عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یاخیبوونی مۆئاب
 - 1
 - یۆرامی کوڕی ئەحاڤ لە هەژدەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل لە سامیرە، دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد.
 - 2
 - ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو دایک و باوکی، ئەو بەردە تەرخانکراوەی[a] بەعلی لەناوبرد کە باوکی دروستی کردبوو.
 - 3
 - لەگەڵ ئەوەش پەیوەست بوو بە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و هەمان گوناهەکانی ئەوی کرد کە بەهۆیانەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، خۆی لێیان لانەدا.
 - 4
 - مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو، سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل.
 - 5
 - بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ، پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو.
 - 6
 - دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە.
 - 7
 - هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد: «پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە، ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەگەڵت دێم، من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» - 8
 - لێی پرسی: «لە کام ڕێگاوە بچین؟»
یۆرامیش وەڵامی دایەوە: «لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.» - 9
 - ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما.
 - 10
 - پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «ئاخ! لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە، هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟»
 - 11
 - بەڵام یەهۆشافات گوتی: «ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە، هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟»
یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە، ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.» - 12
 - یەهۆشافات گوتی: «فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو.
 - 13
 - ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «چیمان بەیەکەوە هەیە؟ بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.»
پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «نەخێر، چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.» - 14
 - ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە، نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت.
 - 15
 - بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.»
ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند، ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع، - 16
 - گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو،
 - 17
 - چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نە با دەبینن و نە باران، بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو، خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە.
 - 18
 - ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە، هەروەها مۆئابیشتان ڕادەست دەکات.
 - 19
 - ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن، هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە، هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.»
 - 20
 - بەیانیی ڕۆژی دواتر، لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو.
 - 21
 - هەموو مۆئابیش بیستیان کە پاشاکان هاتوون لە دژیان بجەنگن، ئینجا هەموو ئەوەی توانای چەک هەڵگرتنی هەبوو، لە گەنجەوە هەتا پیر، بانگیان کردن و کۆیان کردنەوە، لەسەر سنوورەکە وەستان.
 - 22
 - کە بەیانی زوو لە خەو هەستان، خۆر لەسەر ئاوەکە دەدرەوشایەوە، مۆئابییەکانیش لەو بەرەوە تەماشایان کرد ئاوەکە وەک خوێن سوورە.
 - 23
 - گوتیان: «ئەمە خوێنە! پاشاکان لەنێو خۆیاندا بووەتە شەڕیان و یەکترییان کوشتووە. ئەی مۆئاب، ئێستاش با بەرەو تاڵانکردن بچین!»
 - 24
 - بەڵام کاتێک مۆئابییەکان بۆ ئۆردوگای ئیسرائیل هاتن، ئیسرائیلییەکان لێیان هەستان و لە مۆئابییەکانیان دا، لەبەردەمیان هەڵاتن. ئیسرائیلییەکانیش خاکەکەیان داگیر کرد و مۆئابییەکانیان کوشت.
 - 25
 - ئینجا شارۆچکەکانیان ڕووخاند، هەریەکە بەردێکی فڕێدایە ناو هەر کێڵگەیەکی چاک هەتا ئەوەی پڕیان کردنەوە، هەموو کانیاوەکانیان کوێر کردەوە، هەموو دارێکی چاکیان بڕییەوە، بە تەنها شاری قییر حەراسەت و تەلارەکانیان هێشتەوە، بەڵام قۆچەقانی[b]  وەشێنەکان دەوریان گرت و لێیاندا.
 - 26
 - کاتێک پاشای مۆئاب بینی کە جەنگەکە لەسەری توند بووە، حەوت سەد شمشێر بە دەستی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی ڕیزەکانی دوژمن بشکێنێت و بەرەو لای پاشای ئەدۆم بچێت، بەڵام شکستی هێنا.
 - 27
 - ئینجا کوڕە نۆبەرەکەی، ئەوەی لە جێی ئەو دەبوو بە پاشا، لەسەر شوورای شارەکە کردییە قوربانی سووتاندن. تووڕەییەکی گەورە لەسەر ئیسرائیل هەبوو، بۆیە پاشەکشەیان لێی کرد و گەڕانەوە خاکی خۆیان.
 

