عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پاشایەتی عوزیا
 - 1
 - ئینجا هەموو گەلی یەهودا عوزیای[a] گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا.
 - 2
 - ئەو ئێلەتی بنیاد نایەوە و بۆ یەهودای گەڕاندەوە، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
 - 3
 - عوزیا گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
 - 4
 - بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
 - 5
 - عوزیا لە سەردەمی زەکەریای پێغەمبەر ڕووی لە خودا دەکرد کە فێری لەخواترسی دەکرد. هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕووی لە یەزدان دەکرد، خودا سەرکەوتووی کرد.
 - 6
 - لە دژی فەلەستییەکان جەنگی بەرپا کرد، شووراکانی گەت و یەڤنێ و ئەشدۆدی ڕووخاند. لە دەوروبەری ئەشدۆد و لە چەند شوێنێکی دیکە لەنێو فەلەستییەکان چەند شارۆچکەیەکی بنیاد ناوە.
 - 7
 - خوداش لە شەڕی دژی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی گور بەعل و مەعونییەکان یارمەتی دا.
 - 8
 - عەمۆنییەکانیش سەرانەیان بۆ عوزیا هێنا و ناوبانگی هەتا دەروازەی میسر بڵاو بووەوە، چونکە زۆر بەهێز بوو.
 - 9
 - عوزیا چەند قوللەیەکی لە ئۆرشەلیم لەسەر دەروازەی گۆشەکە و دەروازەی دۆڵەکە و لەلای گۆشەکەوە بنیاد نا و قاییمی کردن.
 - 10
 - هەروەها چەند قوللەیەکی لە چۆڵەوانیدا بنیاد نا و ئەمباراوی زۆریشی لێدا، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری لە زوورگ و لە دەشت هەبوو، هەروەها جوتیار و ڕەزەوانی زۆریشی لە چیا و لە باخدا هەبوو، چونکە زۆر حەزی لە کشتوکاڵ بوو.
 - 11
 - عوزیا سوپایەکی مەشقپێکراوی هەبوو، بەگوێرەی ژمارەیان بە تیپی ڕێکخراو بەڕێ دەکەوتن. ئەمەش بەگوێرەی سەرژمێرییان لەلایەن یەعیێلی خامەی نهێنی و مەعسێیاهوی فەرماندە، لەژێر سەرپەرشتی حەنەنیا بوو کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پاشا.
 - 12
 - کۆی ژمارەی گەورەی بنەماڵەکان، لە پاڵەوانە ئازاکان، دوو هەزار و شەش سەد کەس بوو،
 - 13
 - سوپایەکی سێ سەد و حەوت هەزار و پێنج سەد سەربازی مەشقپێکراوی هەبوو کە زۆر بە قارەمانانە دەجەنگان بۆ یارمەتیدانی پاشا بەسەر دوژمنەکانیدا.
 - 14
 - هەروەها عوزیا بۆ هەموو سەربازەکان قەڵغان، ڕم، کڵاوی ئاسنی، زرێ، کەوان و بەردی قۆچەقانی بۆ دابین کردن.
 - 15
 - لە ئۆرشەلیم مەنجەنیقی دروستکرد کە داهێنانی پیشەوەرە شارەزاکان بوو، بۆ ئەوەی لەسەر قوللەکان و لەسەر گۆشەی شووراکان بن بۆ هاویشتنی تیر و بەردی گەورە. بەو شێوەیە ناوبانگی گەیشتە شوێنە دوورەکان، چونکە سەرسوڕهێنەرانە یارمەتی درا هەتا بەهێز بوو.
 - 16
 - بەڵام عوزیا پاش ئەوەی بەهێز بوو، لەخۆبایی بوو هەتا بووە هۆی کەوتنی خۆی. ناپاکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگار کرد و هاتە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بخوور لەسەر قوربانگای بخوور بسووتێنێت.
 - 17
 - عەزەریای کاهین لەگەڵ هەشتا کاهینی ئازای یەزدان لەدوای ئەو هاتنە ژوورەوە،
 - 18
 - بەرەنگاری عوزیای پاشا بوونەوە و پێیان گوت: «ئەی عوزیا، بۆت نییە بخوور بۆ یەزدان بسووتێنیت، چونکە بخوور سووتاندن بۆ کاهینە تەرخانکراوەکانی نەوەی هارونە. لە پیرۆزگاکە بڕۆ دەرەوە، چونکە تۆ ناپاکیت کرد و هیچ ڕێزێکت لەلای یەزدانی پەروەردگار نییە.»
 - 19
 - عوزیا پەست بوو و لە کاتی پەستبوونی لە کاهینەکان، بخووردانەکەی بەدەستەوە بوو بۆ بخوور سووتاندن. لەبەردەم کاهینەکان لەناو پەرستگای یەزدان لەلای قوربانگاکەی بخوور سووتاندن، نەخۆشی گولی لە ناوچەوانی دەرکەوت.
 - 20
 - کە عەزەریای سەرۆکی کاهین و کاهینەکانی دیکە ئاوڕیان لێی دایەوە و بینییان ناوچەوانی تووشی گەڕوگولی بووە، لەوێ دەریانکرد، هەروەها خۆشی بە پەلە بوو لە هاتنە دەرەوە، چونکە یەزدان تووشی کردبوو.
 - 21
 - عوزیا پاشا هەتا ئەو ڕۆژەی مرد گەڕوگول بوو، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، لەبەر گەڕوگولییەکەی لە پەرستگای یەزدانیش دەرکرا. یۆتامی کوڕیشی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.
 - 22
 - ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عوزیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، پێغەمبەر ئیشایای کوڕی ئامۆچ تۆماری کرد.
 - 23
 - عوزیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیک ئەوان لە گۆڕستانێکی دیکەی پاشاکان نێژرا کە شاهانە نەبوو، چونکە گوتیان: «گەڕوگولە.» ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
 
- a. 26:1 هەروەها بە ناوی عەزەریاش هاتووە.
 

