عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەرزکردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان 
1
بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە،
2
هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن.
3
دوای ئازارچێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا.
4
کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان.
5
یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن[a]
6
ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
7
وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون.
8
بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
9
ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
10
کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون.
11
پێیان گوتن: «ئەی جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
هەڵبژاردنی یەکێک لە جێی یەهوزا 
12
ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.[b]
13
کاتێک گەیشتن، چوونە ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە، ئەوەی کە تێیدا دەمانەوە، ئەوانیش ئەمانە بوون:
پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب،
ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس،
بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفی،
شیمۆنی دڵگەرم[c] و یەهوزای برای یاقوب.
14
هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.
15
ڕۆژێکیان پەترۆس کە لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداردا بوو، هەستا و گوتی:
16
«خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت.
17
بە یەکێک لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»
18
(یەهوزا بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لە ناوەڕاستەوە شەق بوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە.
19
هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناو نا حەقل دەمخ، کە بە واتای کێڵگەی خوێن دێت.)
20
پەترۆس درێژەی پێدا و گوتی: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە:
«﴿با ماڵەکەی چۆڵ بێت،
کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!﴾[d]
هەروەها:
﴿با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.﴾[e]
21
کەواتە با یەکێک لەو پیاوانەی کە یاوەرمان بوون بە درێژایی ئەو ماوەیەی عیسای مەسیح لەنێوماندا دەژیا،
22
هەر لە لەئاوهەڵکێشانەکەیەوە لەلایەن یەحیا هەتا ئەو ڕۆژەی بەرزکرایەوە، لەگەڵماندا ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»
23
جا دووانیان هێنایە پێشەوە، یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس.
24
نوێژیان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە،
25
تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی خۆی.»
26
ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.
  1. a. 1‏:5 یۆنانی: \+tl باپتیزۆ‏\+tl*، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).‏
  2. b. 1‏:12 ئەو دووریەیە کە جولەکەیەک بۆی هەیە لە ڕۆژی شەممەدا بیبڕێت. ئەویش تەنها (1100 مەترە)، چونکە وەک نەریتێکی ئایینی ڕۆژی شەممە بۆ پشوودانە.‏
  3. c. 1‏:13 یۆنانی: \+tl زێلۆتێس‏\+tl*، پارتێکی ڕادیکالی جولەکە بوو، مەتا 10‏:4‏‏.‏
  4. d. 1‏:20 زەبوورەکان 69‏:25.‏‏
  5. e. 1‏:20 زەبوورەکان 109‏:8.‏‏