عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مامۆستا درۆزنەکان 
1
بەڵام لەنێو گەلەکەدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، وەک لەنێوان ئێوەشدا مامۆستای درۆزن دەبێت، ئەوانەی بە نهێنی فێرکردنی چەوتی لەناوبەر دەهێننە ناوەوە، تەنانەت نکۆڵی لە مەسیحی باڵادەست دەکەن کە ئەوانی کڕییەوە، لەناوچوونێکی خێرا بەسەر خۆیاندا دەهێنن.
2
زۆر کەسیش بەدوای بەڕەڵاییەکانیان دەکەون، لەبەر ئەوان کفر بە ڕێبازی ڕاستی دەکرێت.
3
ئەو مامۆستایانەی بەهۆی چاوبرسیێتیانەوە، لە ڕێگەی چەند چیرۆکێکی هەڵبەستراوەوە بۆ سوودی خۆیان بەکارتاندەهێنن، تاوانبارکردنیان نزیک بووەتەوە و لەناوچوونیان بەلاوە نەنراوە.
4
خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن.
5
هەروەها کە بەزەیی بە جیهانی کۆندا نەهاتەوە کاتێک لافاوی هێنایە سەر جیهانی خراپەکاران، بەڵکو نوحی ڕاگەیەنەری ڕاستودروستی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە پاراست.
6
کاتێک شارەکانی سەدۆم و عەمۆرای تاوانبار کرد بە تێکدانی تەواو و ئەوانی کردە خۆڵەمێش، کردنییە پەند بۆ داهاتووی خراپەکاران.
7
کاتێک لوتی پیاوچاکی دەرباز کرد کە لە بەڕەڵایی بەدکاران بێزار بوو،
8
چونکە ئەو پیاوچاکە کە لەنێویاندا دەژیا، کردەوە خراپەکانیانی دەبینی و دەبیست، ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار دەدرا.
9
ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە،
10
بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن.
چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان[a] بکەن،
11
هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن.
12
بەڵام ئەو خراپەکارانە کفر لە شتێک دەکەن کە لێی تێناگەن، ئەوانە وەک ئاژەڵی بەستەزمانن کە لەدایک بوون بۆ ئەوەی ڕاوبکرێن و بکوژرێن، بە گەندەڵی خۆیان لەناودەچن.
13
کرێی خراپەکارییەکانیان وەردەگرن. وا دادەنێن چێژوەرگرتن لەوەیە کە بە درێژایی ڕۆژ سەڵتەنەت لێبدەن، ئەوانە لەکە و کەموکوڕی ئێوەن، کاتێک بەشداری لە خوانەکانتان دەکەن چێژ لە فێڵەکانیان وەردەگرن.
14
چاویان پڕە لە داوێنپیسی و لە گوناه ناوەستن، دەروونە لەرزۆکەکان هەڵدەخەڵەتێنن، دڵیان بە چاوبرسی ڕاهێنراوە، ئەوانە ڕۆڵەی نەفرەتن.
15
لە ڕێگای ڕاستی لایانداوە و چەواشە کراون، دوای ڕێبازی بەلعامی کوڕی بەعۆر[b] کەوتن، ئەوەی حەزی لە کرێی خراپەکاری بوو،
16
بەڵام سەرزەنشتی سەرپێچییەکەی وەرگرت، گوێدرێژی بێزمان بە دەنگی مرۆڤانە هاتە دوان و سەرشێتی ئەو پێغەمبەرەی ڕاگرت.
17
ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
18
چونکە کە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانە هەڵدەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەو کەسانەی لە گومڕاییدا دەژین.
19
بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین، چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە بەسەریدا زاڵ بێت.
20
ئەگەر بەهۆی ناسینی ڕزگارکەرمان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لە گڵاوی جیهان هەڵاتبن، بەڵام دیسان لەو گڵاوییە بئاڵێنەوە و بەسەریاندا زاڵ بێت، ئەو کاتە کۆتاییان لە سەرەتایان خراپتر دەبێت،
21
چونکە باشتر بوو ڕێگای ڕاستودروستییان نەناسیبووایە، لەوەی ناسییان و دوایی لەو ڕاسپاردە پیرۆزەی پێیان درا هەڵگەڕانەوە.
22
ئەو پەندە ڕاستەیان لەسەر دەچەسپێت: ﴿سەگ گەڕایەوە سەر ڕشانەوەکەی،﴾[c] هەروەها: «بەرازی شوشتراو گەڕایەوە ناو چڵپاو.»
  1. a. 2‏:10 یۆنانی: شکۆداران.‏
  2. b. 2‏:15 بڕوانە سەرژمێری 22‏:5‏–24‏:25.‏‏
  3. c. 2‏:22 پەندەکان 26‏:11.‏‏