عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گەشتێک بۆ کۆنیا 
1
لە کۆنیا پۆڵس‏ و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و بە شێوەیەک قسەیان کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا.
2
بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا، ناجولەکەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن.
3
بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد، ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت.
4
ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان.
5
کاتێک ناجولەکەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن،
6
نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا[a] و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و
7
لەوێش مزگێنییان دەدا.
چاکبوونەوەی ئیفلیجێک 
8
لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو.
9
گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە،
10
بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد.
11
کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان[b] شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!»
12
جا بەرناباسیان ناو نا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس[c] ، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو.
13
ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات.
14
بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد:
15
«خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە.
16
ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن.
17
لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.»
18
بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن.
19
هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە.
20
بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت.
21
مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا،
22
ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.»
23
لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن، ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە.
24
ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا.
25
لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و پاشان بۆ بەندەری ئەنتالیا[d] دابەزین.
26
لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە، ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد.
27
کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ ناجولەکەکانیش کردووەتەوە.
28
جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.
  1. a. 14‏:6 لیسترا و دەربە دوو شار بوون لە هەرێمی لیکاونیا، دەکەوێتە ناوەڕاستی تورکیای ئێستا.‏
  2. b. 14‏:11 یۆنانییە کۆنەکان بتپەرست بوون و بڕوایان وابوو چەند خوداوەندێک هەیە.‏
  3. c. 14‏:12 لە ئەندێشەی یۆنانییەکان هەرمەس ئەو خوداوەندە بوو کە پەیامی زییۆسی گەورەی خوداوەندەکانی دەگەیاند.‏
  4. d. 14‏:25 یۆنانی: \+tl ئەتالیا‏\+tl*.‏