عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران 
1
با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە.
2
ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن.
3
فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت،
4
چونکە خزمەتکاری خودایە و بۆ چاکەی تۆ کار دەکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە و بە تووڕەیی خودا سزای خراپەکاران دەدات.
5
بۆیە پێویستە ملکەچ بن، نەک تەنها لەبەر تووڕەیی[a] ، بەڵکو لەبەر ویژدانیش.
6
هەر لەبەر ئەمەشە باج دەدەن، چونکە ئەوان خزمەتکاری خودان و بەردەوام لەسەر ئەم کارەن.
7
مافی هەمووان بدەن: باج بە خاوەن باج، سەرانە بە خاوەن سەرانە، ترس لە خاوەن ترس، ڕێز بە خاوەن ڕێز.
خۆشەویستی برایانە 
8
بە هیچ شتێک قەرزاری کەس مەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، شەریعەتی تەوراتی هێناوەتە دی.
9
ڕاسپاردەکانی وەک ﴿داوێنپیسی مەکەن﴾، ﴿مەکوژن﴾، ﴿دزی مەکەن﴾، ﴿چاو مەبڕنە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت﴾[b] و ڕاسپاردەی دیکەش لەم ڕاسپاردەیەدا کۆدەبنەوە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾[c]
10
خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیکەکەی ناکات، بۆیە خۆشەویستی هێنانەدیی شەریعەتە.
11
جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا.
12
شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین.
13
با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی.
14
بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.
  1. a. 13‏:5 مەبەست سزای دەسەڵاتدار.‏
  2. b. 13‏:9 دەرچوون 20‏:13‏-17 و دواوتار 5‏:17‏-21.‏‏
  3. c. 13‏:9 لێڤییەکان 19‏:18‏‏