عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایەتی ئەمەسیا لە یەهودا 
1
لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، ئەمەسیای کوڕی یۆئاش بوو بە پاشای یەهودا.
2
کاتێک بوو بە پاشا تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
3
ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک وەکو داودی باپیرە گەورەی، بەڵکو وەک هەموو ئەوەی یۆئاشی باوکی کردی ئەویش کردی.
4
لەگەڵ ئەوەش نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، هێشتا گەل لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
5
کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو.
6
بەڵام کوڕی بکوژەکانی نەکوشت، بەگوێرەی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»[a]
7
ئەوە بوو لە دۆڵی خوێ[b] دە هەزار کەسی لە ئەدۆم کوشت و بە جەنگ سەلەعی گرت و ناوی لێنا یۆقتئێل، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
8
پاشان ئەمەسیا نێردراوی ناردە لای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیل و پێی گوت: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»
9
یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی.“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە.
10
تۆ ئەدۆمت شکاند، ئێستا لەخۆبایی بوویت. بەڕێزبە و لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»
11
بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
12
لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات.
13
ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش چوو بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ[c] بوو.
14
هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای برد، هەروەها چەندین بارمتەی گرت و گەڕایەوە سامیرە.
15
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش، ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە نواندی، چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
16
یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیلدا نێژرا. ئیتر یارۆڤعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
17
ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا.
18
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
19
لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان.
20
بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.
21
پاشان هەموو گەلی یەهودا عەزەریای[d] گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا.
22
ئەو بەندەری ئێلەتی بنیاد ناوە و گەڕاندییەوە سەر یەهودا، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
پاشایەتی یارۆڤعامی دووەم 
23
لە ساڵی پازدەیەمینی پاشایەتی ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهودا، یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل ماوەی چل و یەک ساڵ لە سامیرە پاشایەتی کرد.
24
لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
25
ئەو بوو کە سنوورەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا دەریای مردوو، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی بەندەکەیەوە، لە ڕێگەی یونسی کوڕی ئەمیتەیەوە فەرمووبووی، ئەو پێغەمبەرەی خەڵکی گەت حێفەر بوو.
26
یەزدان زەلیلیی تاڵی کۆیلە و ئازادی ئیسرائیلی بینی، کەس نییە یارمەتی ئیسرائیل بدات.
27
یەزدانیش نەیفەرمووبوو کە ناوی ئیسرائیل لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە، جا بە دەستی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاش ڕزگاری کردن.
28
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعام و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی، چۆن جەنگا و چۆن دیمەشق و حەماتی گەڕاندەوە سەر ئیسرائیل، کە پێشتر سەر بە یەهودا بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
29
یارۆڤعام لەگەڵ باوباپیرانی، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل سەری نایەوە. ئیتر زەکەریای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  1. a. 14‏:6 لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت: بڕوانە دواوتار 24‏:16‏.‏
  2. b. 14‏:7 دۆڵی خوێ: دەکەوێتە باشووری دەریای مردوو.‏
  3. c. 14‏:13 چوار سەد باڵ: نزیکەی 180 مەتر.‏
  4. d. 14‏:21 هەروەها بە ناوی (عوزیا)ش هاتووە.‏