عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - داود و مەفیبۆشەت
- 1
- داود پرسی: «ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت، بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی[a]  لەگەڵدا بکەم؟»
- 2
- بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو، بانگیان کرد بۆ لای داود، ئیتر پاشا پێی گوت: «تۆ چیڤایت؟»
 ئەویش گوتی: «بەڵێ، منی خزمەتکارتم.»
- 3
- پاشاش گوتی: «ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت، بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟»
 چیڤاش بە پاشای گوت: «کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»
- 4
- پاشاش پێی گوت: «لەکوێیە؟»
 چیڤاش بە پاشای گوت: «لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»
- 5
- ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.
- 6
- کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود، بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد.
 داودیش گوتی: «مەفیبۆشەت؟»
 ئەویش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، لە خزمەتدام.»
- 7
- داودیش پێی گوت: «مەترسە، چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە، تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»
- 8
- مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی: «بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»
- 9
- ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت: «هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو، بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە.
- 10
- خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن. مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.» چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.
- 11
- چیڤاش بە پاشای گوت: «بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات، خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.» ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.
- 12
- مەفیبۆشەت کوڕێکی بچووکی هەبوو ناوی میکا بوو. هەروەها هەموو ئەوانەی لە ماڵی چیڤادا دەژیان خزمەتکاری مەفیبۆشەت بوون.
- 13
- مەفیبۆشەت لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، چونکە هەمیشە لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد و هەردوو قاچیشی شەل بوون.
- a. 9:1 لە زۆر شوێنی کتێبی پیرۆزدا ئەم وشەیە بە «خۆشەویستی نەگۆڕ» وەرگێڕانی بۆ کراوە. بڕوانە دواوتار 5:10

