عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داود و چیڤا 
1
کاتێک کە داود تۆزێک لە لووتکەکە ڕەت بوو، بینی چیڤای بریکاری مەفیبۆشەت بە دوو گوێدرێژی کورتانکراوەوە چاوەڕێی دەکات، دوو سەد کولێرە و سەد هێشووە کشمیش و سەد نانە هەنجیر و مەشکەیەک شەرابی بارکردبوو.
2
پاشا بە چیڤای گوت: «ئەمانەت بۆ چییە؟»
چیڤاش گوتی: «دوو گوێدرێژەکە بۆ ماڵی پاشا بۆ سواربوونە، کولێرە و هەنجیرەکەش بۆ پیاوەکانتە با بیخۆن، شەرابەکەش با ئەوانە بیخۆنەوە کە لە چۆڵەوانیدا شەکەت بوون.»
3
پاشاش لێی پرسی: «ئەی کوڕەزای گەورەکەت لەکوێیە؟»
چیڤاش بە پاشای گوت: «ئەوەتا ئەو لە ئۆرشەلیم ماوەتەوە، چونکە گوتی: ”ئەمڕۆ بنەماڵەی ئیسرائیل پاشایەتییەکەی باپیرم بۆ دەگەڕێننەوە.“»
4
ئینجا پاشا بە چیڤای گوت: «وا هەموو ئەوانەی هی مەفیبۆشەتن بۆ تۆیە.»
چیڤاش گوتی: «کڕنۆش دەبەم. هیوادارم پاشای گەورەم لێم ڕازی بێت.»
نەفرەتکردنی شیمعی لە داود 
5
کاتێک داودی پاشا لە بەحوریم نزیک بووەوە، پیاوێک لەوێوە هات کە لە خێڵی شاول بوو، ناوی شیمعیی کوڕی گێرا بوو، دەهاتە دەرەوە و نەفرەتی دەکرد.
6
داودی پاشا و هەموو کاربەدەستانی بەردباران دەکرد، هەرچەندە هەموو سوپا و پاڵەوانەکانیش لەلای ڕاست و چەپی بوون.
7
شیمعی کە نەفرەتی دەکرد دەیگوت: «بڕۆ دەرەوە! بڕۆ دەرەوە، ئەی پیاوی خوێنڕێژ، ئەی پیاوی سووکوچروک!
8
یەزدان تۆڵەی هەموو خوێنی ماڵی شاولی لێکردیتەوە کە لە جێی ئەو بوویت بە پاشا. یەزدان پاشایەتییەکەی دایە دەست ئەبشالۆمی کوڕت، تۆ بە خراپەی خۆت لەناودەچیت، چونکە تۆ پیاوێکی خوێنڕێژیت!»
9
ئەبیشەی کوڕی چەرویاش بە پاشای گوت: «بۆچی ئەم سەگە تۆپیوە نەفرەت لە پاشای گەورەم دەکات؟ لێمگەڕێ با بۆی بچم و سەری لێ بکەمەوە.»
10
بەڵام پاشا گوتی: «ئەی کوڕانی چەرویا، چی لەنێوان من و ئێوە هەیە؟ لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، ئەگەر یەزدان پێی فەرمووبێت نەفرەت لە داود بکە، کێ هەیە بتوانێت بڵێت: ”بۆ ئەمە دەکەیت؟“»
11
ئینجا داود بە ئەبیشەی و بە هەموو کاربەدەستەکانی گوت: «ئەوەتا من کوڕەکەی خۆم، ئەوەی لە پشتی خۆمەوە هاتووە دەیەوێت بمکوژێت، چ جای بنیامینییەک! لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، چونکە یەزدان پێی فەرمووە.
12
بەڵکو یەزدان بڕوانێتە زەلیلییەکەم و لە جیاتی ئەو نەفرەتەی ئەمڕۆ، بە چاکە پاداشتم بداتەوە.»
13
ئیتر داود و پیاوەکانی بە ڕێگادا دەڕۆیشتن و شیمعییش بە قەراغ چیاکەدا لە بەرامبەری دەڕۆیشت، بە ڕێگاوە نەفرەتی دەکرد و لە بەرامبەری بەردی تێدەگرت و خۆڵی بە بادا دەکرد.
14
پاشا و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون گەیشتنە تەنکاوەکە، ماندوو بوون، لەوێ حەوانەوە.
ڕاوێژی ئەحیتۆفەل و حوشەی 
15
هەر لەو کاتەدا، ئەبشالۆم و هەموو سوپای ئیسرائیل هاتنە ئۆرشەلیم و ئەحیتۆفەلیشیان لەگەڵ بوو.
16
ئینجا حوشەی ئەرکی هاوڕێی داود هاتە لای ئەبشالۆم، حوشەی بە ئەبشالۆمی گوت: «بژی پاشا، بژی پاشا!»
17
ئەبشالۆمیش بە حوشەی گوت: «ئەمە خۆشەویستییەکەتە بۆ هاوڕێکەت؟ بۆچی لەگەڵ برادەرەکەت نەڕۆیشتیت؟»
18
حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر، بەڵکو ئەوەی یەزدان و ئەم گەلە و هەموو پیاوانی ئیسرائیل هەڵیانبژاردووە، من لایەنگری ئەو دەبم و لەگەڵ ئەودا دەمێنمەوە.
19
پاشان، من خزمەتی کێ دەکەم؟ ئایا لەبەردەم کوڕەکەی نییە؟ هەروەک چۆن لەبەردەم باوکت خزمەتم کرد، ئاواش لەبەردەم تۆدا خزمەت دەکەم.»
20
ئەبشالۆم بە ئەحیتۆفەلی گوت: «تەگبیر بکەن، چی بکەین؟»
21
ئەحیتۆفەلیش بە ئەبشالۆمی گوت: «لەگەڵ کەنیزەکانی باوکت جووتبە، ئەوانەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتن. ئینجا هەموو ئیسرائیل دەیبیستێتەوە کە لەبەرچاوی باوکت کەوتوویت، بەو شێوەیە دەستی هەموو ئەوانە بەهێزتر دەبێت کە لەگەڵتدان.»
22
لە سەربان چادرێکیان بۆ ئەبشالۆم دامەزراند و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل لەگەڵ کەنیزەکانی باوکی جووتبوو.
23
لەو سەردەمەدا ڕاوێژی ئەحیتۆفەل کە ڕاوێژی پێ دەکرا، وەک ئەوەی لە خوداوە بێت. هەموو ڕاوێژەکانی ئەحیتۆفەل ئاوا بوون بۆ داود و بۆ ئەبشالۆمیش.