عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دواهەمین وشەکانی داود
- 1
- ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن:
 «ئەمە وەک سروش درا بە داودی کوڕی یەسا،
 ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە،
 دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و
 زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:
- 2
- «ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا،
 وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
- 3
- خودای ئیسرائیل فەرمووی،
 تاشەبەردەکەی ئیسرائیل[a] لەگەڵ من دوا:
 ”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات،
 کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
- 4
- ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن
 لە بەیانییەکی ساماڵ،
 وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە
 کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“
- 5
- «ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟
 پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم،
 کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە.
 ئەی هەموو ڕزگاری و
 ئارەزووێکم ناهێنێتە دی؟
- 6
- بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن،
 کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
- 7
- هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات،
 ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛
 ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
- پاڵەوانەکانی داود
- 8
- ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن:
 یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.
- 9
- پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم[b] لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد.
- 10
- ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.
- 11
- پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات.
- 12
- بەڵام شەمما لە ناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.
- 13
- سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون.
- 14
- لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێتلەحم بوو.
- 15
- داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێتلەحم ئاوی بۆ دەهێنام!»
- 16
- ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێتلەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی.
- 17
- گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە.
 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
- 18
- ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو.
- 19
- ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
- 20
- بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت.
- 21
- ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی.
- 22
- ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد.
- 23
- لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
- 24
- ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون:
 عەساهێلی برای یۆئاب،
 ئێلحانانی کوڕی دۆدۆی بێتلەحمی،
- 25
- شەممای حەرۆدی،
 ئەلیقای حەرۆدی،
- 26
- حەلەچی پەلتیی،
 عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،
- 27
- ئەبیعەزەری عەناتۆتی،
 مەڤونەیی حوشاتی،
- 28
- چەلمۆنی ئەحۆحی،
 مەهەرەیی نەتۆفایی،
- 29
- حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفایی،
 ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،
- 30
- بەنایای پیرعاتۆنی،
 هیدەی لە شیوەکانی گاعەشەوە،
- 31
- ئەبیعەلڤۆنی عەرڤاتی،
 عەزماڤێتی بەرحومی،
- 32
- ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،
 کوڕەکانی یاشێن،
 یۆناتانی کوڕی
- 33
- شەممای هاراری،
 ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،
- 34
- ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی،
 ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،
- 35
- حەسرۆی کارمەلی،
 پەعەرەیی ئەربی،
- 36
- یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی،
 کوڕی هەگری،
- 37
- چەلەقی عەمۆنی،
 نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
- 38
- عیرای یەتری،
 گارێڤی یەتری و
- 39
- ئوریای حیتی.
 هەموویان سی و حەوت کەس بوون.
- a. 23:3 ناوێکی تایبەتە بە خودای ئیسرائیل کە دڵسۆزی خودا دەردەخات. بڕوانە دواوتار 32:4-31.
- b. 23:9 بڕوانە یەکەم پوختەی مێژوو 11:13.

