عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بابەتی پۆڵس لەلای قەیسەر 
1
کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم.
2
کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لە فێستۆس پاڕانەوە،
3
تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن.
4
فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.»
5
ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»
6
دوای ئەوەی کە فێستۆس هەشت بۆ دە ڕۆژێک لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت و فەرمانی دا پۆڵس بهێنن.
7
کاتێک کە هێنایان، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لێی کۆبوونەوە و تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.
8
ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»
9
بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»
10
پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، وەک چۆن خۆت باش دەزانیت.
11
ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»
12
دوای ئەوەی کە فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکارانی قسەی کرد، گوتی: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»
ڕاوێژی فێستۆس بە ئەگریپاس 
13
دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن.
14
کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت.
15
کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت.
16
«جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت.
17
کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم و فەرمانم دا کە پیاوەکە بهێنن.
18
کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تۆمەتێکی وایان نەدایە پاڵی کە من چاوەڕێم دەکرد،
19
بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە ئایینەکەیان و پیاوێکی مردوو بوو بە ناوی عیسا، کە پۆڵس دەڵێت زیندووە.
20
کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەسەر ئەم شتانە دادگایی بکرێت.
21
بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپراتۆر بهێڵدرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»
22
ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.»
23
بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە پێشوازییەکی گەورە و شکۆدارەوە هاتن و لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شاردا هاتنە هۆڵی گوێگرتن. فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا.
24
فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووان کە لەگەڵماندان، ئەم پیاوەی دەیبینن، ئەو کەسەیە کە هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە و هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت.
25
بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپراتۆر، بڕیارم دا بینێرم بۆ لای.
26
لەبەر ئەوەی لەبارەی ئەمەوە شتێکم نییە کە بە دڵنیاییەوە بۆ قەیسەری خاوەن شکۆی بنووسم، بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم،
27
چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»