عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زەیتی بێوەژنەکە 
1
ژنی پیاوێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران هاواری بۆ ئەلیشەع کرد و گوتی: «گەورەم، تۆ دەزانیت کە مێردەکەم لە یەزدان دەترسا، بەڵام بە قەرزاری مرد. بەڵام ئێستا خاوەن قەرزەکەی هاتووە تاکو دوو کوڕەکەم بۆ خۆی بکاتە کۆیلە.»
2
ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چیت بۆ بکەم؟ پێم بڵێ لە ماڵەوە چیت هەیە؟»
ئەویش گوتی: «کەنیزەکەت لە ماڵەوە جگە لە گۆزەیەک زەیت هیچی دیکەی نییە.»
3
ئەلیشەعیش گوتی: «بڕۆ لە دەرەوە لە هەموو دراوسێکانت داوای قاپوقاچاغ بکە. قاپوقاچاغێکی زۆر بهێنە نەک کەم.
4
پاشان بڕۆ ژوورەوە و دەرگا لەسەر خۆت و کوڕەکانت دابخە، زەیت لەناو هەموو قاپەکان بکە، ئەوەی پڕبوو لەلایەک دایبنێ.»
5
ئەویش لەلای ڕۆیشت و دەرگاکەی لەسەر خۆی و کوڕەکانی داخست، ئەوان قاپەکانیان بۆی دەهێنایە پێشەوە و ئەویش تێی دەکردن.
6
کاتێک قاپەکان پڕ بوون، بە کوڕەکەی گوت: «قاپێکی دیکەم بۆ بهێنە.»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «هیچ قاپێک نەماوە.» ئیتر زەیتەکە وەستا.
7
ژنەکە چوو و بە پیاوەکەی خودای ڕاگەیاند، ئەویش گوتی: «بڕۆ زەیتەکە بفرۆشە و قەرزەکەت بدەرەوە، ئەوەش کە دەمێنێتەوە خۆت و کوڕەکانت پێی بژین.»
زیندووبوونەوەی کوڕی شونێمییەکە 
8
ڕۆژێکیان ئەلیشەع چوو بۆ شونێم، لەوێ ژنێکی ناودار هەبوو، پێداگری کرد لەلای ئەو نان بخوات. ئیتر هەر کاتێک دەپەڕییەوە، دەچووە لای ئەو بۆ نانخواردن.
9
ژنەکە بە مێردەکەی خۆی گوت: «من زانیومە ئەو پیاوەی کە هەمیشە بەلاماندا تێدەپەڕێت، پیاوێکی پیرۆزی خودایە.
10
با ژوورێکی بچووک لە سەربان دروستبکەین، تێیدا جێیەکی نوستن و مێز و کورسی و چرایەکی بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتە لامان لەوێ بمێنێتەوە.»
11
ڕۆژێک ئەلیشەع هاتە ئەوێ، چووە ژوورەکەی سەرەوە و لەوێ پاڵکەوت.
12
ئینجا بە گێحەزیی خزمەتکاری گوت: «ئەو ژنە شونێمییەم بۆ بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد و ژنەکە لەبەردەم گێحەزی ڕاوەستا.
13
ئەلیشەع بە گێحەزیی گوت: «پێی بڵێ: ”ئەوەتا تۆ ئەو هەموو زەحمەتییەت بۆ ئێمە کێشاوە. چۆن چاکەت بدەمەوە؟ هیچت هەیە هەتا لەبارەیەوە قسە لەگەڵ پاشا یاخود سەرکردەی سوپادا بکرێت؟“»
ژنەکەش وەڵامی دایەوە: «من لەنێو کەسوکاری خۆمم و پێویستم بە هیچ نییە.»
14
ئەلیشەعیش پرسی: «ئەی چی بۆ بکرێت؟»
گێحەزیش گوتی: «منداڵی نییە و مێردەکەشی پیرە.»
15
ئینجا ئەلیشەع گوتی: «بانگی بکە.» ئەویش بانگی کرد و لە بەردەرگاکە ڕاوەستا.
16
ئەلیشەع پێی گوت: «ساڵی داهاتوو لەم کاتە کوڕێک لە باوەش دەگریت.»
ژنەکە گوتی: «نەخێر گەورەم، ئەی پیاوی خودا، درۆ لەگەڵ کەنیزەکەت مەکە!»
17
لەدوای ئەوە ژنەکە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، لە ساڵی داهاتوو لە هەمان ئەو کاتەی کە ئەلیشەع پێی گوتبوو.
18
کوڕەکە گەورە بوو، ڕۆژێک کوڕەکە چووە دەرەوە بۆ لای باوکی، کە لەلای دروێنەکەرەکان بوو.
19
بە باوکی گوت: «ئای سەرم! ئای سەرم!»
باوکیشی بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەڵیبگرە و بیبە بۆ لای دایکی.»
20
خزمەتکارەکەش هەڵیگرت و بردییەوە لای دایکی. هەتا نیوەڕۆ لەسەر ئەژنۆی دایکی دانیشت، ئینجا مرد.
21
ئەویش چووە سەرەوە لەسەر جێی نوستنەکەی پیاوەکەی خودا داینا، دەرگاکەی لەسەر داخست و هاتە دەرەوە.
22
ئینجا ژنەکە مێردەکەی بانگکرد و گوتی: «خزمەتکارێک و ماکەرێکم بۆ بنێرە، هەتا بە پەلە بچم بۆ لای پیاوەکەی خودا و بگەڕێمەوە.»
23
ئەویش لێی پرسی: «بۆچی ئەمڕۆ دەچیتە لای؟ خۆ ئەمڕۆ نە جەژنی سەرەمانگە و نە شەممەیە.»
ژنەکەش گوتی: «هیچ نییە.»
24
کورتانی لە ماکەرەکە بەست و بە خزمەتکارەکەی گوت: «لێخوڕە و خێرا بڕۆ، لەبەر من خاو مەکەرەوە هەتا خۆم پێت نەڵێم.»
25
ئینجا ڕۆیشت و لە کێوی کارمەل گەیشتە لای پیاوەکەی خودا.
کاتێک پیاوەکەی خودا لە دوورەوە بینی بە گێحەزی خزمەتکاری گوت: «تەماشا، ئەوە شونێمییەکەیە.
26
ئێستا بەرەوپیری ڕابکە و پرسیاری سەلامەتی خۆی و مێردەکەی و کوڕەکەی لێ بکە.»
ژنەکەش گوتی: «باشین.»
27
کاتێک ژنەکە لە چیاکە گەیشتە لای پیاوەکەی خودا، قاچەکانی گرت. گێحەزیش هاتە پێشەوە هەتا دووری بخاتەوە، بەڵام پیاوەکەی خودا گوتی: «لێیگەڕێ، چونکە زۆر دڵی تەنگە، یەزدان ئەو کارەی لێم شاردەوە و پێی ڕانەگەیاندم.»
28
ئینجا ژنەکە گوتی: «ئایا من داوای کوڕم لە گەورەم کرد؟ نەمگوت، ”هەڵممەخەڵەتێنە؟“»
29
ئەلیشەعیش بە گێحەزی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە، گۆچانەکەم لەدەست بگرە و بە پەلە بڕۆ، ئەگەر چاوت بە یەکێک کەوت سڵاوی لێ مەکە، ئەگەر یەکێکیش سڵاوی لێکردیت، وەڵامی مەدەرەوە. گۆچانەکەم لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دابنێ.»
30
بەڵام دایکی کوڕەکە گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئیتر ئەلیشەع هەستا و دوای کەوت.
31
گێحەزی لەپێشیانەوە ڕۆیشت و گۆچانەکەی لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دانا، بەڵام نە دەنگی هەبوو نە هەست. ئینجا گێحەزی گەڕایەوە بۆ لای ئەلیشەع و پێی ڕاگەیاند و گوتی: «کوڕەکە هەڵنەستایەوە.»
32
کاتێک ئەلیشەع چووە ناو ماڵەکە، بینی کوڕەکە لەسەر جێگاکەی مردووە.
33
جا چووە ژوورەوە و دەرگاکەی لەسەر خۆی و منداڵەکە داخست، لە یەزدان پاڕایەوە.
34
پاشان چووە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە پاڵکەوت، دەمی خستە سەر دەمی و چاوەکانی لەسەر چاوەکانی و دەستەکانی لەسەر دەستەکانی. کە لەسەری درێژ بوو، جەستەی کوڕەکە گەرم داهات.
35
ئینجا ئەلیشەع هەستا و لەناو ژوورەکە دەهات و دەچوو، چووەوە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە درێژبووەوە. کوڕەکە حەوت جار پژمی و چاوەکانی کردەوە.
36
ئەلیشەع گێحەزیی بانگکرد و گوتی: «ئەو شونێمییە بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد، کاتێک هاتە ژوورەوە ئەلیشەع پێی گوت: «کوڕەکەت هەڵبگرە.»
37
هات و خۆی هاویشتە بەر پێی، کڕنۆشی برد. پاشان کوڕەکەی هەڵگرت و چووە دەرەوە.
مەرگ لەناو مەنجەڵ! 
38
ئەلیشەع گەڕایەوە گلگال، لەو ناوچەیە قاتوقڕی سەریهەڵدا. کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرەکان لەبەردەمی دانیشتبوون، بە خزمەتکارەکەی گوت: «مەنجەڵە گەورەکە بخە سەر ئاگر و خواردنێک بۆ کۆمەڵی پێغەمبەران ئامادە بکە.»
39
یەکێک چووە دەرەوە بۆ ئەوەی گژوگیا لە کێڵگە بهێنێت، لەوێ بڕکێکی گوژاڵکی بینی و پڕ بە دامێنی لێی ڕنی. کاتێک کە گەڕایەوە، پارچەپارچەی کرد و خستییە ناو مەنجەڵەکەوە، هیچ کەسێکیش بەوەی نەزانی.
40
ئینجا بۆ پیاوەکانیان تێکرد هەتا بیخۆن. ئەوە بوو کە خواردنەکەیان خوارد، هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی پیاوی خودا، مەنجەڵەکە مەرگی تێدایە!» ئیتر نەیانتوانی بیخۆن.
41
ئەلیشەعیش گوتی: «هەندێک ئارد بهێنن.» لەناو مەنجەڵەکەی کرد و گوتی: «بۆ خەڵکەکە تێ بکە، با بیخۆن.» ئیتر مەنجەڵەکە هیچ شتێکی خراپی تێدا نەما.
ناندانی سەد پیاو 
42
پیاوێک لە بەعل‌شالیشاوە هات، بیست نانی جۆی یەکەمین بەرهەم و هەندێک گوڵەگەنمی نوێی لەناو توورەکەیەکدا بۆ پیاوی خودا هێنا. ئەلیشەعیش گوتی: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن.»
43
خزمەتکارەکەی لێی پرسی: «چۆن ئەمە لەبەردەم سەد پیاو دابنێم؟»
بەڵام ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”دەخۆن و لەبەریشیان دەمێنێتەوە.“»
44
ئینجا لەبەردەمیان داینا و خواردیان، لەبەریشیان مایەوە، هەروەک یەزدان فەرمووی.