عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایەتی ئاحاز 
1
ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو نەیکرد،
2
بەڵکو هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر و چەند بتێکی داڕێژراویشی بۆ بەعلەکان دروستکرد.
3
ئەو بوو کە لە دۆڵی بەن‌هینۆم بخووری سووتاند و کوڕەکانی خۆشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن.
4
هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.
5
لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئەوی دایە دەست پاشای ئارام. ئارامییەکانیش تێکیان شکاند و دیلێکی زۆریان لێ ڕاپێچ کردن و ئەوانیان هێنایە دیمەشق.
هەروەها ئاحاز درایە دەست پاشای ئیسرائیل و ئەویش گورزێکی گەورەی لێ وەشاند.
6
بە یەک ڕۆژ پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو سەد و بیست هەزار سەربازی لە یەهودا کوشت، کە هەموویان پیاوی بەهێز بوون، چونکە وازیان لە یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنابوو.
7
زکری پاڵەوانی ئەفرایم مەعسێیاهوی کوڕی پاشای کوشت، هەروەها عەزریقامی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە و ئەلقانەی جێگری پاشاشی کوشت.
8
پیاوانی ئیسرائیل لە برایانی خۆیان لە یەهودا دوو سەد هەزار ژن و کوڕ و کچیان ڕاپێچ کرد و دەستکەوتێکی زۆریان لێ تاڵان کردن، دەستکەوتەکەیان هێنا بۆ سامیرە.
9
لەوێ پێغەمبەرێکی یەزدان هەبوو بە ناوی عۆدێد، چووە دەرەوە بۆ بەردەم ئەو سوپایەی کە دەهاتە سامیرە، پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان لەسەر یەهودا بوو، ئەوانی دایە دەستتان، بەڵام ئێوە هێندە بە تووڕەییەوە ئەوانتان کوشت هەتا هاواریان دەگەیشتە ئاسمان.
10
ئێستاش ئێوە بە نیازن نەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم بکەنە کۆیلە و کەنیزەی خۆتان، ئایا ئێوەش دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارتان تاوانبار نین؟
11
ئێستاش گوێم لێ بگرن! ئەو دیلانەی کە لە براکانتان بە دیلتان گرتووە بیانگەڕێننەوە، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان لەسەرتانە.»
12
ئینجا چەند سەرکردەیەک لە نەوەی ئەفرایم کە عەزەریای کوڕی یەهۆحانان و بەرەخیای کوڕی مەشیلێمۆت و یەحیزقیاهوی کوڕی شەلوم و عەماسای کوڕی حەدلای بوون، هەستان و چوون بەرەنگاری سوپاکە بوونەوە،
13
پێیان گوتن: «دیلەکان ناهێنن بۆ ئێرە، ئەگینا ئێمەش دەرهەق بە یەزدان تاوانبار دەبین. ئایا ئێوە بە نیازن گوناه و تاوانەکانمان زۆرتر بکەن؟ چونکە خۆمان پێشوەخت ئەوەندە تاوانمان زۆرە کە گڕی تووڕەیی خودا لە ئیسرائیل هاتووەتە جۆش.»
14
ئیتر سەربازەکان لەبەردەم سەرکردەکان و هەموو کۆمەڵەکەدا دیلەکان و تاڵانییەکەیان بەجێهێشت.
15
پاشان ئەو پیاوانەی ناویان دەستنیشان کرا، هەستان و دیلەکانیان برد و لە تاڵانییەکە جلیان لەبەر هەموو ڕووتەکانیان کرد، پۆشتەیان کردن و پێڵاویان لەپێکردن. نان و ئاویان دەرخوارد دان، بریندارەکانیان بە هەتووان[a] چارەسەر کرد و هەموو لاوازەکانیان سواری گوێدرێژ کرد و هێنایاننە ئەریحا، شاری دار خورما، بۆ لای براکانیان، ئینجا گەڕانەوە سامیرە.
16
لەو کاتەدا ئاحاز پاشا نێردراوی ناردە لای پاشای ئاشور، هەتا یارمەتی بدات،
17
چونکە دیسان ئەدۆمییەکان هاتبوون و هێرشیان کردبووە سەر یەهودا و چەند دیلێکیان لێ ڕاپێچ کردن.
18
هەروەها فەلەستییەکانیش پەلاماری شارۆچکەکانی زوورگەکان و نەقەبی یەهودایان دابوو. بێت‌شەمەش و ئەیالۆن و گەدێرۆتیان گرت، لەگەڵ سۆخۆ و تیمنا و گیمزۆ و دەوروبەریان، لەوێ نیشتەجێ بوون.
19
یەزدان بەهۆی ئاحازی پاشای ئیسرائیلەوە[b] یەهودای زەلیل کردەوە، چونکە ئەو یەهودای وا لێکرد کە لە خودا یاخی بێت و بە تەواوی ناپاکی لە یەزدان کرد.
20
تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور هاتە سەری و تەنگی پێهەڵچنی، لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی بکات.
21
لەگەڵ ئەوەی ئاحاز پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و ماڵی میرەکانی تاڵان کرد و دایە پاشای ئاشور، بەڵام سوودی نەبوو.
22
لە کاتی تەنگانەکەیدا ئاحازی پاشا زیاتر ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد و
23
قوربانی بۆ خوداوەندەکانی دیمەشق کرد، ئەوانەی ئەویان بەزاند و گوتی: «لەبەر ئەوەی خوداوەندەکانی پاشاکانی ئارامییەکان یارمەتییان دەدات، منیش قوربانییان بۆ سەردەبڕم بەڵکو یارمەتی منیش بدەن.» بەڵام ئەوان هۆی ڕووخانی ئەو و هەموو ئیسرائیل بوون.
24
ئاحاز کەلوپەلەکانی پەرستگای خودای کۆکردەوە و پارچەپارچەی کردن، دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی داخست و لەسەر سووچی هەموو شەقامێک لە ئۆرشەلیم قوربانگای دامەزراند.
25
لەناو هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندەکانی دیکە دروستکرد و یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی پەست کرد.
26
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتییەکەی و هەموو کردارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، وا لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
27
ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری ئۆرشەلیم نێژرا، چونکە نەیانبردە گۆڕستانی پاشاکانی ئیسرائیل. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  1. a. 28‏:15 مەرهەم بۆ ساڕێژبوونی برین.‏
  2. b. 28‏:19 مەبەست لە ئاحازی پاشای ئۆرشەلیمە، ئەو کاتە ئۆرشەلیم پایتەختی یەهودا بووە، بڕوانە 28‏:1. نووسەری ئەم پەڕتووکە زۆر جار دەنووسێت ئیسرائیل، بەڵام مەبەستی لە یەهودایە، چونکە هۆزەکانی باکووری ئیسرائیل هەموو ڕاپێچ کرابوون.‏