عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کوشتنی ئیشبۆشەت
 - 1
 - کاتێک ئیشبۆشەتی کوڕی شاول بیستییەوە کە ئەبنێر لە حەبرۆن کوژراوە، دەستی شل بوو و هەموو ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.
 - 2
 - کوڕەکەی شاول دوو پیاوی هەبوو کە سەردەستەی چەتەکان بوون، یەکێکیان ناوی بەعەنا و ئەوی دیکەیان ناوی ڕێکاب بوو، هەردووکیان کوڕی ڕیمۆنی بئێرۆتی بوون کە لە نەوەی بنیامین بوو. بئێرۆت لەسەر بنیامین دادەنرێت،
 - 3
 - چونکە بئێرۆتییەکان بۆ گیتەیم هەڵاتبوون و ئاوارەی ئەوێ بوون، هەتا ئەمڕۆ لەوێن.
 - 4
 - (یۆناتانی کوڕی شاولیش کوڕێکی هەبوو کە هەردوو قاچی شەل بوون. کاتێک هەواڵی شاول و یۆناتان لە یەزرەعیلەوە گەیشت تەمەنی پێنج ساڵان بوو، ئیتر دایەنەکەی هەڵیگرت و هەڵات، بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەلە بوو بۆ هەڵاتن، منداڵەکە کەوت و شەل بوو، ناویشی مەفیبۆشەت بوو.)
 - 5
 - کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتی ڕێکاب و بەعەنا ڕۆیشتن و لە گەرمەی ڕۆژدا خۆیان بە ماڵی ئیشبۆشەتدا کرد کە سەرخەوی نیوەڕۆی دەشکاند.
 - 6
 - چوونە ناو ماڵەکەوە بە بیانووی ئەوەی بارە گەنم ببەن، شمشێرێکیان لە سکی دا. پاشان ڕێکاب و بەعەنای برای دەرباز بوون.
 - 7
 - لە کاتی هاتنە ژوورەوەیان بۆ ناو ماڵەکە ئەو لەسەر قەرەوێڵەکەی لە ژووری نوستنەکەی پاڵکەوتبوو، جا لێیاندا و کوشتیان، سەریان بڕی و سەرەکەیان برد، بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن.
 - 8
 - سەری ئیشبۆشەتیان هێنایە حەبرۆن، بۆ لای داودی پاشا، پێیان گوت: «ئەوەتا ئەوە سەری ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی دوژمنی تۆیە ئەوەی دەیویست بتکوژێت. یەزدانیش ئەمڕۆ تۆڵەی پاشای گەورەی منی لە شاول و نەوەکەی کردووەتەوە.»
 - 9
 - داودیش وەڵامی ڕێکاب و بەعەنای برای دایەوە کە کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتین و پێی گوتن: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ژیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد،
 - 10
 - کاتێک یەکێک هەواڵی پێدام و گوتی: ”شاول مردووە“ و خۆی بە مزگێنیدەر دەزانی، گرتم و لە چیقلەگ کوشتم، بەوە موژدانەکەیم دایەوە.
 - 11
 - ئەی دەبێت ئەمەیان چەند زۆرتر بێت ئەگەر دوو پیاوی بەدکار پیاوێکی ڕاستودروست لەناو ماڵەکەی خۆیدا و لەسەر قەرەوێڵەکەی بکوژن. ئێستاش ئایا داوای خوێنەکەی ئەوتان لێ نەکەم و لەسەر زەوی نەتانسڕمەوە؟»
 - 12
 - جا داود فەرمانی بە خزمەتکارەکان کرد و ئەوانیان کوشت، دەست و پێیان بڕین، لەلای گۆمەکەی حەبرۆن هەڵیانواسین. بەڵام سەری ئیشبۆشەتیان بردە حەبرۆن و لە گۆڕەکەی ئەبنێردا ناشتیان.
 

