عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەرژمێری بۆ پێکهێنانی سوپا 
1
دووبارە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیل جۆشا و داودی لێ هاندان و فەرمووی: «بڕۆ سەرژمێری ئیسرائیل و یەهودا بکە.»
2
پاشا بە یۆئاب و بەو فەرماندانەی سوپای گوت کە لەلای بوون: «ئێستا بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بگەڕێن، لە دانەوە هەتا بیری شابەع، جەنگاوەران تۆمار بکەن بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»
3
یۆئابیش بە پاشای گوت: «با یەزدانی پەروەردگارت جەنگاوەران سەد ئەوەندە زیاتر بکات و پاشای گەورەم بە چاوی خۆی ئەوە ببینێت، بەڵام بۆچی پاشای گەورەم ئەم کارەی پێ باشە؟»
4
لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئاب و سەرکردەکانی سوپادا سەپاند، ئیتر ئەوان لەبەردەم پاشا چوونە دەرەوە تاوەکو جەنگاوەرانی ئیسرائیل تۆمار بکەن.
5
دوای ئەوەی لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، لە نزیکی عەرۆعێر لەلای باشووری شارۆچکەکە کە لەناو دەربەندەکەیە چادریان هەڵدا. پاشان چوونە ناو خاکی گاد و دوای ئەوەش بەردەوام بوون هەتا شارۆچکەی یەعزێر.
6
پاشان چوونە گلعاد و ناوچەی تەحتیم حۆدشی و ئینجا چوونە دان یەعەن و سووڕانەوە بۆ سەیدا.
7
دوای ئەوە چوونە قەڵای سور و هەموو شارۆچکەکانی حیڤی و کەنعانییەکان. لە کۆتاییدا چوونە نەقەبی یەهودا بۆ بیری شابەع.
8
بەناو هەموو خاکەکەدا گەڕان و دوای نۆ مانگ و بیست ڕۆژ گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
9
یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە پاشا: لە ئیسرائیل هەشت سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش پێنج سەد هەزار هەبوون.
10
پاش سەرژمێریکردنی گەل، داود تووشی ئازاری ویژدان بوو، بە یەزدانی گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم. ئێستاش ئەی یەزدان، لە تاوانی خزمەتکارەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»
11
پێش ئەوەی داود بەیانی لە خەو هەستێت، فەرمایشتی یەزدان بۆ گادی پێغەمبەر هاتبوو، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، پێی فەرمووبوو:
12
«بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»
13
ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «ئایا لە خاکەکەتدا سێ ساڵ[a] قاتوقڕیت بەسەربێت؟ یان سێ مانگ لەبەردەم دوژمنەکانت هەڵبێیت و ئەوانیش ڕاوت بنێن؟ یان سێ ڕۆژ دەرد لە خاکەکەتدا بڵاو ببێتەوە؟ ئێستا بزانە و ببینە، چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»
14
داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەوینە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆرە، بەڵام با نەکەوینە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»
15
لەبەر ئەوە یەزدان لە بەیانییەوە هەتا کاتی دیاریکراو دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر لە دانەوە هەتا بیری شابەع حەفتا هەزار پیاو مردن.
16
فریشتەکە دەستی بۆ ئۆرشەلیم درێژکرد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، بەڵام یەزدان کارەساتەکەی ڕاگرت، بەو فریشتەیەی فەرموو کە گەلی لەناودەبرد: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» لەو کاتەدا فریشتەکەی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو.
17
کاتێک داود فریشتە لەناوبەرەکەی گەلی بینی، بە یەزدانی گوت: «من گوناه و تاوانم کردووە، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت.»
بنیادنانی قوربانگایەک لەلایەن داودەوە 
18
لەو ڕۆژەدا گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «سەربکەوە و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنە.»
19
داودیش بەپێی قسەکەی گاد، هەروەک یەزدان فەرمانی دابوو سەرکەوت.
20
کاتێک ئەرەونا تەماشای کرد و بینی وا پاشا و خزمەتکارەکانی دێنە لای، ئەرەونا چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.
21
ئەرەونا گوتی: «پاشای گەورەم بۆچی هاتووە بۆ لای خزمەتکارەکەی؟»
داودیش گوتی: «بۆ ئەوەی جۆخینەکەت لێ بکڕم تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە.»
22
ئەرەوناش بە داودی گوت: «با پاشای گەورەم ئەوەی بەلایەوە باشە بیبات و بیکاتە قوربانی. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ و نیری گایەکان بۆ دار.
23
ئەی پاشا، ئەرەونای خاوەنیان هەمووی دەداتە پاشا.» هەروەها ئەرەونا بە پاشای گوت: «یەزدانی پەروەردگارت لێت ڕازی بێت.»
24
بەڵام پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخ لە تۆی دەکڕم و قوربانی سووتاندنی بە خۆڕایی بۆ یەزدانی پەروەردگارم سەر ناخەم.»
لەبەر ئەوە داود جۆخینەکە و گایەکانی بە پەنجا شاقل زیو[b] کڕی.
25
داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. ئیتر یەزدانیش لەبەر خاکەکە وەڵامی دایەوە و دەردەکە لە ئیسرائیل دوور کەوتەوە.

  1. a. 24‏:13 سێ ساڵ: بڕوانە یەکەم پوختەی مێژوو 21‏:11‏،12‏‏.‏
  2. b. 24‏:24 پەنجا شاقل زیو: نزیکەی 0,6 کیلۆگرام.‏