عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
لە پیرەکەوە[a] ،
بۆ گایۆسی خۆشەویست کە لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت.
2
ئەی خۆشەویست، نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت، هەروەک دەروونت سەرکەوتووە.
3
زۆر دڵخۆش بووم بەوەی چەند برایەک هاتن و شایەتی دڵسۆزی تۆیان بۆ ڕاستی دا، هەروەک بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆیت.
4
خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.
5
خۆشەویست، تۆ بە دڵسۆزییەوە هەموو شتێک بۆ خوشکان و برایان دەکەیت، بە تایبەتی بۆ نامۆکان.
6
ئەوان لەبەردەم کڵێسا شایەتییان لەسەر خۆشەویستیی تۆ داوە. کارێکی باش دەکەیت کە بەو شێوەیەی لەلای خودا شایستەیە بەڕێیان بکەیت،
7
چونکە ئەوانە لەبەر ناوی مەسیح هاتوونەتە دەرەوە و هیچ شتێکیان لە بێباوەڕان وەرنەگرتووە.
8
بۆیە پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەوانە بکەین تاکو بەیەکەوە کار بۆ ڕاستی بکەین.
9
بۆ کڵێسام نووسیوە، بەڵام دیۆتریفس کە دەیەوێت لەنێوانیاندا ببێتە یەکەم، پێشوازیمان لێ ناکات.
10
بۆیە ئەگەر هاتم، کردەوەکانی و ئەو غەیبەتانەی کە سەبارەت بە ئێمەی گوتووە دەیخەمەوە یادی. هەروەها بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو نایەوێت پێشوازی لە خوشکان و برایان بکات و هەر یەکێک بییەوێت پێشوازییان لێ بکات، ڕێی لێ دەگرێت و لە کڵێسا دەریدەکات.
دوای خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە 
11
خۆشەویستم، لاسایی خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە. ئەوەی چاکە بکات لە خوداوەیە، ئەوەش خراپە بکات، خودای نەبینیوە[b] .
12
دیمیتریۆس لەلایەن هەموو کەسێک و لەلایەن ڕاستیشەوە شایەتی بۆ دراوە. ئێمەش شایەتی دەدەین، ئێوەش دەزانن شایەتی ئێمە ڕاستە.
13
زۆرم هەبوو بۆتی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە قەڵەم و مەرەکەب بێت.
14
بەڵکو ئومێدەوارم بەم زووانە بتبینم تاکو ڕووبەڕوو قسە بکەین.
15
سڵاوت لێ بێت.
برادەران سڵاوت لێدەکەن. بە ناوەکانیان سڵاو لە برادەران بکە.
  1. a. 1‏:1 مەبەست لە یۆحەنایە.‏
  2. b. 1‏:11 مەبەستی ئەوەیە کە خودای نەناسیوە.‏