عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
- 1
- ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
 گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
- 2
- ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
 شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
- 3
- هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
 دەنگیان نابیسترێت،
- 4
- بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
 وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
 لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
- 5
- کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
 وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
- 6
- لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
 دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
 هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
- 7
- فێرکردنی یەزدان تەواوە،
 دەروون دەبووژێنێتەوە.
 شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
 ساویلکە دەکەنە دانا.
- 8
- ڕێنمایی یەزدان دروستە،
 دڵ خۆش دەکات.
 ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
 چاو ڕۆشن دەکات.
- 9
- لەخواترسی بێگەردە،
 هەتاهەتایە سەقامگیرە.
 حوکمی یەزدان ڕاستە،
 بە تەواوی ڕاستودروستە.
- 10
- ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
 لە زێڕی بێگەردی زۆر،
 لە هەنگوین شیرینترن،
 لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
- 11
- خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
 پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
- 12
- کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
 گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
- 13
- خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
 وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
 ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
 لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
- 14
- با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
 جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
 ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b] .
- a. 19:7 مەبەستی لە پەیمان و ڕاسپاردەکانی خودایە بۆ گەلەکەی کە لەسەر تەختەی پەیمان نووسراون. هەروەها بڕوانە دەرچوون 16:31-34.
- b. 19:14 لە زمانی عیبری بە واتای خوێنگر دێت، بۆ تێگەیشتن لەم دەربڕینە بڕوانە ڕائووس 4.

