عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی براتانەوە،
بۆ کڵێسای خودا لە کۆرنسۆس و هەموو گەلی پیرۆزی خۆی لە هەموو ئەخایا:
2
با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
خودای دڵنەواییکار 
3
ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک،
4
ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان،
5
چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین.
6
ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، کە لە دانبەخۆداگرتنی ئێوەدا بەرگەگرتنی بەرهەم هێناوە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین.
7
جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان.
8
خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین.
9
بێگومان هەستمان دەکرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵکو بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە.
10
ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات،
11
ئێوەش بە پاڕانەوەکانتان یارمەتیدەرن بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە پێناوی ئێمە لەسەر ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە، سوپاسی خودا بکەن، کە وەڵامی پاڕانەوەی خەڵکێکی زۆرە.
پۆڵس پلانەکەی دەگۆڕێت 
12
ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین: ویژدانمان شایەتی دەدات کە هەڵسوکەوتمان لە جیهاندا، بە تایبەتی سەبارەت بە ئێوە، لە دروستی و بێ دووڕوویی بوو کە لە خودایە، نەک بە دانایی دنیایی بەڵکو بە نیعمەتی خودا.
13
شتێکتان بۆ نانووسین کە نەتوانن بیخوێننەوە یان لێی تێنەگەن. هیوادارم بە تەواوی لێمان تێبگەن،
14
تاکو مایەی شانازیی ئێوە بین، وەک چۆن ئێوەش لە ڕۆژی عیسای خاوەن شکۆمان مایەی شانازیی ئێمەن.
15
جا بەم دڵنیاییەوە بە نیاز بووم کە یەکەم جار بێمە لاتان، تاکو دووبارە نیعمەتتان بۆ بێت.
16
دەمویست لەسەر ڕێگام بەرەو مەکدۆنیا سەردانتان بکەم و لە مەکدۆنیاوە دیسان بێمەوە لاتان، پاشان ئێوەش بۆ یەهودیا بەڕێم بکەن.
17
کە بە نیازی ئەمە بووم، ئایا بە ڕاڕایی جوڵامەوە؟ یاخود بە شێوەیەکی دنیایی پلانەکانم داناوە، کە لە کاتێکدا دەڵێم: «بەڵێ، بەڵێ» و «نەخێر، نەخێر»؟
18
بەڵام هەروەک چۆن خودا دڵسۆزە، وتەکانمان بۆ ئێوە هەم «بەڵێ» و هەم «نەخێر» نییە.
19
عیسای مەسیحی کوڕی خودا، کە بەهۆی من و سیلا[b] و تیمۆساوسەوە لەنێوتاندا مزگێنی درا، «بەڵێ» و «نەخێر» نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەوەوە هەر «بەڵێ» بووە.
20
بەڵێنەکانی خودا هەرچییەک بن، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەبن بە «بەڵێ». بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەڵێین «ئامین» بۆ شکۆمەندی خودا.
21
بەڵام ئەوە خودایە کە ئێمە و ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەچەسپێنێت. ئەو دەستنیشانی کردووین و
22
خودا مۆری خۆی لێداوین و وەک پێشەکی ڕۆحی خۆی خستە دڵمانەوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
23
خوداش دەکەمە شایەت لەسەر خۆم، بەزەییم پێتان هاتەوە کە نەهاتمەوە کۆرنسۆس.
24
نەک بەسەر باوەڕتان سالار بین، بەڵکو هاوکارین بۆ خۆشیتان، چونکە بە باوەڕ چەسپاون.
  1. a. 1‏:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  2. b. 1‏:19 یۆنانی: \+tl سیلوانۆس‏\+tl*.‏