عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وشەی خودا ڕابگەیەنە 
1
لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم:
2
وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، خەڵکی ڕاستەڕێ بکە، سەرزەنشت بکە و ورەیان بەرز بکەرەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و هەوڵی فێرکردن،
3
چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە تاکو ختووکەی گوێیان بدات.
4
بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن.
5
بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.
6
سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم[a] و کاتی کۆچکردنم هاتووە.
7
تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد و باوەڕەکەم پاراست.
8
ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.
دوا ڕاسپاردە 
9
کۆشش بکە زوو بێیتە لام،
10
چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا.
11
بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە لە خزمەتکردندا سوودی بۆم هەیە.
12
تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس.
13
کاتێک هاتیت، ئەو کەوایە لەگەڵ خۆت بهێنە کە لە ترۆئاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، تۆمارەکانیش[b] بهێنە، بە تایبەت دەستنووسەکان.
14
ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی.
15
خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد.
16
لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. خودایە، لەسەریان هەژمارد مەکە.
17
بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت و هەموو گەلان بیبیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم.
18
مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەک دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.
سڵاوی کۆتایی 
19
سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە.
20
ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆسم بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێهێشت.
21
کۆشش بکە پێش زستان بێی.
یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن.
22
مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.

  1. a. 4‏:6 مەبەستی نووسەر لێرەدا واتا من وا دەمرم، نەریت و باو بووە کە خواردنەوەی گرنگ وەک قوربانی ڕژێنراوە، لێڤییەکان 23‏:18‏‏.‏
  2. b. 4‏:13 پەڕتووکی نووسراو لەسەر پێست یان کاغەز و پێچراوەتەوە.‏