عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود درێژەی کێشا، هەتا دەهات داود بەهێزتر دەبوو، بنەماڵەی شاولیش هەتا دەهات لاوازتر دەبوون.
 - 2
 - داود لە حەبرۆن چەند کوڕێکی بوو:
کوڕە نۆبەرەکەی ئەمنۆن بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛ - 3
 - دووەمیان کیلئیاڤ لە ئەبیگایل بوو کە بێوەژنەکەی نابالی کارمەلی بوو؛
سێیەمیان ئەبشالۆمی[a] کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور بوو؛ - 4
 - چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بوو؛
پێنجەمیان شەفەتیای کوڕی ئەبیتەل بوو؛ - 5
 - شەشەمیان یەترعام لە عەگلای ژنی داود بوو.
ئەمانە لە حەبرۆن بۆ داود لەدایک بوون. - ئەبنێر دەچێتە پاڵ داود
 - 6
 - ئەوە بوو کاتێک جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود بەرپا بوو، ئەبنێر پێگەی خۆی لەناو بنەماڵەی شاول بەهێز دەکرد.
 - 7
 - شاول کەنیزەیەکی هەبوو ناوی ڕیچپای کچی ئەییا بوو، ئیشبۆشەتیش بە ئەبنێری گوت: «بۆچی لەگەڵ کەنیزەکەی باوکم جووتبوویت؟»
 - 8
 - ئەبنێر بە قسەکەی ئیشبۆشەت زۆر تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من سەگێکم لە خزمەتی یەهودا؟ هەتا ئەمڕۆ من دڵسۆز بووم لەگەڵ ماڵی شاولی باوکت و لەگەڵ براکانی و هاوڕێیەکانی، هەروەها تۆم نەداوەتە دەست داودەوە. تۆش بەهۆی پەیوەندیم بەو ژنەوە گوناهبارم دەکەیت؟
 - 9
 - با خودا توندترین سزای ئەبنێر بدات، ئەگەر من پاڵپشتی داود نەکەم و سوێندەکەی یەزدان نەهێنمە دی،
 - 10
 - بۆ گواستنەوەی پاشایەتییەکە لە بنەماڵەی شاولەوە، هەروەها دامەزراندنی تەختی داود لە ئیسرائیل و یەهودا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[b] .»
 - 11
 - ئیتر ئیشبۆشەتیش نەیتوانی بە یەک وشە وەڵامی ئەبنێر بداتەوە، چونکە لێی دەترسا.
 - 12
 - ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن: «ئەم خاکە هی کێیە؟» هەروەها بڵێن: «پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە، ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»
 - 13
 - داودیش گوتی: «باشە، من پەیمانی خۆمت لەگەڵدا دەبەستم، بەڵام یەک شتت لێ داوا دەکەم، ئەویش ئەوەیە: کاتێک دێیت بۆ ئەوەی بمبینیت، ئەگەر میخەلی کچی شاول لەگەڵ خۆتدا نەهێنیت، ئەوا ڕووی من نابینیت.»
 - 14
 - ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشەتی کوڕی شاول نارد و گوتی: «میخەلی ژنم بدەوە کە بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکان لە خۆمم مارە کردووە.»
 - 15
 - لەبەر ئەوە ئیشبۆشەت ناردی و لە مێردەکەی وەریگرتەوە، لە پەلتیێلی کوڕی لایش.
 - 16
 - مێردەکەی لەگەڵی دەڕۆیشت و بەدوایدا دەگریا هەتا گەیشتە بەحوریم. ئینجا ئەبنێر پێی گوت: «بڕۆ، بگەڕێوە!» ئەویش گەڕایەوە.
 - 17
 - پاشان ئەبنێر لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی: «ئێوە لەمێژە داوای داودتان دەکرد ببێتە پاشاتان،
 - 18
 - کەواتە ئێستا ئەوە بکەن! لەبەر ئەوەی یەزدان بە داودی فەرمووە: ”من بە دەستی داودی بەندەم ئیسرائیلی گەلم لە دەست فەلەستییەکان و سەرجەم دوژمنەکانیان ڕزگار دەکەم.“»
 - 19
 - هەروەها ئەبنێر لەگەڵ بنیامینییەکان قسەی کرد. پاشان ئەبنێر چوو بۆ ئەوەی لە حەبرۆن لەگەڵ داود قسە بکات دەربارەی هەموو ئەوەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی بنیامین پەسەندیان کردووە.
 - 20
 - کاتێک ئەبنێر لەگەڵ بیست پیاو هاتە حەبرۆن بۆ لای داود، داود خوانێکی ساز کرد بۆ ئەبنێر و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون.
 - 21
 - ئەبنێر بە داودی گوت: «هەڵدەستم و دەڕۆم، تاکو هەموو ئیسرائیل بۆ پاشای گەورەم کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی پەیمانت لەگەڵدا ببەستن و تۆش بەپێی هەموو ئەوانەی کە دڵت ئارەزووی دەکات فەرمانڕەوایی بکەیت.» داودیش ئەبنێری بەڕێکرد و ئەویش بە سەلامەتی ڕۆیشت.
 - کوشتنی ئەبنێر لەلایەن یۆئابەوە
 - 22
 - لەو کاتەدا یۆئاب و پیاوانی داود لە پەلامارێک دەگەڕانەوە و دەستکەوتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. بەڵام ئەبنێر لە حەبرۆن لەگەڵ داود نەبوو، چونکە بەڕێی کردبوو و بە سەلامەتی ڕۆیشتبوو.
 - 23
 - کاتێک یۆئاب و هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوو هاتن، بە یۆئابیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئەبنێری کوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئەویش بەڕێی کرد و بە سەلامەتی ڕۆیشت.»
 - 24
 - لەبەر ئەوە یۆئاب بۆ لای پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «چیت کرد؟ ئەبنێر هات بۆ لات، بۆچی بەڕێت کرد بڕوات؟ ئێستا ڕۆیشتووە!
 - 25
 - تۆ ئەبنێری کوڕی نێر دەناسیت؛ تەنها بۆ ئەوە هاتووە فریوت بدات و چاودێریی جوڵانەوەت بکات و بە هەموو کارەکانت بزانێت.»
 - 26
 - کاتێک یۆئاب داودی بەجێهێشت، چەند نێردراوێکی بەدوای ئەبنێردا نارد و لە ئەمباراوی سیرادا گەڕاندیانەوە، بەڵام داود ئاگای لەمە نەبوو.
 - 27
 - کاتێک ئەبنێر گەڕایەوە حەبرۆن، یۆئاب بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەگەڵدا بکات بردییە کەناری دەروازەکەوە و لەوێدا لە تۆڵەی خوێنی عەساهێلی برای سکی هەڵدڕی و کوشتی.
 - 28
 - پاشان داود ئەمەی بیستەوە و گوتی: «من خۆم و پاشایەتییەکەم هەتاهەتایە لای یەزدان لە خوێنی ئەبنێری کوڕی نێر بێبەرین.
 - 29
 - با لە ملی یۆئاب و هەموو ماڵی باوکی بێت! با لە ماڵی یۆئاب زامی درێژخایەن و گەڕوگولی[c]  و دارشەقە بەدەست و بە شمشێر کوژراو و برسی نان نەبڕێتەوە.»
 - 30
 - (یۆئاب و ئەبیشەی برای، ئەبنێریان کوشت، چونکە ئەو عەساهێلی برایانی لە گبعۆن لە جەنگدا کوشتبوو.)
 - 31
 - ئینجا داود بە یۆئاب و هەموو گەل و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، پێی گوتن: «جلەکانتان لەبەر خۆتان دابدڕن و جلوبەرگی گوش[d] بپۆشن و لەبەردەم ئەبنێردا شیوەن بگێڕن.» داودی پاشاش لەدوای دارەمەیتەکە[e] دەڕۆیشت.
 - 32
 - ئەبنێریان لە حەبرۆن ناشت و پاشاش بە دەنگی بەرز لەسەر گۆڕی ئەبنێر گریا. هەموو گەلیش گریان.
 - 33
 - هەروەها پاشا بۆ ئەبنێر لاواندییەوە و گوتی:
«ئایا دەبێت ئەبنێر وەک چۆن گێلێک دەمرێت ئاوا بمرێت؟ - 34
 - دەستەکانت نەبەسترابوونەوە و
پێیەکانت بە زنجیر کۆت نەکرابوون.
کەوتی، هەروەک یەکێک لەبەردەم بەدکاران کەوتبێت.»
جا هەموو گەل دەستیان بە گریان کردەوە بۆی. - 35
 - ئیتر هەموو گەل هاتن بۆ ئەوەی نان بدەنە داود و بیخوات. هێشتا ڕۆژ بوو، بەڵام داود سوێندی خوارد: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر پێش خۆرئاوابوون نان یان هەر شتێکی دیکە بخۆم.»
 - 36
 - هەموو گەل زانییان و لەلایان پەسەند بوو، هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە پاشا کردی لەلایەن هەموو گەلەوە پەسەند بوو.
 - 37
 - ئینجا لەو ڕۆژەدا هەموو گەل و هەموو ئیسرائیل زانییان کە کوشتنی ئەبنێری کوڕی نێر لەلایەن پاشاوە نەبوو.
 - 38
 - پاشا بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئایا نازانن ئەمڕۆ لە ئیسرائیلدا میرێک و گەورە پیاوێک کەوتووە؟
 - 39
 - ئەمڕۆش، هەرچەندە من پاشا دەستنیشانکراوەکەم، بەڵام لاوازم و ئەم کوڕانەی چەرویا لە من بەهێزترن. یەزدان خراپەکار بەپێی خراپەکەی سزا دەدات!»
 
- a. 3:3 ئەبشالۆم: ناوێکی عیبرییە بە واتای باوکی ئاشتی، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ داودی باوکی هەبوو و سەرکردایەتی یاخیبوونێکی کرد لە دژی. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە بەشەکانی 13–18 و زەبوورەکان 3.
 - b. 3:10 واتا لە باکووری ئیسرائیل هەتا باشوور.
 - c. 3:29 گەڕوگول: نەک تەنها گولی، بەڵام ئەم وشەیە بۆ چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست بەکارهاتووە.
 - d. 3:31 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
 - e. 3:31 یان دارەبازەکە.
 

