عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەنرختر لە چۆلەکە
 - 1
 - لەو کاتەدا کە هەزاران کەس کۆببوونەوە، بە جۆرێک یەکتریان پێشێل دەکرد، لە سەرەتادا عیسا ڕووی کردە قوتابییەکانی و فەرمووی: «ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان بن، کە دووڕووییە.
 - 2
 - هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
 - 3
 - لەبەر ئەوە هەرچی لە تاریکیدا گوتووتانە، لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، ئەوەش کە لە ژوورەوە بە چرپە گوتووتانە، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕادەگەیەنرێت.
 - 4
 - «دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت.
 - 5
 - بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن.
 - 6
 - ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت.
 - 7
 - تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
 - 8
 - «پێشتان دەڵێم: ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، کوڕی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دانی پێدا دەنێت.
 - 9
 - بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت.
 - 10
 - ئەوەی قسە بە کوڕی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، نابەخشرێت.
 - 11
 - «کاتێک دەتانهێننە بەردەم کەنیشت و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، نیگەران مەبن لەوەی کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن و چی بڵێن،
 - 12
 - چونکە ڕۆحی پیرۆز هەر لەو کاتەدا فێرتان دەکات پێویستە چی بڵێن.»
 - نموونەی دەوڵەمەندی بێ مێشک
 - 13
 - یەکێکی ناو خەڵکەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بفەرموو میراتم لەگەڵ بەش بکات.»
 - 14
 - بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟»
 - 15
 - بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.»
 - 16
 - ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا.
 - 17
 - لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“
 - 18
 - «جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە.
 - 19
 - بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە کە بەشی چەندین ساڵ دەکات. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘ “
 - 20
 - «بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“
 - 21
 - «بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.»
 - خودا خەممان دەخوات
 - 22
 - بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن.
 - 23
 - ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە جلوبەرگ.
 - 24
 - سەیری قەلەڕەش بکەن کە نە تۆو دەکات و نە دروێنە، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن!
 - 25
 - کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
 - 26
 - ئەگەر ئەو شتە بچووکانە لە توانای ئێوەدا نەبێت، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟
 - 27
 - «سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە.
 - 28
 - ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟
 - 29
 - جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن.
 - 30
 - هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە.
 - 31
 - بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت.
 - 32
 - «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ.
 - 33
 - ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات،
 - 34
 - چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
 - نموونەی کۆیلە دەستپاکەکان
 - 35
 - «با پشتێنتان بەستراو و چراتان هەڵکراو بێت،
 - 36
 - وەک ئەوانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن تاکو لە شایی بگەڕێتەوە، کە هاتەوە و لە دەرگای دا، دەستبەجێ لێی بکەنەوە.
 - 37
 - خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت کە گەورە دێتەوە دەبینێت ئێشکیان گرتووە. ڕاستیتان پێ دەڵێم، گەورەکە ناوقەدی خۆی دەبەستێت و کۆیلەکان دادەنیشێنێت، دێت و خزمەتیان دەکات.
 - 38
 - جا ئەگەر لە نیوەی شەودا یان نزیکی بەرەبەیان بێتەوە و ئەوان بەو شێوەیە ببینێت، خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت.
 - 39
 - بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتژمێرێک دز دێتە سەری، نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت.
 - 40
 - ئێوەش ئامادەبن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.»
 - 41
 - پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟»
 - 42
 - مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟
 - 43
 - خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات.
 - 44
 - ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت.
 - 45
 - بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ ئیتر دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها دەخوات و دەخواتەوە و سەرخۆش دەبێت.
 - 46
 - ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت.
 - 47
 - «ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت.
 - 48
 - بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت.
 - ئاشتی نا بەڵکو دووبەرەکی
 - 49
 - «هاتووم تاکو ئاگر هەڵدەمە سەر زەوی، چەندە خوازیارم پێشوەخت گڕی گرتبێت!
 - 50
 - بەڵام ئازارێکم[a] لە ڕێگایە و دەبێت پێیدا تێبپەڕم، چەند ناڕەحەتم هەتا تەواو دەبێت.
 - 51
 - وا دەزانن من هاتووم ئاشتی بهێنمە سەر زەوی؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵکو دووبەرەکی.
 - 52
 - لەمەودوا لە ماڵێکدا پێنجی تێدا دەبێت جیا دەبنەوە، سێ لە دوو و دوو لە سێ.
 - 53
 - باوک لە کوڕ و کوڕ لە باوک، دایک لە کچ و کچ لە دایک، خەسوو لە بووک و بووک لە خەسوو جیا دەبنەوە.»
 - 54
 - دیسان بە خەڵکەکەی فەرموو: «کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە بەدەردەکەوێت، خێرا دەڵێن: ”بارانی بەدەمەوەیە،“ هەر بەو شێوەیەش دەبێت.
 - 55
 - کاتێکیش بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: ”گەرم دەبێت،“ ئاواش دەبێت.
 - 56
 - ئەی دووڕووان، دەزانن ڕووی زەوی و ئاسمان بخوێننەوە، چۆن نازانن ئەم سەردەمە بخوێننەوە؟
 - 57
 - «هەروەها بۆچی بۆ خۆتان بە ڕاستی حوکم نادەن؟
 - 58
 - کاتێک لەگەڵ ڕکابەرەکەت بە ڕێگاوەی بۆ لای دادوەر، لە ڕێگا هەوڵ بدە کێشەکەت لەگەڵی ببڕێنیتەوە، ئەگینا ڕاتدەکێشێتە لای دادوەر و دادوەریش دەتداتە دەست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێتدەداتە بەندیخانە.
 - 59
 - پێت دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.»
 
- a. 12:50 پێشبینییە بۆ ئازارکێشان لەسەر خاچ.
 

