عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کوشتنی ماڵی ئەحاڤ
 - 1
 - ئەحاڤ حەفتا کوڕی لە سامیرە هەبوو. جا یێهو چەند نامەیەکی نووسی و ناردی بۆ کاربەدەستانی یەزرەعیل لە سامیرە، بۆ پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ و گوتی:
 - 2
 - «ئێوە کوڕەکانی گەورەکەتان و گالیسکە و ئەسپتان لەلایە، شاری قەڵابەند و چەکتان هەیە. بە گەیشتنی ئەم نامەیە
 - 3
 - لە کوڕانی گەورەکەتان چاکترین و شایستەترینیان هەڵبژێرن، لەسەر تەختی باوکی دایبنێن. ئینجا بۆ ماڵی گەورەکەتان بجەنگن.»
 - 4
 - بەڵام ئەوان زۆر زۆر ترسان و گوتیان: «دوو پاشا لەبەردەمی نەوەستان، ئێمە چۆن لەبەردەمی بوەستین؟»
 - 5
 - ئیتر سەرپەرشتیاری کۆشک و فەرمانڕەوای شارەکە و پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ پەیامێکیان بۆ یێهو نارد و گوتیان: «ئێمە خزمەتکاری تۆین و هەموو ئەوەی پێمانی بڵێی دەیکەین. ئێمە کەس ناکەینە پاشا، ئەوەی پێت باشە بیکە.»
 - 6
 - ئینجا یێهو نامەی دووەمی بۆ ناردن و گوتی: «ئەگەر ئێوە لەگەڵ مندان و گوێڕایەڵی من دەبن، کەللەسەری کوڕەکانی گەورەکەتان بهێنن و سبەینێ لەم کاتەدا وەرنە لام لە یەزرەعیل.»
لەو کاتەدا حەفتا شازادە لەگەڵ گەورە پیاوانی شارەکە بوون، ئەوانەی کە پەروەردەیان دەکردن. - 7
 - کاتێک نامەکەیان پێگەیشت، کوڕەکانی پاشایان برد و هەر حەفتایان سەربڕین، کەللەسەرەکانیان لەناو چەند سەبەتەیەکدا دانا و ناردیان بۆ لای یێهو لە یەزرەعیل.
 - 8
 - کاتێک نێردراوەکە هات بە یێهوی ڕاگەیاند: «کەللەسەری کوڕەکانی پاشایان هێناوە.»
ئەویش گوتی: «بە دوو کۆمەڵ کەڵەکەیان بکەن و هەتا بەیانی لە دەروازەی شارەکە دایانبنێن.» - 9
 - بەیانی یێهو چووە دەرەوە. لەبەردەم هەموو گەل ڕاوەستا و گوتی: «ئێوە بێتاوانن. ئەوە من لە گەورەکەم یاخی بووم و کوشتم، ئەی کێ هەموو ئەمانەی کوشت؟
 - 10
 - لەبەر ئەوە بزانن کە هیچ وشەیەک لە فەرمایشتی یەزدان ناشکێت، کە لەسەر ماڵی ئەحاڤ فەرموویەتی. یەزدانیش ئەوەی کرد کە لە ڕێگەی ئەلیاسی بەندەیەوە فەرمووی.»
 - 11
 - ئینجا یێهو لە یەزرەعیل هەموو پاشماوەی ماڵی ئەحاڤی کوشت، هەروەها هەموو گەورە پیاو و دۆستی نزیک و کاهینەکانی لەناوبرد و کەسی بە زیندوویی نەهێشتەوە.
 - 12
 - پاشان یێهو هەستا و بەرەو سامیرە چوو. لە ڕێگادا، لە بێتعێقەدی شوانەکان،
 - 13
 - تووشی چەند خزمێکی ئەحەزیای پاشای یەهودا بوو، جا گوتی: «ئێوە کێن؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خزمەکانی ئەحەزیاین و هاتووینەتە خوارەوە هەتا سڵاو لە بنەماڵەی پاشا و شاژنی دایک بکەین.» - 14
 - ئەویش گوتی: «بە زیندوویی بیانگرن!» ئەوانیش بە زیندوویی گرتیانن و لەلای بیرەکەی بێتعێقەد سەریان بڕین کە چل و دوو کەس بوون. کەسیان بە زیندوویی نەهێشتەوە.
 - 15
 - دوای ئەوەی لەوێ ڕۆیشت، تووشی یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب بوو کە هاتبوو پێشوازی لێبکات. یێهو سڵاوی لێکرد و پێی گوت: «ئایا تۆش دڵسۆزی منیت، هەروەک من دڵسۆزی تۆم؟»
یەهۆنادابیش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ.»
یێهو گوتی: «کەواتە، دەستتم بدەرێ.» ئینجا دەستی دایێ و یێهو سەری خستە ناو گالیسکەکە. - 16
 - یێهو گوتی: «لەگەڵم وەرە و دڵگەرمیم بۆ یەزدان ببینە.» ئینجا لەگەڵ خۆی سواری گالیسکەکەی کرد.
 - 17
 - کاتێک یێهو هاتە سامیرە، هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئەحاڤی لە سامیرە کوشت، لەناوی بردن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە بە ئەلیاسی فەرموو.
 - کوشتنی خزمەتکارەکانی بەعل
 - 18
 - ئینجا یێهو هەموو گەلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەحاڤ کەمێک خزمەتی بەعلی کرد، بەڵام یێهو خزمەتی زیاتری دەکات.
 - 19
 - ئێستاش هەموو پێغەمبەرەکانی بەعل و هەموو ئەوانەی دەیپەرستن و هەموو کاهینەکانیم بۆ بانگ بکەن. کەس بزر نەبێت، چونکە قوربانییەکی گەورە بۆ بەعل دەکەم. ئەوەی خۆی بدزێتەوە دەکوژرێت.» بەڵام یێهو ئەم فێڵەی بۆ بەعلپەرستەکان بەکارهێنا بۆ ئەوەی لەناویان ببات.
 - 20
 - ئینجا یێهو گوتی: «بانگەوازی کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بکەن بۆ بەعل.» ئەوانیش بانگەوازیان کرد.
 - 21
 - یێهو بەناو هەموو ئیسرائیلدا بانگەوازی کرد، هەموو بەعلپەرستەکان هاتن، کەس نەما نەیەت. هاتنە پەرستگای بەعل و پەرستگای بەعلیان پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
 - 22
 - ئینجا یێهو بە لێپرسراوی جلوبەرگەکانی گوت: «جلوبەرگ بۆ هەموو بەعل پەرستەکان بهێنە دەرەوە.» ئەویش جلوبەرگی بۆ هێنانە دەرەوە.
 - 23
 - پاشان یێهو و یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب هاتنە ناو پەرستگای بەعل و بە بەعلپەرستەکانی گوت: «بگەڕێن و ببینن نەوەک یەکێک لە بەندەکانی یەزدان لێرە لەگەڵتان بێت، تەنها بەعل پەرستان لێرە بمێننەوە.»
 - 24
 - ئیتر کە چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن بکەن، هەشتا پیاو لە دەرەوە دانرابوون کە یێهو ئاگاداری کردبوونەوە: «ئەگەر یەک پیاو لەو پیاوانەی کە بە دەستی ئێوەم داوە دەرباز بێت، ئەوا گیانی ئێوە لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت.»
 - 25
 - کاتێک یێهو لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بووەوە، بە پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکانی گوت: «بڕۆنە ژوورەوە و بیانکوژن، مەهێڵن کەس دەرباز بێت.» ئەوانیش بە شمشێر هەموویان کوشت. ئینجا پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکان فڕێیان دانە دەرەوە و بەرەو نزرگەی ناوەوەی پەرستگای بەعل ڕۆیشتن.
 - 26
 - کۆڵەکەکانی پەرستگای بەعلیان هێنایە دەرەوە. دوای ئەوەی سووتاندیانن،
 - 27
 - تێکیان شکاندن و پەرستگای بەعلیان ڕووخاند و کردیانە زبڵدان، هەتا ئێستاش شوێنەواری ماوە.
 - 28
 - ئیتر یێهو پەرستنی بەعلی لە ئیسرائیل نەهێشت،
 - 29
 - هەرچەندە لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، پەرستنی دوو گوێرەکە زێڕینەکە لە بێتئێل و لە دان.
 - 30
 - پاشان یەزدان بە یێهوی فەرموو: «چونکە ئەوەی من پێم ڕاست بوو تۆ کردت، هەموو ئەوەی کە لە دڵم بوو دەرهەق بە ماڵی ئەحاڤ کردت، هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.»
 - 31
 - بەڵام یێهو ڕەچاوی ئەوەی نەکرد کە بە هەموو دڵییەوە بەپێی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بڕوات، لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
 - 32
 - لەو سەردەمەدا یەزدان دەستی بە بچووک کردنەوەی خاکی ئیسرائیل کرد، جا حەزائێل لەو سنوورانەی ئیسرائیلەوە لێی دان
 - 33
 - کە لە ڕۆژهەڵاتی بەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون بوو (هەرێمی گاد و ڕەئوبێن و مەنەشە،) لە عەرۆعێر ئەوەی لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و لە گلعاد و باشان.
 - 34
 - ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یێهو و هەموو کارەکانی و پاڵەوانیەتییەکەی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
 - 35
 - یێهو لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاحازی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
 - 36
 - ئەو ماوەیەی کە یێهو لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد، بیست و هەشت ساڵ بوو.
 

