یەزدانی پەروەردگاری داودی باوکت ئەمە دەفەرموێت: ”تۆ ڕێچکەی یەهۆشافاتی باوکت و ئاسای پاشای یەهودات نەگرتەبەر، - 13
 - بەڵکو ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلت گرتەبەر و وات لە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد وەک ماڵی ئەحاڤ داوێنپیسی بکەن، هەروەها براکانی خۆتت کوشت، ئەوانەی ماڵی باوکت کە لە تۆ باشتر بوون.
 - 14
 - لەبەر ئەوە یەزدان گورزێکی جەرگبڕ لە گەلەکەت، کوڕەکانت، ژنەکانت و هەموو ئەوەی هەتە دەوەشێنێت،
 - 15
 - خۆشت تووشی نەخۆشییەکی ڕیخۆڵە دەبیت کە سەخت و درێژخایەن دەبێت، هەتا ڕیخۆڵەکانت لە لەشت دێنە دەرەوە.“»
 - 16
 - ئینجا یەزدان ڕۆحی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی لای کوشییەکانی لە یەهۆرام وروژاند و
 - 17
 - پەلاماری یەهودایان دا و داگیریان کرد و هەرچی لە کۆشکی پاشادا هەبوو لەگەڵ کوڕەکانی و ژنەکانیدا بردیان و هیچی بۆ نەمایەوە جگە لە ئەحەزیای کوڕە بچکۆلەی.
 - 18
 - پاش هەموو ئەمانەش یەزدان یەهۆرامی تووشی نەخۆشی ڕیخۆڵە کرد و چارەسەریشی نەبوو.
 - 19
 - نەخۆشییەکە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو هەتا لەدوای دوو ساڵ ڕیخۆڵەکانی هاتنە دەرەوە و بە ئازاری زۆرەوە مرد، گەلەکەشی ئاگرێکی وەک ئاگری[b]  باوباپیرانیان بۆ نەکردەوە.
 - 20
 - یەهۆرام لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بوو بە پاشا و هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و کە ڕۆیشت کەس بۆی بە داخ نەبوو و لە شاری داود ناشتیان، نەک لە گۆڕستانی پاشاکاندا.
 

