عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بنیادنانی پەرستگای سلێمان 
1
ئینجا سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد لە ئۆرشەلیم لە کێوی مۆریا، کە لەوێدا یەزدان خۆی بۆ داودی باوکی دەرخستبوو. پەرستگاکە لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو، ئەو شوێنەی کە داود ئامادەی کردبوو.
2
لە دووی مانگی دووەمی ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی دەستی بە بنیادنان کرد.
3
سلێمان ئەم بناغەیەی لێدا بۆ بنیادنانی پەرستگای خودا، درێژییەکەی بە باڵ بەپێی پێوانە کۆنەکە، شەست باڵ[a] و پانییەکەی بیست باڵ[b] بوو.
4
هەیوانی بەردەم پیرۆزگاکە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو، بەرزییەکەشی بیست باڵ بوو.
لەناوەوەش بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد.
5
هۆڵە سەرەکییەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر داپۆشی و بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و وێنەی دار خورما و زنجیری لەسەر هەڵکۆڵین و
6
پەرستگاکەی بە بەردی گرانبەها ڕازاندەوە بۆ جوانی و زێڕەکەش زێڕی پەرڤایم[c] بوو.
7
کاریتە و چوارچێوەی دەرگاکان، دیوارەکان و دەرگاکانی پیرۆزگاکەی بە زێڕ ڕووکەش کرد و وێنەی کەڕوبەکانی[d] لەسەر دیوارەکان هەڵکۆڵی.
8
شوێنی هەرەپیرۆزیشی بنیاد نا کە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو و پانییەکەشی بیست باڵ بوو و بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد کە کێشەکەی شەش سەد تالنت[e] بوو.
9
کێشی بزمارەکانیش پەنجا شاقل زێڕ[f] بوو، بەشەکانی سەرەوەشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.
10
لە شوێنی هەرەپیرۆزدا پەیکەری دوو کەڕوبی تاشی[g] و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
11
درێژی باڵەکانی هەردوو کەڕوبەکە بیست باڵ بوو: درێژی باڵی کەڕوبەکەی یەکەم پێنج باڵ[h] بوو، بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت، درێژی باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو، بەر باڵی کەڕوبەکەی دووەم دەکەوت؛
12
بە هەمان شێوە درێژی باڵی کەڕوبەکەی دووەم پێنج باڵ بوو و بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت و باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو و بەر باڵی کەڕوبەکەی یەکەم دەکەوت.
13
باڵەکانی ئەم دوو کەڕوبە کرابوونەوە و بیست باڵ درێژ بوون، لەسەر پێیەکانیان ڕاوەستا بوون و ڕووشیان ڕووەو هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە بوو.
14
پەردەکەی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری تۆخ و کەتانی ناسک دروستکرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر چنی.
15
لەبەردەم پپرۆزگاکەدا دوو کۆڵەکەی دروستکرد کە درێژی هەریەکەیان سی و پێنج باڵ[i] بوو و ئەو تاجەی کە لەسەر هەر یەکێکیان بوو پێنج باڵ بوو.
16
زنجیری هۆنییەوە و لەسەر سەری دوو کۆڵەکەکە داینان، سەد هەناریشی دروستکرد و بە زنجیرەکانەوە هەڵیواسین.
17
دوو کۆڵەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکە ڕاگرت، یەکێکیان لەلای باشوور و ئەوی دیکەیان لەلای باکوور، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین[j] و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز[k] .
  1. a. 3‏:3 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.‏
  2. b. 3‏:3 بیست باڵ: نزیکەی نۆ مەتر، لێرە و لە ئایەتی 4، 8، 11، 13.‏
  3. c. 3‏:6 جۆر یان سەرچاوەی زێڕەکەیە (دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی عەرەبستان بێت).‏
  4. d. 3‏:7 کەڕوبەکان: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە. بڕوانە حزقیێل 10‏:5‏‏.‏
  5. e. 3‏:8 شەش سەد تالنت: نزیکەی 21 هەزار کیلۆگرام.‏
  6. f. 3‏:9 پەنجا شاقل زێڕ: نزیکەی 0,6 کیلۆگرام.‏
  7. g. 3‏:10 دوو کەڕوبی تاشی: بڕوانە یەکەم پاشایان 6‏:23‏‏.‏
  8. h. 3‏:11 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر، لێرە و لە ئایەتی 12 و 15.‏
  9. i. 3‏:15 سی و پێنج باڵ: نزیکەی 16 مەتر.‏
  10. j. 3‏:17 یاکین: واتا (بنیاد دەنێت).‏
  11. k. 3‏:17 بۆعەز: واتا (ئەو هێز و توانای تێدایە).‏