عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەرئاوخستنی تەورێک 
1
ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەران بە ئەلیشەعیان گوت: «ببینە، ئەو شوێنەی تێیدا لەگەڵ تۆ کۆبووینەتەوە بۆ ئێمە تەنگە.
2
ڕێبدە با بچینە ڕووباری ئوردون، با هەریەکە و کاریتەیەک بهێنین. هەروەها با شوێنێک دروستبکەین تێیدا کۆببینەوە.»
ئەویش گوتی: «بڕۆن.»
3
یەکێکیان گوتی: «ڕازی بە و لەگەڵ خزمەتکارەکانت وەرە.»
ئەلیشەعیش گوتی: «دێم.»
4
ئینجا لەگەڵیان ڕۆیشت.
گەیشتنە ڕووباری ئوردون دەستیان بە داربڕینەوە کرد.
5
ئەوە بوو کاتێک یەکێکیان کاریتەی دەبڕییەوە، سەری تەورەکەی کەوتە ناو ئاوەکە، هاواری کرد: «ئای گەورەم، ئەوە ئەمانەتە!»
6
پیاوەکەی خوداش گوتی: «کەوتە کوێ؟» ئەویش شوێنەکەی پیشان دا، ئەلیشەع چڵە دارێکی لێکردەوە و فڕێیدایە ئەوێ، سەری تەورەکەی سەر ئاو خست.
7
ئینجا گوتی: «هەڵیبگرەوە.» ئەویش دەستی درێژکرد و هەڵیگرتەوە.
کوێرکردنی لەشکری پاشای ئارام 
8
پاشای ئارام لە دژی ئیسرائیل دەجەنگا. دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەفسەرەکانی، شوێنی ئۆردوگاکەی دیاری کرد.
9
ئینجا پیاوەکەی خودا ناردی بۆ لای پاشای ئیسرائیل و گوتی: «ئاگات لە خۆت بێت و لەو شوێنەوە نەپەڕیتەوە، چونکە ئارامییەکان لەوێ دادەبەزن.»
10
پاشای ئیسرائیلیش ناردی بۆ پشکنینی ئەو شوێنەی کە پیاوەکەی خودا لێی ئاگاداری کردەوە. هۆشدارییەکانی ئەلیشەع بۆ پاشا بەردەوام بوون، ئیتر پاشا لەو شوێنانە بە وریاییەوە دەجوڵایەوە.
11
پاشای ئارام لەمە هەڵچوو، ئەفسەرەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «پێم بڵێن! کێ لە ئێمە لەگەڵ پاشای ئیسرائیلە؟»
12
یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەسمان پاشای گەورەم، بەڵکو ئەلیشەع، ئەو پێغەمبەرەی کە لە ئیسرائیلە، تەنانەت پاشای ئیسرائیل لەو قسانەش ئاگادار دەکاتەوە کە لە ژووری نووستنەکەتدا دەیکەیت.»
13
ئەویش گوتی: «بڕۆن و بزانن لەکوێیە، هەتا بنێرم و بیگرن.» ئینجا هەواڵیان نارد: «ئەو لە دوسانە.»
14
پاشا ئەسپ و گالیسکە و لەشکرێکی گەورەی بۆ ئەوێ نارد. بە شەو هاتن و شارەکەیان گەمارۆ دا.
15
بەیانی زوو کاتێک خزمەتکاری پیاوەکەی خودا لە خەو هەستا و چووە دەرەوە، بینی سوپایەک بە ئەسپ و گالیسکەوە شارەکەیان گەمارۆ داوە. خزمەتکارەکەی لە ئەلیشەعی پرسی: «ئای گەورەم، چی بکەین؟»
16
ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «مەترسە، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئێمەن زۆرترن لەوانەی لەگەڵ ئەوانن.»
17
ئینجا ئەلیشەع نزای کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی بکەرەوە با ببینێت.» یەزدانیش چاوی خزمەتکارەکەی کردەوە و بینی وا چیاکە پڕە لە ئەسپ و گالیسکەی ئاگرین لە چواردەوری ئەلیشەع.
18
کاتێک دوژمن بەرەو لای هاتنە پێش، ئەلیشەع لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «لەو گەلانە بدە و کوێریان بکە.» یەزدانیش بەگوێرەی پاڕانەوەکەی ئەلیشەع، لێیدان و کوێری کردن.
19
ئەلیشەع پێی گوتن: «نە ئەمە ڕێگاکەیە و نە ئەمەش شارەکەیە. بەدوام بکەون، دەتانبەمە لای ئەو پیاوەی بەدوایدا دەگەڕێن.» ئیتر هەموویانی بردە سامیرە.
20
لەدوای ئەوەی چوونە ناو سامیرە، ئەلیشەع گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی ئەمانە بکەرەوە با ببینن.» یەزدانیش چاوی کردنەوە و بینییان وا لەناو سامیرەن.
21
کاتێک پاشای ئیسرائیل ئەوانی بینی، بە ئەلیشەعی گوت: «ئایا بیانکوژم، باوکە؟ ئایا بیانکوژم؟»
22
ئەویش گوتی: «مەیانکوژە. ئەگەر تۆ ئەوانە ناکوژیت کە بە شمشێر و کەوانەکەت بە دیلت گرتوون، ئیتر چۆن ئەمانە دەکوژیت؟ نان و ئاویان لەپێش دابنێ، با بخۆن و بخۆنەوە، ئینجا بچنەوە لای گەورەکەیان.»
23
ئەویش خوانێکی گەورەی بۆ ئامادەکردن، خواردیان و خواردیانەوە، بەڕێی کردن و گەڕانەوە لای گەورەکەیان. ئیتر چەتەکانی ئارام وازیان لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل هێنا.
برسیێتی لە کاتی گەمارۆی سامیرە 
24
پاش ماوەیەک، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و جوڵاندی و سامیرەی گەمارۆ دا.
25
لە شارەکە بووە هۆی قاتوقڕییەکی گەورە، گەمارۆکە درێژەی کێشا هەتا وای لێهات سەری کەرێک بە هەشتا شاقل زیو[a] و چارەکە قاپێکی[b] ڕیقنەی[c] کۆتریش بە پێنج شاقل زیو[d] دەفرۆشرا.
26
کاتێک پاشای ئیسرائیل لەسەر شووراکە تێدەپەڕی، ژنێک هاواری لێکرد و گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، یارمەتیم بدە!»
27
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان یارمەتیت نەدات، من بە چی یارمەتیت بدەم؟ بە جۆخینەکە[e] یان بە مەی گوشەرەکە؟»
28
ئینجا پاشا لێی پرسی: «چیتە؟»
ئەویش گوتی: «ئەم ژنە پێی گوتم: ”کوڕەکەت بهێنە با ئەمڕۆ بیخۆین و سبەینێش کوڕەکەی من دەخۆین.“
29
ئیتر کوڕەکەی خۆممان لێنا و خواردمان. بۆ ڕۆژی دواتر کە پێم گوت: ”کوڕەکەت بهێنە با بیخۆین،“ ئەو کوڕەکەی خۆی شاردەوە.»
30
کاتێک پاشا گوێی لە قسەکانی ئەم ژنە بوو، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی. کە بەسەر شووراکە تێدەپەڕی، خەڵک بینییان وا لە ژێرەوە بەرگی لە گوش[f] دروستکراوی لەبەرە.
31
پاشا گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەمڕۆ سەری ئەلیشەعی کوڕی شافات نەپەڕێنم!»
32
لەو کاتەدا ئەلیشەع لە ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو، ڕیش سپییەکانیش لەلای دانیشتبوون. پاشا نێردراوێکی پێش خۆی ناردە لای، بەڵام بەر لەوەی نێردراوەکە بگاتە لای، ئەلیشەع بە پیرەکانی گوت: «بینیتان چۆن ئەو پیاوکوژە کەسێکی ناردووە هەتا سەرم بپەڕێنێت؟ ببینن، کاتێک پیاوەکە گەیشت، دەرگاکە دابخەن و نەهێڵن دەرگاکە بکاتەوە. من دڵنیام پاشا خۆی لەدوای ئەوەوە دێت.»
33
هێشتا قسەی لەگەڵ دەکردن نێردراوەکە گەیشتە لای، لەدوای ئەویش پاشا گەیشت. پێی گوتن: «ئەو بەڵایە لەلایەن یەزدانەوەیە. ئیتر بۆچی زیاتر چاوەڕێی یەزدان بکەم؟»
  1. a. 6‏:25 نزیکەی کیلۆگرامێک.‏
  2. b. 6‏:25 چارەکە قاپێک: نزیکەی 0,3 لیتر.‏
  3. c. 6‏:25 جیقنە‏
  4. d. 6‏:25 نزیکەی 55 گرام.‏
  5. e. 6‏:27 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  6. f. 6‏:30 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏