عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەخشین بە دڵفراوانی 
1
ئێستاش خوشکان، برایان، حەز دەکەین نیعمەتی خودا بزانن کە دراوەتە کڵێساکانی مەکدۆنیا.
2
ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون.
3
شایەتی دەدەم کە بەگوێرەی توانای خۆیان و تەنانەت لە سەرووی توانای خۆشیانەوە بەخشینیان داوە، دەستپێشخەرییان کرد و
4
زۆر لێمان پاڕانەوە تاکو نیعمەتی بەشداربوون لە خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا وەربگرن.
5
زیاتریان کرد لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد لێیان، چونکە سەرەتا خۆیان پێشکەشی عیسای خاوەن شکۆ کرد، ئینجا بە خواستی خودا خۆیان پێشکەشی ئێمە کرد.
6
ئەوە بوو تکامان لە تیتۆس کرد کە ئەم نیعمەتەی[a] لەلاتان دەستی پێکردووە تەواوی بکات.
7
بەڵام وەک چۆن لە هەموو شتێکدا زیادتان کردووە، لە باوەڕ، لە قسەکردن، لە زانیاری، لە هەموو کۆششێک، لە خۆشەویستیتان بۆ ئێمە، ئاوا لەم نیعمەتەی بەخشینیشدا زیاد بکەن.
8
ئەمەتان وەک فەرمانێک پێ ناڵێم، بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ پەرۆشی کەسانی دیکە، ڕاستەقینەیی خۆشەویستیتان تاقی دەکەمەوە.
9
نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەزانن، هەرچەندە دەوڵەمەند بوو، لە پێناوی ئێوەدا بووە هەژار، بۆ ئەوەی ئێوە بە هەژاریی ئەو دەوڵەمەند بن.
10
لەمەشدا بیروڕای خۆمتان پێ دەڵێم، چونکە ئەمە بەسوودە بۆتان: ئێوە پار دەستتان بە بەخشین کرد، نەک تەنها ئەمەتان کردووە، بەڵکو ئارەزووشتان دەکرد کە ئەنجامی بدەن.
11
ئێستا کارەکە تەواو بکەن، هەروەک پەرۆشی خواستی بوون، ئاوا تەواوکردنیش بە خواستی خۆتانە،
12
چونکە ئەگەر پەرۆشی هەبێت، ئەوا خودا بەگوێرەی ئەوەی کە کەسەکە هەیەتی پەسەندی دەکات، نەک بەگوێرەی ئەوەی نییەتی.
13
مەبەستم ئەوە نییە خەڵکی دیکە بحەسێنەوە و فشارم لەسەر ئێوە بێت، بەڵکو بە یەکسانی.
14
لە کاتی ئێستادا با پڕیی ئێوە کەموکوڕی ئەوان پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕیی ئەوانیش کەموکوڕی ئێوە پڕ بکاتەوە، تاکو یەکسان ببێت.
15
وەک نووسراوە: ﴿نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە.﴾[b]
ناردنی تیتۆس بۆ کورنسۆس 
16
بەڵام سوپاس بۆ خودا کە هەمان پەرۆشیی خستە دڵی تیتۆس بۆ ئێوە،
17
چونکە تیتۆس نەک تەنها پێشوازی لە داواکارییەکەی کرد، بەڵکو بە دەستپێشخەری خۆی و بەوپەڕی پەرۆشییەوە دێت بۆ لاتان.
18
برایەکمان لەگەڵیدا نارد کە بەهۆی خزمەتکردنی پەیامی ئینجیل هەموو کڵێساکان ستایشی دەکەن.
19
نەک تەنها ئەوە، بەڵکو لەلایەن کڵێساکانەوە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی یاوەریمان بکات لە گەشتەکەماندا، لە کاتێکدا کە ئێمە بەخشینەکە هەڵدەگرین و دابەشی دەکەین بۆ شکۆمەندی مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی و بۆ پیشاندانی پەرۆشیمان بۆ خزمەت.
20
ئێمە خۆمان لە هەموو گلەییەک دەپارێزین، نەوەک کەسێک ڕەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم بەخشینە گەورەیە بگرێت،
21
چونکە بە نیازی چاکەین، نەک تەنها لەبەردەم یەزدان، بەڵکو لەبەردەم خەڵکیش.
22
لەگەڵ ئەواندا برایەکمان نارد، کە زۆر جار لە زۆر شت تاقیمان کردووەتەوە چالاک بووە، ئێستاش بەو دڵنیاییە زۆرەی بە ئێوەی هەیە زۆر چالاکترە.
23
لەبارەی تیتۆس، ئەو هاوبەش و هاوکارمە بۆ ئێوە، بەڵام ئەم برایانە پەیامبەری کڵێساکانن و مایەی شکۆمەندین بۆ مەسیح.
24
بۆیە بەڵگەی خۆشەویستی خۆتان و هۆی شانازیمان بە ئێوە بۆ ئەوان دەربخەن بۆ ئەوەی لەبەردەم کڵێساکاندا دەربکەوێت.
  1. a. 8‏:6 مەبەستی لە بەخشینە.‏
  2. b. 8‏:15 دەرچوون 16‏:18.‏‏